رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، واژۆی 100 پەرلەمانتاری فراکسیۆنە جیاوازەکانیان کۆکردووەتەوە، بۆ ئەوەی رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە پەرلەمان بۆ پەسندکردنی رەشنووسی بودجە کۆببێتەوە. ئەندامێکی لیژنەی داراییش دەڵێت: "رەشنووسەکە تەواو بووە و تەنیا پێداچوونەوەی کۆتایی ماوە."
یوسف کیلابی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی رەشنووسی بودجەی عێراقەوە لە تویتێکدا لە هەژماری خۆی رایگەیاند، "وەکو ئەوەی پێشتر بەڵێنماندابوو، واژۆی پەرلەمانتاران کۆدەکەینەوە بۆ ئەوەی دانیشتنی پەسندکردنی بودجە بکرێت، ئێستا زیاتر لە 100 پەرلەمانتار واژۆیان کردووە بۆ ئەوەی دانیشتنی پەرلەمان رۆژی چوارشەممە، 7ـی حوزەیرانی 2023 بکرێت."
ئەو پەرلەمانتارە وەکو ئاماژەیەک بۆ زۆریی ژمارەی ئەو پەرلەمانتارانەی واژۆیان لەسەر یاداشتەکە کردووە بۆ ئەوەی ئەمڕۆ سێشەممە، رادەستی سەرۆکایەتی پەرلەمان بکرێت، بە تێبینی لەو تویتەی کردوویەتی نووسیویەتی: "یاسا پێویستی بە تەنیا 50 پەرلەمانتار هەیە."
دوێنێ دووشەممە، 6-6-2023، ژمارەیەک پەرلەمانتاری فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمانی عێراق، بەتایبەت پەرلەمانتارە سەربەخۆکان دەستیان بە کۆکردنەوەی واژۆ بۆ دانیشتنی پەرلەمان لەم هەفتەیەدا، کرد.
د. نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت: "ئەو پەرلەمانتارانە دەیانەوێت ئەم هەفتەیە پەرلەمان رەشنووسی بودجە پەسندبکات، ئەوان دەڵێن رەشنووسەکە زۆر دواکەوتووە، بەڵام هێشتا دیارنییە ئەوە دەکرێت یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەبێت."
رەشنووسی بودجەی عێراق لە 13ـی مانگی ئادارەوە بۆ پەرلەمان نێردراوە، دوایینجار لیژنەی دارایی پەرلەمان لە 25ـی ئایاری ئەمساڵ لەبارەیەوە کۆبووەوە، ئەو کۆبوونەوەیە ناکۆکیی خستە نێو ئەندامانی لیژنەکە، بەتایبەت دوای گۆڕانکارییەکانی پەیوەست بە مادەکانی 13 و 14. هەرێمی کوردستان تێبینی لەسەر گۆڕانکارییەکانی لیژنەکە هەیە و هێشتا رێککەوتنی تەواویان لەسەر نەکردووە.
رۆژی سێشەممە، 6-6-2023، محەممەد نووری، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی رەشنووسی بودجەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رەشنووسی بودجە ئامادەکراوە و ئەوەی هەیە تەنیا پێداچوونەوەی کۆتایی ماوە، رەنگە هەندێک گۆڕانکاریی کەمی بوێت بەتایبەت لە گواستنەوەی پارە تەرخانکراوەکان لە کەرتە جیاوازەکان، هەندێک پارە لە بەشێک لە دەروازەکاندا تەرخانکراون دەگوێزرێنەوە بۆ شوێنی دیکە و کەرتی دیکە، لەنێویدا ئەو پارانەش هەیە کە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران تەرخانکراون."
بەپێی رەشنووسی بودجەی ساڵی 2023ـی عێراق، خەرجییەکان زیاتر لە 199 تریلیۆن دینار دەبن و داهاتەکانیش 134 تریلیۆن دینار، پشکى هەرێمى کوردستان لە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى عێراق زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە؛ گۆڕانکارییەکانى لیژنەى دارایی پەرلەمانی عێراق بە ئاراستەى زیادکردنى دەسەڵاتى کۆمپانیاى سۆمۆیە لە کەرتى نەوت و ناچارکردنى حکومەتى هەرێمى کوردستانە بە چەند رێوشوێنێکى تایبەت بە پشکەکەى و خەرجکردنى.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ