لە فڕۆکەخانەکانی عێراق ڤەیپ و چەرخ قەدەخە دەکرێن

05-11-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بردنى چەرخ و ڤەیپ بۆ نێو فڕۆکە لە فڕۆکەخانەکانى عێراق لەلایەن گەشتیارانەوە قەدەخە دەکرێن و بەڕێوەبەرى راگەیاندنى یەکێک لە فڕۆکەخان دەڵێت، "بڕیارەکە دەرکراوە و گشتاندنى ماوە بۆ ئەوەى جێبەجێ بکرێت."
 
رۆژی 5ى تشرینى دووەمى 2023، هەردى سەمەد، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "دەسەڵاتى فڕۆکەوانیى عێراق بڕیاریداوە چیدیکە رێگە نەدرێت گەشتیاران چەرخ و ڤەیپ لەگەل خۆیاندا ببەنە ناو فڕۆکەوە لەکاتى گەشەتەکانیاندا." 
 
بەڕێوەبەرى راگەیاندنى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى کەرکووک ئاماژەى بەوەشدا کە بڕیارەکە دەرکراوە و هەموو فڕۆکەخانەکانى عێراق دەگرێتەوە، بەڵام هێشتا گشتاندنى بۆ نەکراوە و لە دواى ئەو گشتاندنە دەکەوێتە بوارى جێبەجێکردن. گوتیشى: "لە هۆڵى چاوەڕوانى فڕۆکەخانەکان بەکارهێنانى چەرخ و ڤەیپ ئاساییە، بەڵام نابێت گەشتیاران بیبەنە ناو فڕۆکەوە."
 
لە عێراق شەش فڕۆکەخانەى فەرمى هەن کە لەژێر دەسەڵاتى فڕۆکەوانیی عێراقن کە گەشتى نێوخۆیی و دەرەکیان لێوە دەکرێت، کە پێکهاتوون لە فڕۆکەخانەکانى بەغدا، هەولێر، سلێمانى، کەرکووک، نەجەف و بەسرە.
 
بەڕێوەبەرى راگەیاندنى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى کەرکووک ئاشکرایکرد، پێشتر بەکارهێنانى بارگاویکەری مۆبایل و پاوەربانک لەنێو فڕۆکەخانەکان قەدەخەکراوە. 
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە