رووداو دیجیتاڵ
تاوەکو ئێستا کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق نزیکەی 500 سزای دارایی و پێبژاردنی بەسەر پارت و بەربژێرەکاندا سەپاندووە.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆن، ئەمڕۆ چوارشەممە، 5-11-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێویستە هەموو لایەنە بەشداربووەکان راپۆرتی دارایی ورد پێشکێش بکەن."
بەپێی رێکارەکانی کۆمیسیۆن، پێویستە هەر پارتێک، هاوپەیمانییەک یان بەربژێرێکی سەربەخۆ، لە ماوەی 15 رۆژدا لە دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەی هەڵبژاردن، راپۆرتی خۆیان پێشکێش بە کۆمیسیۆن بکەن. ئەم راپۆرتە دەبێت میکانیزمەکانی خەرجکردنی پارەی بانگەشە، سەرچاوەکانی داهات و چۆنیەتیی خەرجکردنیان بەڕوونی تێدا بخاتەڕوو. هەروەها، پێویستە ژمێریارێکی پسپۆڕیش لە دوای تێپەڕبوونی 30 رۆژ، راپۆرتی کۆتایی لەبارەیەوە پێشکێش بکات.
عیماد جەمیل روونی کردەوە، چاودێرییەکەی کۆمیسیۆن هەموو خەرجییەکانی بانگەشەی گرتووەتەوە، لەوانە وێنە، پۆستەر، رێکلام و خەرجییەکانی تایبەت بە چاودێرانی لایەنەکان. ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن ئاماژەی بەوەش کرد، "زیادەڕۆیی لە هەڵواسینی وێنە و پۆستەرەکاندا رەنگە کاریگەریی نەرێنی لەسەر جەماوەری هەندێک لە بەربژێرەکان دروست بکات."
سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆن جەختی لە گرنگیی پابەندبوونی پارت و بەربژێرەکان بە پێشکێشکردنی دەرخستەی دارایی ورد کردەوە. بە گوتەی ئەو، ئەم دەرخستەیە دەبێت زانیاریی وردی لەبارەی داهات، سەرچاوەی دارایی، جۆری خەرجییەکان و گونجانیان لەگەڵ یاسا و رێنوێنییەکان لەخۆبگرێت. عیماد جەمیل گوتی، "ئەم هەنگاوانە بۆ دڵنیابوونە لە پاکی و بێگەردیی هەڵبژاردن و رێگریکردنە لە بەکارهێنانی پارەی سیاسی بۆ دروستکردنی کاریگەری لەسەر ئاراستەی دەنگدەران."
هەروەها ئاشکرای کرد، لە سەرەتای بانگەشەی هەڵبژاردنەوە کۆمیسیۆن سزای دارایی بەسەر 60 پارت و هاوپەیمانیدا سەپاندبوو، بەڵام دواتر ژمارەکە بۆ نزیکەی 500 سزا بەرز بووەتەوە. هەروەها سزای دارایی ئەو لایەنانەی سەرپێچییەکانیان دووبارە کردووەتەوە، بۆ دوو هێندە زیاد کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ