وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بۆ رووداو: بۆ تاوتوێکردنی رێگەی شەمەندەفەر سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەین

05-12-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەڵێت، بۆ تاوتوێکردنی پڕۆژەی رێگەی پەرەپێدان، سەرەتای ساڵی نوێ شاندی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات. 
 
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، رۆژی سێشەممە 05-12-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەرەتای ساڵی نوێ شاندی تەکنیکی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکانیان لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوەی هەرێمی کوردستان لەبارەی پڕۆژەی رێگەی پەرەپێدان.  
 
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق گوتی، دوێنێ دووشەممە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن لە بەغدا لەگەڵ رەزاق محێبس سەعدوای، وەزیری گواستنەوەی عێراق کۆبووەوە و پڕۆژەی رێگەی پەرەپێدانیان تاوتوێکرد.
 
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق گوتی، گفتوگۆ لەسەر رێگەی پەرەپێدان و ئەو پارێزگایانە کرا کە رێگەکە پێیاندا دەڕوات کە 11 پارێزگان و رێککەوتن گەڕی دووەمی گفتوگۆکان لە شاری هەولێر بەڕێوەبچن و ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەتای ساڵی نوێ شاندی تەکنیکی وەزارەت بۆ ئەو مەبەستە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات.
 
مەیسەم سافی دەڵێت، پرۆژەکە لە فاو دەستپێدەکات و لە سنووری زاخۆ دەچێتە نێو تورکیا و ئاماژەی بەوەشکرد، رووپێوی خاکی ئەو پارێزگایانە دەستیپێکردووە کە هێڵەکەی پێیاندا دەڕوات.
 
گوتەبێژەکەی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، هەندێک گرفت لەبەردەم جێبەجێکردنی پڕۆژەکەدا هەن و چارەسەر دەکرێن، وەک بوونی کێڵگەی نەوتی، ناوچەی مین و بۆمبڕێژکراو، ناوچەی شوێنەواری کە رێگەکە پێیاندا تێدەپەڕێت.
 
هێڵی ئاسنینی پرۆژەکە لە بەندەری فاو تاوەکو پێشابوور لە سنووری زاخۆ لە پارێزگای دهۆک بە درێژایی 1200 کم دەبێت. پلانەکە بەو جۆرەیە کە بە سێ قۆناخ جێبەجێ بکرێت؛ قۆناخی یەکەم ساڵی 2028 تەواو دەبێت؛ قۆناخی دووەم ساڵی 2038 و قۆناخی سێیەمیش ساڵی 2050.
 
بەرپرسانی عێراق دەڵێن، پڕۆژەکە لە قۆناخی یەکەمدا 100 هەزار هەلی کار دەڕەخسێنێت و ساڵانە 35 ملیۆن کۆنتێنەر و 22 ملیۆن تۆن کاڵا لە رێگەیەوە دەگوزارێتەوە.
 
تێچووی پڕۆژەکە 17 ملیار دۆلارە کە 10.5 ملیار دۆلار بە شەمەندەفەری پێشکەوتووی کارەبایی دەدرێت و 6.5 ملیار دۆلارەکەی دیکە تێچووی دروستکردنی هێڵەکەیە.
 
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، رۆژی 27-05-2023 باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەگەر رێگەکە بە هەرێمی کوردستاندا تێپەڕێت؛ یەکەم، پێویستی بە دوو ساڵی زیاتر دەبێت لەگەڵ سەرووی دوو ملیار دۆلاری دیکە بۆ تەواوکردنی؛ هەروەها پێویستی بە دەیان گەورە پرد و تونێل هەیە بۆ تێپەڕبوون بە دۆڵ و نێو چیاکاندا؛ بۆیە بە هۆکاری تەکنیکی، هێڵەکە بە ناوچەی دەشتایی تێدەپەڕێت. کاتێک رێگەکە لە ساڵی 2028 تەواوبوو، ئەوکاتە بە دڵنیاییەوە نیاز هەیە درێژببێتەوە بۆ هەولێر و سلێمانی بە رێگەی وشکانی لە رێگەی هێڵی ئاسنینەوە تاوەکو لە موسڵەوە بەیەکەوە گرێ بدرێن و کاڵا لە رێگەی پەرەپێدانەوە بگوازرێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان و بەپێچەوانەشەوە".
 
هەر لەوبارەوە یونس کەعبی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی هێڵی ئاسنینی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەم رێگەیە، شادەماری نێوخۆیی و نێودەوڵەتییە. هەرێمی کوردستان بەشێکی سەرەکیی عێراقە و دەروازەی بازرگانییە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ؛ بۆیە گرنگە هەرێمی کوردستان لەو پڕۆژەیەدا بەشداربێت. وردەکاری زۆر سەبارەت بە دیزاینەکەی بۆ بەستنەوەی بە هەرێمی کوردستان لە رێگەی هێڵی ئاسنینەوە هەیە".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە