رووداو - دیالە
لەنێو كۆڵانە تەسكەكانی یەكێك لە گەڕەكەكانی شارۆچكەی میقدادیە لە پارێزگای دیالە، تەرمی مێردمنداڵێك بەناوی لوئەی جەلیل لە توالێتی ماڵێكدا، کە بە زنجیر كۆت و بەند كراوە، دۆزرایەوە. وەكو دراوسێ و كەسە نزیكەكان دەیگێڕنەوە، باوك و زڕدایكی ئەشكەنجەیان داوە و لە خواردن و خواردنەوە بێبەشیان كردووە تاوەکو گیانی سپاردووە.
مستەفا عەدنان، دراوسێی مێردمنداڵەكە دەڵێت، "بۆ ماوەیەكی زۆر لەلایەن باوكی و زڕدایكیەوە لەنێو ماڵەكەیاندا كۆت و بەند كرابوو. خواردن و خواردنەوەی زۆر خراپیان پێدابوو. هیچ شتێكیان پێنەدەدا خۆی لەم سەرمای زستان بپۆشێت. بەشێوەیەكی مەترسیدار لە كوچەیەكدا جێیانهێشتبوو. ئەم مێردمنداڵە بێتاوانە هێشتا تەمەنی 14 ساڵی تێنەپەڕاندبوو بەهۆی برسێتی و سەرماوە، گیانی لەدەستدا".
موهەننەد ناسر، دراوسێی مێردمنداڵەكە ئاماژە بەوە دەکات، "لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان چووینە ماڵەكە، كاتێك زانیمان منداڵەكە گیانی سپاردووە. بینیمان لەشی شین هەڵگەڕابوو، شوێنەواری كۆت و بەندكردنی بە زنجیر لە دەست و قاچی دیاربوو. ئەمە تاوانێكی قێزەونە لە دژی منداڵێك كراوە. ئێمە و تەواوی دانیشتووانی ئەم گەڕەكە خەمبارین بەم رووداوەی بەسەر ئەم منداڵەدا هاتووە".
ئەم مێردمنداڵە بە جلوبەرگی هاوینە لەنێو كەشوهەوایەكی سەرماوسۆڵەی زستاندا گیانی لەدەستدا. ئەو هێشتا تەمەنی 14 ساڵ نەبووە. بە ئارامی لەلای دایكیەوە ژیانی بەسەردەبرد كە بەهۆی جیابوونەوەی لە باوكی و بەناچاری لە كەركووك لە ماڵی پووری دەژیا.
مستەفا ماجید، خاڵی مێردمنداڵەكە دەڵێت، "لە ژیانی خۆیدا خۆشیی بەخۆیەوە نەبینی و وەكو منداڵانی دیكە بە نازی دایك و باوكی و خێزانێك نەژیا بایەخی پێبدرێت. لە زۆر خۆشیی ئەم ژیانە بێبەش بوو. نازانین بۆچی باوكی بەم شێوە قێزەونە ئەشكەنجەی دەدا، لە كاتێكدا پێشتر مامەڵەی باشی لەگەڵدا دەكرد، بەڵام دوای هاوسەرگیریی دووەمی هەموو شتێك گۆڕا".
كەسوكاری مێردمنداڵەكە چاوەڕێی كۆتاییهاتنی لێكۆڵینەوەكان و ئەنجامی دادپزیشكین، بۆئەوەی هۆكاری راستەقینەی گیانلەدەستدانی لوئەی بزانن. باوكی و زڕدایكەكەشی كە تۆمەتبارن بە ئەشكەنجەدانی، تاوەکو تەواوبوونی رێكارە یاساییەكان، لە گرتووخانەدا دەستبەسەرن.
رووداوی گیانلەدەستدانی ئەو مێردمنداڵە ترس و دڵەڕاوكێی لە دڵی خەڵكی ناوچەکە دروستکرد، دیمەنی ئەشكەنجەكان دەرهەق بەو منداڵە كە هێشتا پێنەگەیشتووە، ویژدانی مرۆڤایەتی بەرگەی ناگرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ