رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، روونە واشنتن چی لە عێراق دەوێت، سەرکردەکانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی راسپێردراویش دەزانن، بەدوای چییەوەین، ئەمریکا کرداری دەوێت نەک گوفتار.
بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رۆژی سێشەممە، لە باکگراوند بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، ''پێموایە سەرکردەکانی عێراق، لەنێویاندا سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو، تێدەگەن کە ئەمریکا بەدوای چییەوەیە. ئێمە کردارمان دەوێت نەک گوفتار''.
دەشڵێت: ئێستا هێڵێکی زۆر کاڵ لەنێوان حکومەتی عێراق و گرووپە میلیشکاندا هەیە، ئەو کردارەی ئەمریکاش لە عێراقی دەوێت بەوە دەستپێدەکات کە حکومەتی عێراق ''دەستبکات بە دەرکردنی ئەو میلیشیا تیرۆریستانە لە دامەزراوەکانی حکومەت، بودجە و مووچەی چەکدارەکانی گرووپە میلیشیکان ببڕێت''، ئەمە متمانە لای ئەمریکا دروست دەکەن و ئەوکاتە دەڵێن، بیرکردنەوەیەکی نوێ لە عێراق هەیە.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشدا، ''هەندێک لایەن لەنێو حکومەتی عێراق بەردەوامن لە پۆشینی بەرگی سیاسی، دارایی و ئۆپەراسیۆنی بۆ ئەو گرووپە میلیشیا تیرۆریستییانە''.
هەروەها گوتیشی، لەگەڵ ئەوەشدا، ''من ئەوە بەکەم سەیرناکەم کە ئەو ئاستەنگە چەند قورسە، یان چی پێویست دەبێت بۆ لێکجیاکردنەوەی ئەو پەیوەندییە'، بەڵام دەکرێت بە هەنگاوێکی روون دەستپێبکەن، ئەویش درکردنی راگەیێندراوێکی سیاسییە کە بە روونی ئاماژە بەوەبدات ئەو گرووپە تیرۆریستییانە بەشێک نین لە حکومەتی عێراق.
باسی لەوەشکرد، لە ماوەی شەڕی ئێران، بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان رووبەڕووی زیاتر لە 600 هێرش بوونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ