زیادبوونی هەژموونی شیعە، پەرتبوونی سوننە و بەفیڕۆچوونی دەنگی کورد لە نەینەوا

05-11-2025
سیروان عەباس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە ناوەندی پارێزگاکە (شاری موسڵ) و قەزا و ناحیەکانی پارێزگای نەینەوا، دەیان هەزار وێنەی بەربژێرانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هەڵواسراون، لەو پارێزگایەی کە 405 کیلۆمەتر لە بەغدای پایتەختەوە دوورە و دانیشتووانە رەسەنەکەی، عەرەب، کورد، تورکمان و کریستیانن.
 
نەینەوا گەورەترین قوربانیی دەستی داعشە، بەو پێیەی لە حوزەیرانی 2014دا، ئەو گرووپە چەکدارە تووندئاژۆیە، سنووری قەڵەمڕەوییەکەی لە داگیرکردنی موسڵەوە دەستپێکرد تاوەکو توانیی سێیەکی عێراق کۆنترۆڵ بکات، تاکە شار کە تاوەکو دوا ساتەکان تێیدا مایەوە، موسڵی ناوەندی پارێزگای نەینەوا بوو.
 
ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای نەینەوا و ناوەندەکەی، شاری موسڵ، زیاتر لە چوار ملیۆن و 500 هەزار کەسە، بەپێی نووسینگەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە نەینەوا، 1047 بەربژێر کێبڕکێ دەکەن، کە 282یان ژنن و نوێنەرایەتی 37 لیستی هەڵبژاردن دەکەن کە سەر بە حیزب و نۆ هاوپەیمانێتین، کێبڕکێ دەکەن لەسەر 34 کورسی کە پشکی پارێزگاکەیە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق و سێیان بۆ کۆتایە.
 
لەنێوان ئەو لیستانەدا 14 لیستی "کۆتا" هەن کە نوێنەرایەتیی کریستیان، کوردانی شەبەک و ئێزیدی دەکەن و کێبڕکێ دەکەن بۆ بردنەوەی سێ کورسیی پەرلەمان.
 
24 لیست لە نەینەوا بەشدارن کە "لە دەرەوەی پارێزگاکەن"
 
محەمەد عەبد رەبو، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە پارێزگای نەینەوا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "نزیکەی 24 لیستی هەڵبژاردن لە نەینەوا بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمان دەکەن، کە سەر بە پارێزگاکە نین." پاشان باسی لە بوونی ململانێیەکی سیاسی لە دەرەوەی نەینەوا کرد بۆ کۆنترۆڵکردنی پارێزگاکە و داهاتەکانی.
 
ئاماژەی بەوەدا کە چەندین هۆکار بۆ ئەم ململانێیە هەن، لەوانە "خواستی هەندێک لە پارتەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئابووری پارێزگاکە." چەند نموونەیەکی هێنایەوە کە پەیوەندییان بە دەستبەسەرداگرتنی زەوی لەلایەن حیزبەکانی دەرەوەی پارێزگاکە هەیە، هەروەها بوونی نووسینگەی ئابووری سەر بە حیزبەکان. "ئەم نووسینگانە پشکێکی زۆر لە پڕۆژە حکومییەکان بەدەست دەهێنن."
 
نەجم جبووری، پارێزگاری پێشووتری نەینەوا، کە بەربژێرێکی دیارە لە لیستی "نەینەوا لیئەهلیها"، باس لە بوونی زیاتر لە 20 لیستی هەڵبژاردنی سەرەکی لە نەینەوا دەکات کە تەنیا چواریان لە پارێزگاکەن، ئەوانی دیکە لە دەرەوەی پارێزگاکەن.
 
دەڵێت، "هەست بە مەترسی دەکەم لەسەر ناسنامەی نەینەوا، چونکە کاتێک لە شەقامەکانی پارێزگاکەدا دەڕۆیت، وێنەی سەرکردەکان دەبینیت کە هیچ پەیوەندییەکیان بە نەینەواوە نییە."
 
سوفیان جبووری، بەڕێوەبەری راگەیاندنی نووسینگەی هەڵبژاردنەکانی نەینەوا، لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، بەڵێ لیستگەلێک هەن کە سەرۆکەکانیان لە دەرەوەی پارێزگای نەینەوان، بەڵام ژمارەیان تەنیا حەوتە: "بەڵام بەربژێرەکانیان لەناو پارێزگای نەینەوان."
 
لیستەکان بە سەرکردایەتی سوننە و شیعە و کورد
 
لەنێو لیستە عەرەبییەکانی نەینەوادا، چەند ناوێک هەن کە بە "بەهێز" وەسف دەکرێن و ململانێ لەسەر بردنەوەی زۆرترین کورسی دەکەن، دیارترینیان ئەمانەن: نەینەوا لیئەهلیها و حەسمی نیشتمانی، کە دیارترین کەسایەتییەکانیان سابت عەباسی، وەزیری ناوخۆ و نەجم جبووری، پارێزگای پێشووی نەینەوا و عەجیل یاوەر، شێخی هۆزی شەممەرە. هاوپەیمانی نەینەوا یەکەمە، بە سەرۆکایەتی شێخ راکان راشد تەحان، کە خەڵکی پارێزگای نەینەوایە. حیزبی لیوای نیشتمانی، بە سەرۆکایەتی زیا عەزاوی و حیزبی "مەدەنیوون" کە پەرلەمانتار ئەحمەد عەبدوڵڵا جبووری، سەرکردایەتی دەکات، کە خەڵکی باشووری موسڵە.
 
ئەم لیستانە کێبڕکێ لەگەڵ لیستی "ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدان" دەکەن کە سەرۆکوەزیرانی عێراق محەممەد شیاع سوودانی  سەرۆکایەتی دەکات، کە شیعەیە و خەڵکی پارێزگای مەیسانە.
 
هەروەها لیستی "رێکخراوی بەدر" کە پایەیەکی سەرەکییە لە هاوپەیمانێتی چوارچێوەی هاوئاهەنگی.  لیستی "ئەساسی عێراقی" کە موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان سەرۆکایەتی دەکات، کە ئەویش خەڵکی ناوەڕاستی عێراقە.
 
لیستی "هاوپەیمانی حەدبای نیشتمانی" کە نووری مالیکی پێکی هێناوە، کە سەرکردەیەکی شیعەیە و سەرۆکایەتی حیزبی دەعوەی ئیسلامی دەکات و، سەرۆکوەزیرانی پێشووە بۆ دوو خولی یەک لە دوای یەک و پایەیەکی سەرەکییە لە هاوپەیمانێتی چوارچێوەی هاوئاهەنگی.
 
لە هەمان بازنەدا، چەندین لیستی سوننە هەن کە سەرۆک و سەرلیستەکانیان خەڵکی دەرەوەی پارێزگای نەینەوان، لەوانە:
 
لیستی تەقەدووم، بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمان، کە خەڵکی ئەنبارە.
 
لیستی سیادە، بە سەرۆکایەتیی خەمیس خەنجەر کە ئەویش خەڵکی ئەنبارە.
 
لیستی عەزم، بە سەرۆکایەتیی موسەننا سامەڕائی، کە سوننەیە و خەڵکی سامەڕایە.
 
لیستی حیزبی جەماوەری نیشتمانی، بە سەرۆکایەتی ئەحمەد جبووری - ئەبو مازن، کە کەسایەتییەکی سیاسییە لە سەلاحەدین.
 
حیزبی عومران، کە شێخ ئیبراهیم دلێمی سەرۆکایەتیی دەکات، کە سوننەیە و خەڵکی پارێزگای ئەنبارە.
 
حیزبی ناسنامەی نیشتمانی، بە سەرۆکایەتی رەیان کلدانی، کە کەسایەتییەکی کریستیانە و فەرماندەی میلیشیای بابلیۆنە، سەرکردایەتیی دەکات کە سەر بە حەشدی شەعبییە و لە چەندین پارێزگا بەشداری کێبڕکێ دەکات و وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا لە ساڵی 2019دا ئەو و سێ کەسایەتی دیکەی عێراقی خستە ناو لیستی رەشەوە بە تۆمەتی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و گەندەڵی.
 
یەکەم لیستی کوردی ئێزدی لە نەینەوا
 
لە نەینەوا بۆ یەکەمجار لیستێکی ئێزدی بە ناوی 'هاوپەیمانی دۆزی ئێزدی' دەرکەوت کە کێبڕکێ لەسەر کورسییەکانی پارێزگاکە دەکات لە دەرەوەی کۆتا و، کۆمەڵێک کەسایەتی ئێزیدی لە قەزای شنگال و ناوچەکانی دیکەی ئێزدی نشێن لە نەینەوا لەخۆ دەگرێت.
 
هەروەها پارتی دیموکراتی کوردستان کە هاوپەیمانێتییەکەی لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا نۆ کورسی بەدەستهێنا وەک دیارترین هێز لە ناوچە کوردییەکانی نەینەوا، بەشداری کێبڕکێ دەکات.
 
لیستی "یەکێتیی خەڵکی نەینەوا" کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان پێکی هێناوە.
 
لیستی حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان کە محەمەد حاجی مەحموود سەرکردایەتی دەکات، کە خەڵکی سنووری هەڵەبجەیە.
 
لیستی نەوەی نوێ، بە سەرۆکایەتی شاسوار عەبدولواحید.
 
مەترسییەکانی دابەشبوونی نەینەوا
 
بەشێک لە سیاسییەکانی نەینەوا پێیان وایە، ئامانجی دوورمەودای هەندێک لە هێزەکان، کە لە دەرەوەی نەینەواوە هاتوون و کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی کورسی و ڕیاری سیاسی و ئیداری لە پارێزگاکەدا، دابەشکردنی نەینەوایە بۆ چەندین پارێزگا لەسەر بنەمای نەتەوەیی و تائیفی. 
 
مەترسییەکانیان پشت بە بانگەوازێک دەبەستێت کە کوتلەی پەرلەمانیی بەدر، لە نیسانی 2025دا بڵاوی کردەوە، بۆ دابەشکردنی نەینەوا بۆ چەندین پارێزگا، بەتایبەت لەو ناوچانەی کە کەمینەکانی تورکمان، کوردی ئێزدی و شەبەک و مەسیحییەکان لەخۆ دەگرێت.
 
هێزە شیعەکانی دیکە پشتگیری لە گۆڕینی قەزای تەلەعفەری رۆژئاوای نەینەوا دەکەن بۆ پارێزگا کە جگە لە تورکمان پێکهاتەکانی شەبەک و مەسیحی و ئێزیدیش لەخۆ بگرێت.
 
وەعد قەدو، کە پەرلەمانتارێکی عێراقییە لە پێکهاتەی شەبەکی شیعە، لەو کاتەدا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا کە لە ئەنجوومەنی نوێنەران ئەنجامیدا، دوای دەنگدان لەسەر راگەیاندنی هەڵەبجە وەک پارێزگا، گوتی: "ستەمێکی زۆر گەورە بەرامبەر ناوچەکانی تەلەعفەر و شنگال و دەشتی نەینەوا کراوە لەلایەن ئیدارە خۆجێییەکان و پارێزگارانی پێشووی نەینەواوە، ئەمەش ناچارمان دەکات پارێزگایەکی نوێ دروست بکەین کە دادپەروەر بێت بەرامبەر پێکهاتەکانی نیشتەجێی ئەوێ".
 
بەدر، لە هەڵبژاردنەکانی ئێستادا، بە لیستێک بەشداری دەکات کە تیشک دەخاتە سەر راکێشانی دەنگی تورکمانەکانی تەلەعفەر و شەبەکەکانی دەشتی نەینەوا. سەرکەوتنی لەوانەیە رێ خۆش بکات بۆ چڕکردنەوەی داواکانیان بۆ دروستکردنی پارێزگایەکی نوێ کە تەلەعفەر لە سنوورەکانی ئێستای نەینەوا داببڕێت.
 
بەهەدەر چوونی زیاتر لە 22 هەزار دەنگی کورد لە نەینەوا
 
لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە ساڵی 2023 دوو لیستی کوردستانی توانییان کورسی ئەو ئەنجوومەنە بەدەستبهێنن.
لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بە 141 هەزار و 52 دەنگ چوار کورسی بەدەستهێنا، لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە 50 هەزار و 606 دەنگ دوو کورسی بردەوە.
 
جگە لەو لیستە کوردستانییانە پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان و سێ بزووتنەوەی ئێزدی و پارتێکى شەبەک و چەند بەربژێرێکی کۆتای شەبەک و ئێزدی دەنگیان بەدەستهێنا بەبێ ئەوەی کورسی ببنەوە.
 
تێکڕای ئەو دەنگانەی کورد لە نەینەوا کە بەبێ کورسی ماونەتەوە گەیشتە 22 هەزار و 280 دەنگ.
 
حەوت کوردی ئێزدی خۆیان بۆ کورسی کۆتا بەربژێر کردووە
 
حەوت کوردی ئێزدی خۆیان بۆ تاکە کورسیی کۆتای ئێزدییەکان لە سنووری پارێزگای نەینەوا بەربژێر کردووە، یەکێک لە بەربژێرەکان دەڵێت، پشکیان کەمە و پێویستە لایەنی کەم بکرێتە چوار کورسی، هاوپەیمانییەکی ئێزدییش بە لیستێکی تایبەت و بە 32 بەربژێرەوە بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکات.
 
لە پەرلەمانی عێراق، 9 کورسی بۆ کۆتای پێکهاتەکان دیاریکراوە، یەکێکیان بۆ کوردانی ئێزدییە، کورسییەکەش دەکەوێتە بازنەی نەینەوا.
 
حەوت بەربژێر کێبڕکێ لەسەر ئەو کورسییە دەکەن، کە بریتین لە:
 
- خەیری ناسر رەشۆ قاسم (ژمارە: 295)
- نایف خەلەف سەیدۆ شەمۆ (ژمارە: 298)
- خالید سەیدۆ عوزێر خەلەف خالیدی (ژمارە: 301)
- قەیسەر حەیدەر کالۆ سلێمان (ژمارە: 306)
- حوسێن سەعید حەجی ئیلیاس (ژمارە: 315)
- خەلەف قەرۆ سلێمان مەتۆ (ژمارە: 316)
- سائیب خدر نایف فارس (ژمارە: 334)
 
خالید سەیدۆ عوزێر، یەکێک لە بەربژێرەکان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پشکی کۆتای ئێزدییەکان لە پەرلەمانی عێراق زۆر کەمە، پێویستە لایەنی کەم چوار کورسی بۆ کۆتای ئێزدی تەرخان بکرێت."
 
کوردی ئێزدی، مەسیحی و تورکمان گلەییان لە کەمی نوێنەرایەتییان هەیە لە پەرلەمانی عێراق، خالید سەیدۆ دەڵێ: "ئەگەر سەربکەوم دەبمە دەنگ و رەنگی راستەقینەی ئێزدییەکان و بەرگری لە مافەکانیان دەکەم.''
 
خالید خالیدی، ئاماژەی بەوەش کرد، هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی ئێزدیی رفێنراو چارەنووسیان نادیارە، دوای ئەوەی لە ساڵی 2014ـدا لەلایەن چەکدارانی داعشەوە رفێنران. هەروەها ژمارەیەکی زۆریان قەرەبوو نەکراونەتەوە و شایستەی دارایی خۆیان وەرنەگرتووە، بۆیە پێشینەی کارەکانم ئەو مافانە دەبێ."
 
سێ کاکەیی لە نەینەوا بەربژێرن
 
لە سنووری بازنەی نەینەوا، سێ کوردی کاکەیی خۆیان بۆ کورسی کۆتا بەربژێر کردووە.
ئەحلام رەمەزان و غازی فەیسەڵ، لەسەر لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
غازی خەلیل، لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان.
 
51 بەربژێری شەبەک لە نەینەوا رکابەرى دەکەن، 6یان لە لیستە کوردستانییەکانن
 
47 بەربژێری شەبەک بەسەر 8 لیستی رکابەر دابەش بوون بە کورد و سوننە و شیعەوە، رکابەری لەسەر کورسیی گشتیی پارێزگاکە دەکەن، 6یان لەنێو لیستى یەکێتى و پارتی دان، چوار بەربژێری دیکەیان رکابەری لەسەر یەک کورسیی کۆتای پارێزگاکە دەکەن بۆ پەرلەمانی عێراق.
 
بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە پارێزگای نەینەوا گەرمتر بووە، بەهۆی زۆریی کورسی و فرەیی نەتەوە و پێکهاتەکانیەوە.
 
بۆ کورسیی کۆتای شەبەک، چوار بەربژێری تاک هەن رکابەریی بەدەستهێنانی کورسییەک دەکەن، بەڵام بەربژێرانی شەبەک بەسەر لیستە رکابەرەکانی دیکەدا دابەش بوون بۆ ئەوەی لە رێگەیەوە کورسیی گشتی پشکى پارێزگاکە بەدەستبهێنن کە 31 کورسییە.
 
6 بەربژێر لە لیستی یەکێتی و پارتی
 
پارتی دیموکراتی کوردستان لە نەینەوا 61 بەربژێری هەیە، سێ لەو بەربژێرانە کوردی شەبەکن.
 
موسلیم قاسم کە یەکێکە لە بەربژێرانی شەبەک لە لیستی پارتی لە نەینەوا بە رووداوی راگەیاند، "پشت بە دەنگدەرانی دەشتی نەینەوا دەبەستین، زیاتر لە 300 هەزار کوردی شەبەک لە نەینەوا هەن، پێشبینی دەکەین لە 35 هەزار یان زیاتر لەو ژمارەیەش بەشداریی هەڵبژاردن بکەن."
 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش سێ بەربژێری کوردی شەبەک لەنێو لیستەکەیدایە کە بە ناوی هاوپەیمانیی یەکێتیی ئەهلی نەینەوایە.
 
یونس ئەحمەد شەبەک، یەکێک لە بەربژێرانی شەبەک لە لیستەکەی یەکێتی بە رووداوی راگەیاند: "پشت بە دەنگی پێکهاتەکانی دیکەش دەبەستین، چونکە ناوچەکانمان تێکەڵە لەگەڵ پێکهاتەی دیکە و پێکەوە دەژین، بەتەنیا ناتوانین پشت بە دەنگی پێکهاتەکەی خۆمان ببەستین."
 
41 بەربژێری دیکە
 
کوردانی شەبەک زیاتر لە قەزای باشیک و ناحیەی بەرتلەی دەشتی نەینەوا نیشتەجێن، جگە لە لیستی یەکێتی و پارتی، 41 بەربژێری دیکەی شەبەک لەنێو لیستە سوننە و شیعەکانی دیکەی نەینەوان.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو لە لیستی حەدبا 15 بەربژێریان هەیە کە لە 6 پارت و هاوپەیمانێتیی شیعە پێکهاتوون، سەرەکیترینیان لیستی دەوڵەتی یاسایە بە سەرۆکایەتیى نووری مالیکی.
 
لیستی رێکخراوی بەدر بە سەرۆکایەتیی هادى عامری، کە لیستێکی دیکەی شیعەیە، 13 بەربژێری شەبەکی لە نەینەوا هەیە کە یەکێکیان سەرلیستی ئەو لایەنە شیعەیە.
 
هاوپەیمانیی 'ئەساس' بە سەرۆکایەتیی موحسین مەندەلاوی کە ئەویش لە شیعەکان نزیکە، دوو بەربژێری شەبەکی هەیە.
 
لیستی هەویەی نیشتمانی سەر بە رەیان کلدانی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی بابلیون، دوو بەربژێری شەبەکی تێدایە.
 
تەنیا هاوپەیمانیی سوننە کە بەربژێری شەبەکی هەیە، هاوپەیمانیی عەزمە بە سەرۆکایەتیی موسەننا سامەڕایی کە یەک بەربژێری شەبەکى هەیە.
 
لە هەڵبژاردنی 2023دا، 30،730 دەنگ بۆ شەبەک بووە
 
لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە ساڵی 2023، شەبەک یەک کورسیی کۆتایان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بەدەستهێنا، محەممەد شەبەکى کورسییەی بردەوە، 14 هەزار و 440 دەنگی بەدەستهێنا.
 
ئەندامێکی دیکەی ئەنجوومەنی پارێزگا لەنێو لیستی هاوپەیمانیی حەدبای نیشتمانی بەناوی مەعاز حەجی عەباس بە 5662 دەنگ ئەندامێتیی ئەنجوومەنی پارێزگای مسۆگەر کردووە.
 
چوار بەربژێری دیکەی شەبەک لەو هەڵبژاردنە رکابەرییان کردووە و بە هەموویان 10 هەزار و 628 دەنگیان بەدەستهێناوە.
 
بەوپێیە کۆی ئەو دەنگانەی بەربژێرانى شەبەک لە هەڵبژاردنی 2023 بەدەستیان هێناوە، 30 هەزار و 730 دەنگ  بووە.
 
بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشوو، شیعەکان کورسیی زیاتر دەبەنەوە
 
محەممەد غەسوب، لێکۆڵینڤان لە پارێزگای نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند: "لایەنە شیعەکان لە هەڵبژاردنی 11ـی تشرینی دووەمی 2025، بەراورد بە هەڵبژاردنی 2021 کورسیی زیاتر بەدەست دەهێنن." هۆکارەکەشی بۆ "دەسەڵات، پارە و چەکی لایەنە شیعەکان" گەڕاندەوە.
 
محەممەد غەسوب دەڵێ، "دوای 2017 کاتێک موسڵ لە دەست داعش رزگارکرا، گوتارە یەکگرتووەکەی سوننە نەما. سوننە بە داعش و بەعسیبوون تۆمەتبار دەکرێن".  غەسوب روونیکردەوە: "لایەنە شیعەکان بەمەش نەوەستاون، هەوڵ دەدەن هۆزەکانیش بترسێنن و تۆمەتی داعشبوونیان بدەنەپاڵ."
 
بەپێی گوتەی ئەو: "هەندێک سەرلیستی سوننە هەن خۆیان ژێربەژێر سەر بە چوارچێوەی هاوئاهەنگین، بەڵام بانگەشە بۆ سوننە دەکەن و کار دەکەن بۆ کۆکردنەوەی دەنگی سوننە، بەشێکیان سەرکردەی سوننە نین، دروستکراوی لیستە شیعەکانن."
 
چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە خولی پێنجەم 140 ئەندامی هەیە لە ئەنجوومەنی نوێنەران، هەرچەندە شیعەکان لە پارێزگاکان لیست و هاوپەیمانی جیاوازیان هەیە، بەڵام چوونیان بۆ ناوچە سوننەنشینەکان جێگەی سەرنجی خەڵکە.
 
محەممەد غەسوب پێیوایە: "ئەوان بۆشاییان هەیە لە پارێزگا زۆرینە شیعەکان و خەڵک متمانەی پێیان نەماوە، بۆیە ئەو بۆشاییە لە پارێزگا سوننەکان پڕ دەکەنەوە.'' نموونە بە قسەی سەرۆکی شارەوانیی نەینەوا دێنێتەوە و دەڵێ "پێشێلکارییەکانی پۆستەری بەربژێرە شیعەکان لەو شوێنانە لابدات پێشێلکاری کراوە، بەهۆی ئەوەی گوشاری لەسەریەتی."
 
سوننەکان لە نەینەوا بە 11 لیست و 602 بەربژێر کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی 31 کورسیی شارەکە. لە بەرامبەردا شیعەکان بە 4 لیست و 240 بەربژێری نێو لیستەکانیان و لە پاڵ ئەمەش بە چەندین بەربژێری سەربەخۆ چاویان لە 3 کورسی کۆتاکانی کریستیان،  کوردی ئێزدی و شەبەکە، جگە لە هەوڵی سەرخستنی بەربژێرەکانیان لەناو "قەڵای سوننە"، هاوکات زۆر بە رژدی کار دەکەن بەربژێرانی کریستیان و ئێزدی و شەبەکیش سەربخەن، بۆ ئەمەش کێبڕکێ لەگەڵ خودی ئەم سێ پێکهاتەیە و کوردیش دەکەن.
 
محەممەد کاکەیی: یەک بازنەیی و بەشداریی زۆری عەرەب زەنگی مەترسییە بۆ پێگەی کورد لە نەینەوا
 
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا رایدەگەیێنێت، گۆڕینی سیستمی هەڵبژاردن بۆ یەک بازنەیی و پێشبینیی بەرزبوونەوەی بەرچاوی رێژەی بەشداریی عەرەبی سوننە، دوو هۆکاری سەرەکین کە "پێگەی کورد لاواز دەکەن" و گەڕانەوەی دەنگدەرانی ئاوارە دەکەنە تاکە رێگەچارە. داوا لە پارتی و یەکێتی دەکات، "خەڵک هان بدەن و ئاسانکاری بکەن بۆ گەڕانەوەیان،" تاوەکو بتوانن بەشداری لە دەنگدان بکەن.
 
 محەممەد کاکەیی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، هۆکارەکانی ئەم مەترسییەی زیاتر بۆ رووداو شیکردەوە و گوتی، "لە هەڵبژاردنی رابردووی ساڵی 2021دا، نەینەوا دابەشکرابوو بەسەر هەشت بازنەدا و کورد توانی لە پێنج بازنەدا بوونێکی بەهێزی هەبێت و 11 کورسی مسۆگەر بکات. بەڵام ئەمجارە تەواوی نەینەوا کراوەتە یەک بازنە، ئەمەش دەنگی کورد پەرت دەکات."
 
هۆکاری دووەم، "پێشبینیی بەرزبوونەوەی رێژەی بەشداریی عەرەبی سوننەیە. لە رابردوودا باوەڕی ئەوان بە پرۆسەی دیموکراسی لاواز بوو، بەڵام ئەمجارە پێشبینی دەکرێت رێژەی بەشدارییان بگاتە سەرووی 60%، ئەمەش کێبڕکێکە بۆ کورد زۆر قورستر دەکات."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فڕۆکەخانەی بەغدا.

یەکەم گەشتی راستەوخۆ لە نێوان بەغدا و کۆپنهاگندا دەکرێت

یەکەم گەشتی ئاسمانیی راستەوخۆ لە نێوان فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و کۆپنهاگنی دانیمارک دەکرێت، کە دەبێتە دووەم گەشتی راستەوخۆ لە نێوان فڕۆکەخانەکەی عێراق و وڵاتانی ئەورووپا لە ماوەی هەفتەیەکدا.