رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا بڵاویکردەوە، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا رێگەپێدانی فەرمی بە هێزی ئاسمانیی عێراق دا، کە بە بەکارهێنانی فرۆکەی ئێف16 و ئەی سی-208 ئێس بۆردوومانەکانیان بکەن.
فەرماندەکە بڵاویکردەوە، هێزی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دوای 8 هەفتە لە راهێنان، رێگە بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەدات، کە سەربەخۆیانە بۆردوومانی ئاسمانی مۆڵگەکانی داعش بکەن.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "کارمەندانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە سەرکەوتوویی خولی بە ئامانجگرتنیان تەواو کرد لە ژێر بارودۆخی سەخت و راستەقینەدا، ئەمەش لێهاتوویی خۆیان لە ئامانجگرتندا بەبێ پشتیوانی ئەمریکا یان کارمەندانی پیشان دا".
ستێڤن تی ریڤێرا، بەڕێوەبەری گرووپی راوێژکاری سەربازی بۆ هێزەکانی هاوپەیمانان دەڵێت، "ئەم دەستکەوتە ئامادەیی هێزە ئەمنییەکانی عێراق پیشان دەدات بۆ بەرپەرچدانەوەی سەربەخۆیانەی هەڕەشەکانی داعش لە هەر شوێنێکی عێراق." دەشڵێت، "ئەمە نموونەیەکی روونی هاوبەشییە سەرکەوتووەکەمانە لەگەڵ عێراقدا لەکاتێکدا کە لە قۆناخی راگوزەرین بۆ هاوبەشییەکی ئەمنی دوولایەنە."
هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، کە ساڵی 2014 دامەزراوە، ئەرکەکەی بریتییە لە راوێژکاری، یارمەتیدان و توانا بەخشین بە هێزە هاوبەشەکان لە شەڕی تێکشکاندنی داعشدا.
ریڤێرا گوتی، "هەڕەشەی ئاسایی داعش کەم بووەتەوە و چەکدارەکانی پەرش و بڵاون."
راشیگەیاند: "هێزەکانی دژە تیرۆری عێراقیش توانای خۆیان، شارەزایی و کەرەستەکانیان فراوانتر کردووە تاوەکو بە شێوەیەکی بەرچاو بە تواناتربن."
ساڵی 2014 داعش هێرشیکردە سەر عێراق و کانوونی یەکەمی 2017ش بە تەواوی لە عێراق تێکشکێندرا، بەڵام لەو کاتەوە شانە نووستووەکانی گرووپەکە هێرشی سنووردار دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ