رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای زیقار، لە دوو ساڵی رابردوودا نزیکەی 20 کەس لەسەر کێشەی هۆزایەتی کوژراون، یەکێک لە هۆکارەکانی کوشتنەکانیش لەسەر کۆمێنتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە. وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە مانگی تەممووزەوە تائێستا 268 ناکۆکیی هۆزایەتیی یەکلا کردووەتەوە.
داخل عەبدولحوسێن مشرفاوی، بەڕێوەبەری ئۆفیسی کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق رۆژی یەکشەممە 05-11-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ململانێ و ناکۆکیی هۆزایەتی لە زیقار بووەتە قەیران و لە هەموو پارێزگاکان زیاترە. کێشەی هۆزایەتی بەردەوامە، بەم دواییانە لە قەزای روفاعی گەنجێک کوژرا.
بەڕێوەبەری ئۆفیسی کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق باس لەوە دەکات، لە ناسریەی ناوەندی پارێزگای زیقار، ناکۆکیی نێوان هۆزی سادە و سەوایح ئال غزی روویدا و قوربانیی لێکەوتەوە، کێشەکە فراوان بوو، لەدەست پۆلیسی زیقار دەرچوو، بۆیە حەوزەی زانستی و هەردوو مەزارگەی حوسێنییە و عەباسییە هاتنە نێو بابەتەکە بۆ چارەسەرکردن.
بە گوتەی داخل عەبدولحوسێن مشرفاوی، "لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، نزیکەی 20 کەس لە زیقار لەسەر کێشەی هۆزایەتی کوژراون، زۆربەی کوژراوەکان لە نائاگایی کوژراون، نەک بە رووبەڕووبوونەوەی چەکداری."
لەبارەی هۆکارەکانی ناکۆکیی هۆزایەتی، ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤ گوتی، "دیارترین هۆکارەکانی کێشە و ململانێیەکان لەسەر زەوی، شەرەف، ململانێ لەسەر دەسەڵات و پۆست و پلەن، هەروەها کێشەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کۆمێنتکردنە لەسەر وێنە و سیمبوول و پیاوانی هۆزەکان."
رۆژی یەکشەممە 05-11-2023 وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاویکردەوە، لە مانگی تەممووزەوە تائێستا 268 ناکۆکیی هۆزایەتی یەکلا کردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ