رووداو دیجیتاڵ
دیاریکردنی پەرلەمانتارێکی کریستیان لە فراکسیۆنی بابلیۆن وەک بڕیاردەری پەرلەمان، ناڕەزایەتیی فراکسیۆنێکی دیکەی کریستیانەکانی لێکەوتووەتەوە، کە بە گوتەی خۆیان زۆرینەن و دەبووایە پرسیان پێ بکرێت، بۆیە بڕیاری کۆتایی لەبارەی ئەو پۆستە دواخراوە.
ئەو دۆخە لە دیاریکردنی ئیڤان فایەق، ئەندامی کۆتای کریستیانی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی بابلیۆن بە بڕیاردەری پەرلەمان دروست بوو، کە رۆژی دووشەممە 5ی کانوونی دووەمی 2026 لەسەر کورسیی دووەمی بڕیاردەر دانیشت.
هەنگاوەکە نارەزایەتیی فراکسیۆنی سۆیانای لێکەوتەوە، کە گەورەترین فراکسیۆنی کریستیانی پەرلەمانی عێراقە و سێ ئەندامی هەیە.
کڵدۆ رەمزی، سەرۆکی فراکسیۆنی سۆیانا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە دیاریکردنی بڕیاردەری پەرلەمان پرسیان پێنەکراوە، دەبووایە بۆچوونیان وەربگرن، وەک گەورەترین فراکسیۆنی کریستیان، بۆیە داوایان لە سەرۆکی پەرلەمان کردووە، کە ئەو رێکارە رابگیرێت و بە گوتەی ئەو رەزامەندی داوە.
پەرلەمان دوو بڕیاردەری هەیە، یەکێکیان بۆ تورکمان و ئەوی دیکەیان بۆ کریستیانە.
دانانی بڕیاردەرەکان پێویستى بە رەزامەندیی هەر سێ ئەندامەکەی دەستەی سەرۆکایەتییەوە هەیە، بە گوتەی کڵدۆ رەمزی، یەکێک لە ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتی واژۆی لەسەر بڕیاری دیاریکردنی بڕیاردەرەکە نەکردووە، بۆیە بە فەرمی دانانرێت.
پێنج پەرلەمانتاری کۆتای کریستیان لە پەرلەمانی عێراق هەن، کە دووانیان لە فراکسیۆنی بابلیۆن و سێیەکەی دیکە لە فراکسیۆنی سۆیانان.
سەرۆکی فراکسیۆنی سۆیانا رایگەیاند: بڕیارە رۆژی پێنجشەممە 7ی کانوونی دووەمی 2026 وەک کریستیانەکان لەگەڵ سەرۆکایەتیی پەرلەمان کۆببنەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە.
لە خولی رابردوودا هەردوو پۆستی بڕیاردەری پەرلەمان و وەزیری کۆچ و کۆچبەران بەدەست فراکسیۆنی بابلیۆنەوە بووە.
سەلوان ئاکرەیی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: رێککەوتنەکە بەو جۆرە دەبێت کە هەر لایەنێکی کریستیان بڕیاردەری پەرلەمان وەربگرێت، پۆستی وەزارەتەکەیان لە حکومەت بۆ فراکسیۆنەکەی دیکە دەبێت.
پەرلەمانی عێراق ئێستا لە قۆناخی دابەشکردنی ئەندامەکانێتى بەسەر لیژنە هەمیشەییەکاندا و بۆ ئەوەش لیژنەیەکی 11 کەسیی لە سەرۆکی فراکسیۆنەکان پێکهێناوە.
کڵدۆ رەمزی رایگەیاند، کریستیانەکان سەرۆکی لیژنەیەکیان بەردەکەوێت، بەڵام بۆ پشکەکەیان لە حکومەت و پۆستی وەزارەت لەگەڵ راسپاردنى سەرۆکوەزیرانی نوێ لەوبارەیەوە گفتوگۆ دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ