رووداو دیجیتاڵ
لە عێراق زیاتر لە حەوت ملیۆن ئۆتۆمبێل و نزیکەی 300 هەزار ماتۆڕسیکل و توک توک تۆمارکراون، گوتەبێژی وەزارەتی پلادانانی عێراقیش دەڵێت، بەهۆی زۆریی ئۆتۆمبێلەوە گوشارێکی زۆر لەسەر شەقامەکان دروستبووە.
عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەموو ساڵێک ژمارەی ئۆتۆمبێل لە عێراق زیاد دەکات، ئێستا نزیکەی 7 ملیۆن ئۆتۆمبێلی تۆمارکراو بە هەموو جۆرەکانییەوە هەن. ئەمە وێڕای ماتۆڕسیکل و توک توک کە ژمارەیان لەنێوان 250- 300 هەزارە. فەرمانگەکانی دەوڵەتیش نزیکەی 300 هەزار ئۆتۆمبێلی تۆمارکراویان هەیە.
بەگوتەی هینداوی، ئەو ژمارە زۆرەی ئۆتۆمبێل گوشارێکی زۆری بۆ سەر توانای شار و شەقامەکان دروستکردووە، بۆیە ئێستا حکومەت پلانی هەیە رێگەی بازنەیی و شەقامی نوێ دروست بکات بۆ لەخۆگرتنی ئەو ژمارە زۆری ئۆتۆمبێل، هەروەها هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلیش بەپێی پێویست بێت و هانی گواستنەوەی گشتی بدرێت بۆ کەمکردنەوەی جەنجاڵی شەقامەکان.
بەهۆی ئەنجامنەدانی سەرژمێریی گشتی لە عێراق لە دەیان ساڵی رابردوودا، بە دیاریکراوی ژمارەی دانیشتووانی عێراق نازاندرێت، بەڵام بەپێی داتاکانی وەزارەتی پلاندانان کە هینداوی بۆ رووداوی ئاشکراکردن، ژمارەی دانیشتووانی عێراق تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ دەگاتە 43 ملیۆن و 250 هەزار کەس بە هەرێمی کوردستانیشەوە.
لەلایەکی دیکەوە، ئەو حەوت ملیۆن و 300 هەزار ئۆتۆمبێلەی وەزارەتی پلاندانان دەڵێت تۆمارکراون، پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی لێ دەرکراوە. لەکاتێکدا بەپێی دوایین ئاماری هاتووچۆی هەرێمی کوردستان، "تاوەکو رۆژی 2022/03/31 لە هەرێمی کوردستاندا ملیۆنێک و 993 هەزار و 552 ئامێری گواستنەوە بە فەرمی تۆمارکراون کە ملیۆنێک و 973 هەزار و 778ـیان جۆرە جیاوازەکانی ئۆتۆمبێلن و 19 هەزار و 774یشیان ماتۆڕسکیلن."
بەپێی خەمڵاندنی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستانیش، تاکۆتایی ئەمساڵ ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەگاتە شەش ملیۆن و 550 هەزار کەس جگە لە ئاوارە و پەنابەران. ئێستا نزیکەی حەوت ملیۆن و 426 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان دەژین کە 660 هەزار ئاوارەو و 266 هەزاریان پەنابەرن.
بەپێی داتای وەزارەتی پلاندانانی عێراق ژمارەی دانیشتووانی بەغدا زیاتر لە نۆ ملیۆنە کەسە و رێژەی 21.1٪ کۆی دانیشتووانی عێراق پێکدەهێنێت، گوتەبێژی وەزارەتی پلادانان دەڵێت، زۆرترین قورسایی دانیشتووان لە بەغدای پایتەختە، ژمارەی ئۆمبێلەکانیشی لە هەموو پارێزگاکانی دیکە زیاترە.
بەگوتەی زیاد قەیسی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی عێراق، لە بەغدا سەرووی 200 هەزار ئۆتۆمبێل هەن و شەقامەکانی بەرگەی ئەو ژمارە زۆرەی ئۆتۆمبێل ناگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ