بەرگریی شارستانیی نەینەوا: 150 هۆڵمان داخستوون

05-11-2023
نەهرۆ محەممەد
هۆڵی هەیسەم کە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ ئاگر تێیدا کەوتەوە و سووتا
هۆڵی هەیسەم کە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ ئاگر تێیدا کەوتەوە و سووتا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی نەینەوا رایگەیاند، 160 پڕۆژە لە نەینەوا مەرجی سەلامەتییان تێدا نەبووە. هەروەها ئاشکرای کرد، بەهۆی نەبوونی مەرجی سەلامەتییەوە 150 هۆڵیان داخستووە و بەبێ بەرگریی شارستانیش هیچ پڕۆژەیەک مۆڵەتی پێنادرێت.
 
عەمید خالد سەروەت، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستاینی نەینەوا رۆژی یەکشەممە 05-11-2023ی لە پرۆگرامی نووڕۆژی رووداودا رایگەیاند، بەرگریی شارستانی بەدواداچوون بۆ سەرجەم پڕۆژەکان دەکات، کە ئایا مەرجی سەلامەتییان تێدایە یان نا، بۆ ئەم مەبەستەش پڕۆژەکانی بۆ سێ پۆل دابەشکردووە (ئەلف، با و جیم). هەر باڵەخانە و دامەزراوەیەک کە دروستدەکرێت دوو دەرخستە و پشکنینی بۆ دەکرێت، لە دەرخستەی یەکەم تێبینییە نەرێنییەکان تۆمار دەکرێن، دوای شەش مانگی دیکە دەرخستە و پشکنینی دووەمی بۆ دەکرێت بە دواداچوونی کارەکان و چارەسەرکرنی کەموکورتییەکان دەکرێت.
 
پرۆژەی ئەلف، پرۆژە گەورە ستراتیژییەکان دەگرێتەوە، وەکو کارگە و دامەزراوە و نەخۆشخانەکان. پرۆژەی بێ، چێشخانە، هۆتێل، وێستگەکانی سووتەمەنی و هۆڵەکان دەگرێتەوە. هەرچی پۆلی جیمە، پرۆژە سادە و ئاساییەکان دەگریتەوە.
 
عەمید خالد سەروەت دەڵێت، دوای رووداوەکەی حەمدانیە، گەڕان و پشکنینی فراوان بۆ هەموو پرۆژەکانی نەینەوا  دەستیپێکرد، سەرنج و تێبنییەکان جێگیر کران، سەرەتا هەموو ئەو پرۆژانە داخران کە سەرپێچییان تێدابوو و رێکاری یاسایی گیرایەبەر. 160 پرۆژە لە نەینەوا مەرجی سەلامەتییان تێدا نەبووە، تائێستاش هەڵمەتەکانیان لە تەواوی پارێزگاکە بەردەوامە.
 
عەمید خالد سەروەت دەڵێت، 150 هۆڵ و ژمارەیەکی زۆر پرۆژە داخراون، بەڵێننامە بە خاوەنەکانیان پڕکراوەتەوە بۆ ئەوەی لەماوەی سێ مانگدا کەموکورتییەکانیان چارەسەر بکەن، مەرجەکانی سەلامەتی جێبەجێ بکەن بۆ پاراستنی هاووڵاتیان، لە ئەگەری جێبەجێ نەکردنی مەرجەکان پرۆژەکە دادەخرێت، لەوانە دانانی ئاگرکوژێنەوە.  نابێت ئامادەی گڕگرتوو بەکاربێت وەک ئەلیکۆبۆن و ساندەوچ پەنەل، سیستمی ئاگادارکردنەوە هەبێت لە دژی دووکەڵ و هاوشێوەکانی، سسیتمی ئاگرکوژێنەوە و هەموو کەرەستەکانی خێرا کۆنترۆڵکردنی ئاگری تێدابێت.
 
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی نەینەوا،  جەخت لەوەدەکاتەوە، "هیچ پرۆژەیەک مۆڵەتی دامەزراندنی پێنادرێت، تاوەکو بەرگریی شارستانی رەزامەندی لەسەر نەدات، پێویستە  هەموو مەرجەکانی سەلامەتی تێدابێت."
 
شەوی 26-09- 2023، ئاگر لە هۆڵێکی بووکگواستنەوە لە قەزای حەمدانییە لە پارێزگای نەینەوا کەوتەوە، بەهۆیەوە 132 کەس گیانیان لەدەستدا و 150ی دیکەش برینداربوون، تائێستا زیاتر 60 بریندار لە نەخۆشخانەکانی هەولێر و دهۆک  چارەسەر وەردەگرن و 12 برینداریش لە نەخۆشخانەکانی تورکیان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە