کەتیبەکانی حیزبوڵڵا بۆ دادوەر و فەرماندەکان: خۆتان لە ململانێی سیاسی بەدوور بگرن

دوێنێ کاژێر 11:18
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق لە پەیامێکدا رایگەیاند، عێراق پێویستی بە حکومەتێکە خاوەنی بڕیاری خۆی بێت و دەسەڵاتی بەسەر خاک و ئاسمانی وڵاتدا هەبێت، هاوکات هۆشداریش دەداتە بەشێک لە دادوەران و فەرماندە سەربازییەکان.
 
کەتیبەکانی حزبوڵڵا لە راگەیێندراوێکدا ستایشی "براکانیان لە مقاوەمەی عێراقی" دەکات و دەڵێت: "هەڵوێستی خۆیان لەسەر چەکی کەرامەت و شکۆ روونکردەوە و وەک هەمیشە بەرژەوەندیی نەتەوە دەخەنە پێش هەموو بەرژەوەندییەک."
 
ئەم قسانەی کەتیبەکانی حزبوڵڵا لەکاتێکدایە، رۆژی 24ی کانوونی یەکەمی 2025، دادوەر فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو: "ئەو گرووپانەی بە روونی کارکردنیان بە بنەمای سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت راگەیاندووە، بریتین لە عەسائیبی ئەهل حەق، کەتیبەکانی ئیمام عەلی، کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا و کەتیبەکانی ئەنسارولڵا ئەوفیا".
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، کەتیبەکانی حزبوڵڵا هۆشداری دەداتە فەرماندە سەربازییەکان و دادوەران و دەڵێت: "پێویستە هەندێک لە فەرماندە سەربازییەکان و دادوەران خۆیان لە ململانێ و جەمسەرگیرییە سیاسییەکان بەدوور بگرن، چونکە کاریگەریی نەرێنی لەسەر بێلایەنیی دامەزراوەی ئەمنی و دادوەری دەبێت."
 
سەبارەت بە شێوازی حکومڕانیش، ئەو گرووپە جەخت دەکاتەوە کە عێراق پێویستی بە حکومەتێکی دادپەروەرە کە "خاوەنی بڕیاری ئازادی خۆی بێت و کۆنترۆڵی خاک و ئاسمانی وڵات بکات"، هەروەها داوا دەکات کار بۆ رووبەڕووبوونەوەی "لادانی ئەخلاقی" بکرێت.
 
کەتیبەکانی حزبوڵڵا هێرشی تووند دەکاتە سەر ئەمریکا و بەوە تۆمەتباری دەکات کە پەیڕەوی "یاسای جەنگەڵ" دەکات. وەک نموونەش باسی دۆخی ڤەنزوێلا دەکات و دەڵێت: "نموونەی ئەوەش هێرشی وەحشییانەی ئەمریکایە بۆ سەر ڤەنزوێلا لەپێناو کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی وزە."
 
کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق کە لەلایەن ئەبو مەهدی موهەندیسەوە دامەزرێنراوە، بە فەرمی بەشێکن لە دەستەی حەشدی شەعبی و لەناو ئەو دەستەیەدا خاوەنی لیواکانی 45، 46 و 47ـن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە