رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق دەڵێ، چەندین پڕۆژەی گرنگی ئاوی خواردنەوەیان لە پارێزگاکانی دیالە، کەرکووک و نەینەوا لەبەردەستە کە بەشێکیان وەستابوون و ئێستا کارکردن تێیاندا دەستیپێکردووەتەوە. بەرپرسێکی ئاوی کەرکووکیش لەبارەی پڕۆژەی شارەکەی دەڵێت، "10 ساڵە خەریکین."
نەبیل سەفار، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدنکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق، رۆژی سێشەممە، 19ـی ئایاری 2026، بە رووداوی راگەیاند، "زۆربەی پڕۆژەکانی ئاوی خواردنەوە بۆ پارێزگاکانی عێراق لە رابردوودا بەهۆکاری جیاجیا وەستابوون، بەڵام ئێستا کارکردن تێیاندا دەستیپێکردووەتەوە."
نەبیل سەفار رایگەیاند، پڕۆژەکان بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو جێبەجێ دەکرێن و بەشێکن لە پلانی ستراتیژی حکومەت بۆ دابینکردنی ئاوی خاوێن بۆ هاووڵاتییان لە پارێزگاکاندا.
گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە وردەکاریی پڕۆژەکانی ئاوی خواردنەوە بەپێی پارێزگاکان بەم شێوەیە بۆ رووداو خستەڕوو:
لە پارێزگای دیالە؛ 6 پڕۆژە لە قۆناخی جێبەجێکردندان:
- پڕۆژەی ئاوی خان بەنی سەعد؛ رێژەی جێبەجێکردنی گەیشتووەتە 25%.
- پڕۆژەی ئاوی شارەبانی رۆژئاوا (بە توانای 6000 مەتر سێجا لە کاژێرێکدا)؛ رێژەی جێبەجێکردنی 31%ـە.
- پڕۆژەی ئاوی قەرەتەپە (بە توانای 2000 مەتر سێجا لە کاژێرێکدا)؛ رێژەی جێبەجێکردنی 4%ـە.
- پڕۆژەی ئاوی گوڵاڵە (بە توانای 2000 مەتر سێجا لە کاژێرێکدا)؛ رێژەی جێبەجێکردنی 30%ـە.
- پڕۆژەی ئاوی سەلام و سەراجق لە مەنسوورییە؛ رێژەی جێبەجێکردنی گەیشتووەتە 99%.
- پڕۆژەی ئاوی جەدیدە شەت؛ رێژەی جێبەجێکردنی 93%ـە.
پڕۆژەی ئاوی تازە لە کەرکووک
گوتەبێژی وەزارەت دەڵێ، پڕۆژەی ئاوی تازە رێژەی جێبەجێکردنی گەیشتووەتە 97%، هەروەها پڕۆژەی ئامادەکردنی پلانی گشتگیری نیشتمانی (Master Plan) بۆ ئاو و ئاوەڕۆی شار و قەزاکانی کەرکووک لە کاردایە.
هیوا رەشید، یاریدەدەری بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی کەرکووک بە رووداوی راگەیاند: "پڕۆژەی ئاوی ناحیەی تازە پڕۆژەیەکی نوێ نییە و 10 ساڵە هەیە، بەڵام هێشتا تەواو نەکراوە."
هیوا رەشید راشیگەیاند، پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی ناحیەی تازە تاوەکو ئێستا هێڵی کارەبای پێنەگەیشتووە؛ گوتیشی: "ئەو هێڵە کارەبایەی بۆی راکێشرابوو لابرا، چونکە بە نێو زەوی هاووڵاتییاندا تێپەڕیبوو و خەڵکەکە قبووڵیان نەکرد، بۆیە تاوەکو ئێستا کارکردن تێیدا وەستاوە."
لە پارێزگای نەینەوا
نەبیل سەفار دەڵێت، رێژەی جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی ناحیەکانی (گەیارە- شۆرا- تەل عەبتە )گەیشتووەتە 58% و پڕۆژەی ئاوی ئەلقوشیش رێژەی جێبەجێکردنی 81%ـە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ