رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عێراق لە نووسراوێکدا هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی دانپێدانان بە زانکۆ ئەهلییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات ئەگەر وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان دان بە زانکۆکانی ئەواندا نەنێت.گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراقیش دەڵێت، "هۆکارەکە ئەوەیە هەرێمی کوردستان دان بە بەشێک لە زانکۆ ئەهلییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە عێراق نانێت."
وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق رۆژی 24ـی مانگی ئابی 2023 نووسراوێکی بە ژمارە (11/4/ت) بۆ ئەنجوومەنی خزمەتی گشتیی فیدراڵیی بەناونیشانی "دامەزراندنی دەرچووانی هەرێمی کوردستان"ـی تایبەت بە زانکۆ و کۆلێژە ئەهلییەکانی هەرێمی کوردستان ناردووە و تێیدا هاتووە: "پیشتر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی کوردستان راگەیێندراوە کە پێویستە دان بە سەرجەم زانکۆ و کۆلێژە ئەهلییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستاندا بنێن وەکو ئەوەی لەگەڵ دەستوور و یاسادا گونجاوە، بەپێچەوانەوە دانپێدانان بە سەرجەم زانکۆ و کۆلێژنە ئەهلییەکانی هەرێمی کوردستان بە رەچاوکردنی مامەڵەی هاوشێوەی، هەڵدەوەشێتەوە."
رۆژی سێشەممە، 5-9-2023، حەیدەر عەبودی، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عێراق، لەبارەی بڕیارەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان دان بە هەندێک لەو زانکۆیانەدا نانێت کە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقەوە دانیان پێدانراوە، ئەوەش وایکردووە دوو لیستی زانکۆکان هەبێت، بۆیە ئەو نووسراوە دەرکراوە کە مامەڵەکردنی هاوشێوەیە و ئەگەر هەرێمی کوردستان دان بەو زانکۆیانەدا نەنێت، ئێمەش دان بەو زانکۆیانەدا نانێین کە لای ئەوان دانپێدانراوە."
رۆژی سێشەممە، 08-08-2023، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ناوى ئەو زانکۆ و پەیمانگە تایبەتانەی بڵاوکردەوە کە لەبەر رۆشنایى یاساى زانکۆ تایبەتەکان لە پەرلەمانى کوردستان پەسندکراوە و لەلایەن وەزارەتەوە مۆڵەتیان هەیە.
بەگوێرەی ئەو لیستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا بڵاویکردووەتەوە، لە پارێزگای هەولێر هەشت زانکۆ و شەش پەیمانگەی تایبەت هەن؛ لە پارێزگای سلێمانی حەوت زانکۆ و سێ پەیمانگەی تایبەت هەن و لە پارێزگای دهۆکیش دوو زانکۆ و سێ پەیمانگەی تایبەت هەن.
ناوی ئەو زانکۆ و پەیمانگەیانەی مۆڵەتی وەزارەتی خوێندنی باڵایان هەیە:
زانکۆ تایبەتەکانى سنوورى هەولێر
- زانکۆى نێودەوڵەتیى تیشک
- زانکۆى جیهان - هەولێر
- زانکۆى لوبنانى فەرەنسى
- زانکۆى نۆڵج
- زانکۆى بەیان
- زانکۆى ئەربیلى نێودەوڵەتى
- زانکۆى کاسۆلیک
- کۆلێژى قەڵاى زانکۆیى بۆ دیراساتى ئایینى
زانکۆ تایبەتەکانى سنوورى سلێمانى
- زانکۆى ئەمریکى لە عێراق/ سلێمانى
- زانکۆى کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا
- زانکۆى گەشەپێدانى مرۆیى
- زانکۆى جیهان - سلێمانى
- زانکۆى نێودەوڵەتیى تیشک/ لقى سلێمانى
- زانکۆى قەیوانی نێودەوڵەتی
- کۆلێژى گۆیژەى زانکۆیى بۆ دیراساتى ئایینى
زانکۆ تایبەتەکانى سنوورى دهۆک
- زانکۆى جیهان - دهۆک
- زانکۆى نەورۆز
پەیمانگە تایبەتەکانى سنوورى هەولێر
- پەیمانگەى تەکنیکى تایبەتى رواندز
- پەیمانگەى نۆبڵى تایبەت
- پەیمانگەى تەکنیکى پایتەخت
- پەیمانگەى تەکنیکى تایبەتى ئایندە
- پەیمانگەى تەکنیکى هەیبەت سوڵتان
- پەیمانگەى تەکنیکى گەشەى تایبەت
پەیمانگە تایبەتەکانى سنوورى سلێمانى
- پەیمانگەى تەکنیکى کوردستان
- پەیمانگەى تەکنیکى تایبەت لە کەلار
- پەیمانگەى تەکنیکى ناشناڵ بۆ تەکنەلۆجیا
پەیمانگە تایبەتەکانى سنوورى دهۆک
- پەیمانگەى تەکنیکى دهۆکى تایبەت
- پەیمانگەى تەکنیکى ئاراراتى تایبەت
- پەیمانگەى تەکنیکى تایبەتى رواندز- لقى زاخۆ
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ