لە مانگی نیساندا هاوسەرگیرى لە عێراق 58% و جیابوونەوە 24% زیادی کردووە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە مانگی نیساندا زیاتر لە 31 هەزار گرێبەستی هاوسەرگیری لە عێراق تۆمارکراوە، کە 58% لە مانگی پێش خۆی زیاتر بووە، لە کاتێکدا جیابوونەوە لەنێوان ئەو دوو مانگەدا 24% زیادی کردووە.
 
ئەو ئامارانە لە راپۆرتێکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دا بوو بۆ هاوسەرگیری و جیابوونەوە لە رێگەی دادگاکانەوە بۆ مانگی نیسانی رابردوو، کە سێشەممە 19ی ئایاری 2026 بڵاوکرایەوە.
 
لەو مانگەدا 31 هەزار و 499 گرێبەستی هاوسەرگیری هەبووە، بەرامبەر بە تۆمارکردنی شەش هەزار و 628 جیابوونەوەی هاوژینەکان.
 
زۆرترین گرێبەستەکانی هاوسەرگیری لە بەغدا بووە، کە حەوت هەزار و 934 گرێبەست بوون و 25%ی تێکڕای گرێبەستەکانی 15 پارێزگاکەی عێراق بوون، هەروەها زۆرترین جیابوونەوەش هەر لەو پارێزگایە بووە کە دوو هەزار و 665 جیابوونەوە بووە، کە 40.20%ی تەواوی جیابوونەوەکانی عێراق بووە لە مانگی نیساندا.
 
موسەننا بە 611 جیابوونەوە کەمترینە لەسەر ئاستی عێراق، هەروەها ئەو پارێزگایە زۆرینە شیعەیە و کەمترین گرێبەستی هاوسەرگیریی تۆمار کردووە، کە 840 گرێبەست بوون.
 
بەراورد بە مانگی ئاداری ئەم ساڵ، 12 هەزار و 943 گرێبەستی هاوسەرگیری زیادی کردووە، بەو پێیەی هاوسەرگیری 58% زیادی کردووە، لە کاتێکدا ژمارەی جیابوونەوە هەزار و 553 زیادی کردووە، واتە 24% زیادی کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە