رووداو دیجیتاڵ
رۆژی 29ـی ئایاری 2024، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران سەردانی عێراق دەکات و سێ رۆژ دەمێنێتەوە.
سەردانەکەی ئیبراهیم رەئیسی بۆ واژۆکردنی 10 لێکتێگەیشتننامەی بازرگانییە لە نێوان تاران و بەغدا کە ئەوە یەکەم سەردانی ئیبراهیم رەئیسییە وەکو سەرۆککۆماری ئێران بۆ عێراق.
لەدوای رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003، ئەوە چوارەم سەردانی فەرمیی سەرۆککۆمارەکانی ئێران دەبێت بۆ عێراق.
ساڵی 2007 مەحموود ئەحمەدینەژاد لەسەر بانگهێشتی جەلال تاڵەبانی، سەرۆککۆماری ئەوکاتی عێراق سەردانی بەغدای کرد. دووەم سەردانی ئەحمەدینەژاد بۆ بەغداش لەسەر بانگهێشتی جەلال تاڵەبانی بوو، بەڵام کاتێک سەردانی بەغدای کرد، مام جەلال بەهۆی نەخۆشییەوە نەیتوانی پێشوازی لێبکات.
دوایین سەردانی سەرۆککۆماری ئێران بۆ عێراق سەردانەکەی حەسەن رووحانی بوو لە 11-3-2019.
سەید ئیحسان خاندوزی، وەزیری ئابووریی ئێران، رۆژی دووشەممە لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ئەسیر داود سلێمان، وەزیری بازرگانیی عێراق لە تاران رایگەیاند، بڕیارە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران سەردانی عێراق بکات و داوا لە لایەنی عێراقی کرد، بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی هاوبەشی دروستکردنی شاری پیشەسازی لە سەر سنووری ئێران-عێراق، رێکارەکان تەواو بکەن.
خاندوزی گوتی: "ئەگەر بەر لە سەردانی سەرۆککۆماری کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ عێراق، زەویی پێویست دابین بکرێت، لە کاتی سەردانی سەرۆککۆماردا دەتوانین جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژە هاوبەشە ببینین."
ئەسیر داود سلێمان، وەزیری بازرگانیی عیراق بەمەبەستی بەشداریکردن لە شەشەمین کۆبوونەوەی کۆمیسیونی هاوبەشی هاوکارییە ئابوورییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و کۆماری عێراق لە تارانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ