رووداو دیجیتاڵ
7 حیزبی تورکمانی لە عێراق و باشووری کوردستان، هاوپەیمانێتییەک بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق پێکدەهێنن. دوو حیزبیش چاوەڕێی پێکهێنانی لیستی کوردستانین، بۆئەوەی بچنە نێویەوە.
ئایدن مەعرووف، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "7 حیزبی تورکمانی بە سەرۆکایەتیی بەرەی تورکمانیی عێراق، هاوپەیمانێتییەکیان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق پێکهێناوە."
بڕیارە 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت.
جگە لەو حیزبە تورکمانە عێراقییانە، لە هەرێمی کوردستانیش 8 حیزب هەن، بەڵام تاوەکو ئێستا دوو لەو حیزبانە بە فەرمی لە بەغدا تۆمارکراون، کە حیزبەکانی پارتی چاکسازیی تورکمان و پارتى گهشهپێدانى توركمانن.
محەممەد سەعدەدین، سەرۆکی پارتى گهشهپێدانى توركمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هێشتا بڕیارمان نەداوە بە جیا بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەین یان بە هاوپەیمانی، بۆ ئەو مەبەستە چاوەڕێی حیزبەکانی دیکە دەکەین."
سەرۆکی پارتى گهشهپێدانى توركمانی گوتیشی، "ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رێککەوتن لەسەر دروستکردنی لیستی کوردستانی، ئێمەش دەچینە نێو ئەو هاوپەیمانێتییەوە، ئەگەریش نەبوو، دواتر کۆدەبینەوە و بڕیاری خۆمان دەدەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ