رووداو دیجیتاڵ
شاری ئوور شاری شارستانیەت و مێژوو ، شار و شوێنی لە دایکبوونی پێغەمبەر ئیبراهیم، شارێکی بێناز لە خزمەتگوزراییەکان کە هیچ ئاسەواری شارێکی مێژوویی پێوە نابینرێت، میوانداریی پاپا فرانسیس دەکات.
نوێنەرانی ئایینە جیاوازەکان لە دیدارەکەدا کە بەشداربوون کە رێوڕەسمەکەش ناوی دیداری ئایینەکانە. سێ کوردی زەردەشتی و کاکەیی چوونەتە شاری ئوور لە ناسرییە و دەیانەوێ چاویان بە پاپا فرانسیس بکەوێت و نامەیەکی پێبدەن.
پاپا فرانسیس لە گوتارەکەیدا باسی پێغەمبەر ئیبراهیمی کورد و گوتی: "ئیبراهیم درودی خودای لەسەر بیت لێرەوە سەیری ئاسمانی کرد و لە ئاسمان و ئەستێرەکان وحیی پێگەیشت. ئێمەیش پاش هەزاران ساڵ سەیری ئاسمان دەکەینەوە و ئاسمان پەیامی هەیە بۆ ئێمەش. ئەم ئاسمانە پەیامی پێکەوەبوونمان پێدەدات. ئاسمان پێمان دەڵێت پێویستە خۆمان بەدەستەوە نەدەین".
پاپای ڤاتیکان هەروەها رایگەیاند: "ئەمە برایەتیمان پتەو دەکات، ئێمە نەوەی ئیبراهیمین و پێویستە برایانمان لەبیر نەکەین. ئێمە گوێمان لە خوشک و برایانمان دەبێت و نوێژ دەکەین بۆ ئاسمان. هەموومان پێویستیمان بە یارمەتیی و هاوکاریی ئاسمان هەیە. ناتوانین بە دابڕاوی لەوانی دیکە کار بکەین. پێویستە ئێمە زەویی ئاوەدان بکەینەوە و ئەمە ئەرکی سەرشانی ئێمەیە".
هەڕەشەی تووندوتیژی و تووندئاژۆیی لە عێراقدا تەوەرێکی دیکەی گوتارەکەی پاپا فرانسیس بوو و گوتی، بیری تووندوتیژی زادەی ئایین نییە، بۆیە نابێت باوەڕداران لە ئاستی تووندئاژۆییدا بێدەنگ بن. پاپا لەو گوتارەدا رایگەیاند، "ئێمەی باوەڕدار ناتوانین بێدەنگ بین کاتێک تیرۆریزم بنەماکانی ئایین پێشێل دەکات، لەڕاستیدا ئەرکی ئێمەیە بێ هیچ تەمومژێک ئەو بە هەڵەتێگەیشتنە بڕەوێنینەوە".
پاپا فرانسیس لە گوتارەکەیدا کوردانی ئێزدی لەبیر نەکرد، کاتێک باسی هەڕەشەی تیرۆر و تووندئاژۆیی کرد ئێزدییەکانی بە نموونە هێنایەوە و گوتی، "دەمەوێت بەتایبەت ناوی ئێزدییەکان بهێنم کە شیوەنیان بۆ مردنی چەندین کەس لە پیاوەکانیان کرد، شاهێدی رفاندنی هەزاران ژن، کچ و منداڵ بوون، کە وەک کۆیلە فرۆشران، کەوتنە بەر تووندوتیژی جەستەیی و گۆڕینی ئایین بە زۆر".
پەتای کۆرۆنا نزیکەی ساڵێکە هەموو جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە، پاپا فراسنسیش لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بە پەتاکە دا و گوتی، ئەو پەتایە وانەیەکی فێرکردین و پێشانیداین کە کەس ناتوانێت بە تەنیا بێت و بە تەنیاش رزگاری نابێت، بۆیە دەبێت تەنیا بیر لە خۆمان نەکەینەوە. گوتیشی، "لە قەیرانی لەم جۆرەدا بێ پێکەوە کارکردن سەرکەوتوو نابین، لە ناوچەیەکی وەک عێراقیشدا کە ململانێکان دۆخەکەی قورستر کردووە، ئاشتی بێ هاوکاریکردنی یەکدی فەراهەم نابێت".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پاپا فرانسیس ئاماژەی بەوە دا: "ئاشتی بێ درێژکردنی دەستی هاوکاری بۆ یەکدی فەراهەم نابێت، ئاشتی تەنیا ئەو کاتە هەیە کە ئەوانی دیکەش وەک خۆمان بیانبینین؛ ئاشتی فەراهەم نابێت ئەگەر هاوپەیمانەکان دژی یەک بن، چونکە ئەم دژایەتییە تەنیا دابەشبوون دروستدەکات".
لەبارەیە برایەتی و پێکەوەژیان پاپا فرانسیس لە گوتارەکەیدا زیاتر جەختی لە برایەتی و پێکەوە کارکردن کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، هیچ کارێک بە سەرکەوتوویی جێبەجێ نابێت ئەگەر پێکەوە وەک برا کارنەکەین. "تەنیا بە کارکردن لەگەڵ ئەوانی دیکەدا دەتوانین برینەکانی رابردوو ساڕێژ بکەین".
سەردانیکردنی شوێنی لەدایکبوونی پێغەمبەر ئیبراهیم کە بە باوکی ئایینەکان ناسراوە بە واتای پێکەوە کارکردنی ئایینەکانە، پاپا فرانسیس دوای گوتارەکەشی نزای کرد و داوای برایەتی و پێکەوە کارکردنی جوو، موسوڵمان و کریستیانی کرد. لە کۆتاییشدا نزای بۆ عێراق کرد و گوتی؛ "خودایە رێنوێنیمان بکە کارکردنمان بۆ دووبارە بونیادنانەوەی ئەم وڵاتە بێت؛ هێزی تەواومان پێببەخشە بۆ هاوکاریکردنی ئەوانەی بەزۆر لە ماڵ و خاکی خۆیان دەرکراون، هاوکارییان بکە بۆ گەڕانەوە بۆ ئاسایش و شکۆ."
نوێنەری زەردەشتییەکان و نوێنەری کاکەییەکانیش کە چوونەتە ئور قسەیان بۆ رووداو کرد و دەڵێن، داوا لە پاپا دەکەین گوشاربخاتە سەر حکومەتی عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە لەسەرەکان.
بریاری سەردانەکەی پاپا فرانسیس بۆ ئەو شارە بووە هۆی ئەوەی بەرپرسانی حکومەتی عێراق بیر لە قیرتاوکردنی رێگەی نێوان ئوور بۆ ناسریە بکەنەوە، کە چەندین ساڵە بەڵینی قیرتاوکردنیان دابوو، بەڵام لە ماوەی ئەم دوو رۆژەدا دوای بڕیاری سەردانی پاپا بۆ ئەوێ هەر زوو بە خۆ کەوتن و گرفتی رێگاکەیان چارەسەر کرد.
رۆژی هەینی پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان لە رۆمای ئیتاڵیاوە بە فڕۆکەیەک بەرەو عێراق کەوتەڕێ و کاژێر 02:00ـی دوانیوەڕۆ لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا نیشتەوە. لەلایەن مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە رێوڕەسمێکی تایبەت پێشوازی لێکرا.
دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ کازمی، پاپا فرانسیس بەرەو کۆشکی سەرۆکایەتی لە بەغدا بەڕێکەوت و لە رێوڕەسمێکدا لەلایەن بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق پێشوازی لێکرا. هاوکات لە نووسینگەی تایبەتی سەرۆککۆماری عێراق لەگەڵ بەرهەم ساڵح کۆبووەوە.
هەر لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە بەغدا، لە هۆڵی کۆبوونەوەکان، پاپا فرانسیس لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق، دیپلۆماتکار و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کۆبووەوە و گوتارێکی پێشکێشکرد. باسی گەندەڵی و بنبڕکردنی چەک و کوردانی ئێزدی کرد. گوتی ئەو پەیامی ئاشتی لەگەڵ خۆی هێناوە بۆ عێراق.
پاشان پاپا فرانسیس سەردانی کەنیسەی سەیدە ئەلنەجاتی کرد و لەوێش گوتارێکی پێشکێشکرد.
ئەمڕۆ 6ـی ئادار پاپا فرانسیس سەردانی نەجەفی کرد و، دواتر چووە ئوور و پاشان دەگەڕێتەوە بەغدا. لەکاتی چوونی بۆ نەجەف، لەگەڵ ئایەتوڵلا سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق کۆبووەوە.
رۆژی 7ی ئادار، پاپا فرانسیس بەیانییەکەی لە بەغداوە بەرەو هەولێر بەڕێدەکەوێت. لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە رێوڕەسمێکدا لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێدەکرێت و هەر لەوێ لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەگەڵ پیاوانی ئایینی و ئەندامانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کۆدەبێتەوە. دواتر لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە. بەپێی ئەو خشتەیەی کە دانراوە، کۆبوونەوەی پاپا فرانسیس و مەسرور بارزانیش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەبێت.
دواتر پاپا فرانسیس بە هێلیکۆپتەر بەرەو موسڵ بەڕێدەکەوێت و لە دوای گەیشتنی نزا بۆ قوربانیانی جەنگ لە مەیدانی کەنیسە (حوش البیعة)دا دەکات.
لە موسڵ بە هێلیکۆپتەر دەچێتە قەرەقۆش لەگەڵ پێکهاتەی کریستیانەکان لە کەنیسەی (تاهیرە) لە قەرەقۆش کۆدەبێتەوە.
دواتر دەگەڕێتەوە هەولێر و دوای نیوەڕۆکەی لە یاریگەی نێودەوڵەتیی فرەنسۆ هەریری نزای بە کۆمەڵ دەکرێت و پاپا فرانسیس گوتارێک پێشکێش دەکات. دوای رێوڕەسمەکەی یاریگە لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر دەگەڕێتەوە بەغدا.
بەیانیی رۆژی 8ی ئادار، پاپا فرانسیس لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا بەرەو رۆما بەڕێدەکەوێت و دەگەڕێتەوە ڤاتیکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ