رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی تاوانی کەرخی بەغدا دوو تۆمەتباری دەستگیرکرد کە بانی دووکانێکی مۆبایلیان کونکردبوو و دزییان تێداکردبوو.
عەمید نبراس عەلی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی بەغدا بە رووداوی راگەیاند، "دوو تۆمەتبارمان دەستگیرکرد کە هەستاون بە کونکردنی بانی دووکانێکی فرۆشتنی مۆبایل و لەو رێگەیەوە چوونەتە نێو دووکانەکە. دوو کەسەکە لەوێ 180 مۆبایل و 14 کارتی پڕکردنەوەی باڵانسیان دزیوە."
عەمید نبراس عەلی گوتی، "دوای دزیکردنەکە و گەیشتنی زانیاری، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی تاوان دەستیان بە کۆکردنەوەی زانیاری و وردبینی لە کامێراکانی چاودێری کرد و لە چەند کاژێرێکی کەمدا توانرا شوێنی تۆمەتبارەکان بدۆزرێتەوە و دەستگیربکرێن."
دوو تۆمەتبارەکە کاتی دەستگیرکردنیان پێکەوە بووە لەنێو ئۆتۆمبێلک لەسەر رێگەی قەزای ئەبوغرێبی بەغدا.
یەکێک لە تۆمەتبارەکان پێشینەی تیرۆری هەیە و 10 ساڵ لە زیندان بووە، چەندین جار لەسەر دزیکردن دەستگیرکراوە و زیندانی کراوە.
تۆمەتبارەکان دەڵێن، "پێشتر چاودێری دووکانەکەمان کردبوو و سەیرمان کردبوو بۆ ئەوەی بزانین چ کاتێک گونجاوە دزییەکە بکەین."
عەمید نبراس دەڵێ، "سەرجەم کەلوپەلە دزراوەکان رادەستی خاوەنەکەیان کراونەتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ