18ـی ئەیلوول دادگەی فیدراڵی تاوتوێی سکاڵای کاردیناڵ لویس ساکۆ دژی لەتیف رەشید دەکات

05-09-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کاردیناڵ لویس ساکۆ، پارتریارکی کلدانە کاسۆلیکەکانی عێراق و جیهان لە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵایەکی لە دژی سەرۆککۆماری عێراق تۆمارکردووە لەبارەی مەرسوومی کۆماری کە سەرۆککۆمار بۆ لەسەرکارلادانی لە مانگی تەممووزی ئەمساڵ دەریکرد، بڕیارە دادگەی فیدراڵی دوای دوو هەفتەی دیکە بۆ تاوتوێکردنی ئەو بابەتە کۆببێتەوە.

بەپێی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، بڕیارە دادگەکە رۆژی 18-9-2023، تاوتوێی سکاڵایەک بکات کە لەلایەن کاردیناڵ لویس ساکۆ، پارتریارکی کلدانە کاسۆلیکەکانی عێراق و جیهان لە دژی لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق تۆمارکراوە. 
 
سکاڵاکە ژمارە 186ـی فیدراڵیی 2023ـی هەیە، کاردیناڵ مار یوسف رۆفائیلی یەکەم ساکۆ، پارتریاکی کلدانەکان لە عێراق و جیهان تێیدا داوا لە دادگە دەکات، رێکارەکانی سەرۆککۆمار بە دەرکردنی مەرسوومی ژمارە 31ـی ساڵی 2023 بە نادروست هەژماربکرێت، چونکە لەو مەرسوومەدا سەرۆککۆمار بڕیاری کشانەوەی مەرسوومی ژمارە 147ـی کۆماریی ساڵی 2013ـی داوە کە بڕگەی یەکەمی دەڵێت "پەتریارک مار لویس رۆفائیلی یەکەم ساکۆ بە پەتریارکی کلدانەکانی عێراق و جیهان دادەمەزرێندرێت."
 
رۆژی سێشەممە، 5-9-2023، ستیفان شانی، بەرپرسی راگەیاندنی کەنیسەی کلدانە کاسۆلیکەکانی پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەسەرکارلادانی پارتریارک ستەمێکی گەورەیە لە کلدانەکانی عێراق و جیهان بەگشتی، بۆیە ئەو سکاڵایە بۆ گەڕانەوەی مافەکانە." 
 
رۆژی 3-7-2023، مەرسوومی ژمارە (31)ـی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لە ژمارەی (4727)ـی رۆژنامەی وەقائیعی عێراق بڵاوکرایەوە و تێیدا بڕیاری کشانەوەی مەرسوومی ژمارە (147)ـی ساڵی 2013ـی راگەیاند و تێیدا پلەی پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان لە کاردیناڵ لویس رافایل ساکۆ سەندرایەوە.
 
رۆژی 13-07-2023 نووسینگەی سەرۆککۆماری عێراق روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "بەشێک لە میدیاکان هەواڵێکیان بڵاوکردووەتەوە لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی مەرسوومی کۆماریی ژمارە (147)ـی ساڵی 2013 بۆ کەسایەتییەکی ئایینیی دیاریکراو. لێرەدا ئاماژە بەوە دەکەین کە پێشتر دوو مەرسوومی کۆماری بۆ دوو کەسایەتیی ئایینی دەرکراون، ئەوانیش هەروەها نوێ نەکرانەوە، چونکە هیچ بنەمایەکی دەستوورییان نەبووە، وەک چۆن هیچ مەرسوومێکی کۆماری نییە بۆ دامەزراندنی، چونکە مەرسوومی کۆماری تەنیا بۆ فەرمانبەران لە دامەزراوە و سەرۆکایەتی و وەزارەتەکان و ئۆرگانە حکومییەکان دەردەچێت."
 
کەنیسەی کلدانی بە یەکێک لە گەورەترین کەنیسەکانی عێراق دادەنرێت، بە گوێرەی خەمڵاندنەکان، ژمارەی کرستیانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان ئێستا 400 هەزار کەس تێناپەڕێنێت، لە کاتێکدا لەدوو دەیە لەمەوبەر ژمارەیان ملیۆنێک و 500 هەزار کەس بوو، بەڵام بەهۆی گرژی و ململانێکانەوە، کۆچیان کرد.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە