نێوەڕۆکی کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بە بەشداریی سەرۆکی هەرێمی کوردستان

07-04-2024
دیمەنێکی کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بە بەشداریی سەرۆکی هەرێمی کوردستان
دیمەنێکی کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بە بەشداریی سەرۆکی هەرێمی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆبوونەوەی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کە بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا، کۆتایی هات.
 
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا گوتی "لە کۆبوونەوەکەدا باسی دواخستنی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان نەکراوە."
 
پەیامنێری رووداو دەشڵێ "لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا باسی بەردەوامیی مووچەی هەرێمی کوردستان کراوە، هەروەها باسی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان کراوە."
 
لە کۆبوونەوەکەدا کە سێ کاژێری خایاند، هەروەها باسی سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی سوودانی بۆ ئەمریکا کراوە، لەگەڵ سەردانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق.
 
سەرکردەکانی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت پشتیوانیی خۆیان بۆ سەردانی سوودانی بۆ ئەمریکا نیشانداوە
 
دوای کۆتایهاتنی کۆبوونەوەی سەرکردەکانی لە بەغدا، هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند باسی ژمارەیەک دۆسیە و، تەوەری نێوخۆیی، هەرێمی و نێودەوڵەتیشیان کردووە، پشتیوانیی هاوپەیمانیێتییەکەی بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق و شاندەکەی لە سەردانەکەیاندا بۆ ئەمریکا دووپاتکردووەتەوە.
 
هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کە لایەنەکانی پێکهێنەری حکومەتی عێراق لەخۆدەگرێت، لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی کۆبوونەوەی سەرکردەکانی بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا، رایگەیاند لە کۆبوونەوەی رۆژی شەممە (6ـی نیسانی 2024)ـی هاوپەیمانیێتییەکە لایەنەکان باسی ژمارەیەک دۆسییەی پەیوەست بە دۆخی سیاسی، ئەمنی، ئابووری و رێکارەکانی باشترکردنی دۆخی ئابووری و بژێوی هاووڵاتییانیان لە سەرانسەری عێراق کرد.
 
لەنێو بابەتە باسکراوەکان دا وەکو لە راگەیێندراوکەدا هاتووە "سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و شاندی یاوەری بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەو دۆسیە و تەوەرانەی گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت، تاوتوێ کران."
 
سەرکردەکانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت پشتیوانیی خۆیان بۆ سەردانەکە نیشانداوە، وەکو راگەیێندراوەکە جەختی لەسەر کردووەتەوە، ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە "سەرکردەکانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت متمانەی خۆیان بە شاندەکەی عێراق دووپاتکردووەتەوە، کە لەچوارچێوەیەکدا دەبێت لە بەرژەوەندیی عێراق و تۆکمەکردنی سەقامگیرییەکەی و ئاسایش و گەشەپێدانی بەردەوام دەشکێتەوە."
 
لە سەردانی ئەمجارەیدا بۆ بەغدا، ئەمە سێیەمین کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو.  
 
یەکەمین کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو و پاش سوودانیش، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆبوویەوە.
 
رۆژی شەممە، 6ـی نیسانی 2024، نێچیرڤان بارزانی بۆ دیدار لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی عێراق و کۆبوونەوەی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت گەیشتنە بەغدا، باسی مووچە و بودجەی مووچەخۆران و کوردستان و پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت و چەند دۆسییەکەی دیکە لەگەڵ بەرپرسانی عێراقیان کرد.
 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە