حکومەتی عێراق زەرفی نایلۆن لە نانەواخانەکان قەدەخە دەکات

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا کارەبا لە کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان بکڕێ و لەبری زەرفی نایلۆنیش کیسەی کاخەز لە نانەواخانەکان بەکاربهێندرێ؛ هەروەها لیژنەیەکی بۆ تەواوکردنی "بەرنامەی حکومەت" پێکهێنا.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 19ی ئایاری 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرۆکایەتی دووەم کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی کرد.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی گشتی وڵات کرا و چەندین بڕیار دران، لەوانە گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکانی کارەبا بۆ هاوینی 2026 بە مەرجێک تێچووی یەکەی وزە کەمتر بێت لە نرخی پێشوو.
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق رێنمایی دا بە چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ چاککردنەوەی وێستگەکانی کارەبا و دابینکردنی سووتەمەنی، بە مەبەستی زیادکردنی کاژێرەکانی پێدانی کارەبا بە هاووڵاتییان. وەزیرەکان راسپێردران کە راستەوخۆ پێشوازی لە هاووڵاتییان بکەن، گوێ لەکێشەکانیان بگرن و رۆتین لە دامودەزگاکان کەم بکەنەوە. 
 
هەر لە کۆبوونەوەکەدا رەزامەندی لەسەر پێشنیازێکی لیژنەی نیشتمانی درا، ئەویش کەمکردنەوەی بەکارهێنانی زەرفی نایلۆن بوو لە شەش مانگدا لە دەرچوونی ئەم بڕیارەوە، هەروەها بڕیاردرا دابەشکردنی خۆڕایی ئەو زەرفە لە بازاڕ قەدەخە بکرێ و لەلایەن نانەواخانەکانیشەوە قەدەخە بکرێ. لەبری ئەوە، کیسەی کاخەز و جێگرەوەی دۆستی ژینگە بەکاردەهێنرێ. باج دەخرێتە سەر ئەو کارگانەی زەرفی نایلۆن بەرهەمدەهێنن.
 
لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا لیژنەیەک بۆ تەواوکردنی "بەرنامەی حکومەت" و  پێشکێشکردنی بە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پەسندکردن پێکبهێندرێ. ئەم بەرنامەیە وەک نەخشەڕێگایەک و بەڵێننامەیەکی پابەندکەر دەبێت لەبەردەم گەل و پەرلەماندا.
 
سەرۆکی دەستەی دەسپاکیی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا میوانداری کرا و سەرۆکوەزیرانی عێراق دووپاتی کردەوە کە دەبێت گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان و دەستگیرکردنی داواکراوان لە کاری لەپێشینەیان بێت.
 
هەروەها بڕیادرا کە پشووی جەژنی قوربان لە رۆژی سێشەممە 26ی ئایار دەستپێدەکات تاوەکو رۆژی شەممە 30ی ئایار. دەوامی فەرمی لە رۆژی یەکشەممە 31ی ئایار دەستپێدەکاتەوە. پشووی جەژنی غەدیر، رۆژی پێنجشەممە 4ی حوزەیران لە سەرجەم دامەزراوەکان پشووی فەرمی دەبێت.
 
بەرنامەی ناردنە دەرەوەی خوێندکارانی بەهرەمەندی عێراق پەسندکرا وەک پڕۆژەیەکی جۆری بۆ دروستکردنی کەسی زانستی بەهێز.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گۆڕینەوەی ئەڵقەی هاوسەرگیری

لە مانگی نیساندا هاوسەرگیرى لە عێراق 58% و جیابوونەوە 24% زیادی کردووە

لە مانگی نیساندا زیاتر لە 31 هەزار گرێبەستی هاوسەرگیری لە عێراق تۆمارکراوە، کە 58% لە مانگی پێش خۆی زیاتر بووە، لە کاتێکدا جیابوونەوە لەنێوان ئەو دوو مانگەدا 24% زیادی کردووە