فراکسیۆنە کوردستانییەکان بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق مەرجیان هەیە

06-06-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق رۆژی 8ـی حوزەیرانی بۆ پەسندکردنی رەشنووسی بودجە دیاریکردووە، فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەبارەی گۆڕانکارییەکانی لێژنەی دارایی لەسەر رەشنووسەکە تێبینییان هەیە، پارتی بڕیاریداوە بەشداریی کۆبوونەوەکە بکات و سێ تێبینیی سەرەکی لەسەر رەشنووسەکە هەیە، فراکسیۆنی یەکێتی و یەکگرتووش چاوەڕوانی دوایین رەشنووسن بۆ بڕیاردان، فراکسیۆنی نەوەی نوێش دەڵێت، دژی ئەوەن راستەوخۆ حکومەتی عێراق پشکی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.
 
فراکسیۆنە کوردستانییەکان کە 65 کورسییان لە پەرلەمانی عێراق هەیە، رای جیاوازیان لەسەر کۆبوونەوەکەی رۆژی پێنجشەممەی پەرلەمانی عێراق هەیە، هەروەها تێبینیی زۆریان لەسەر رەشنووسی بودجە هەیە، بە تایبەتی دوای ئەوەی لیژنەی دارایی گۆڕانکاریی زۆری لە مادەکانی 13 و 14دا کرد، کە تایبەتن بە پشکی هەرێمی کوردستان.
 
فراکسیۆنی پارتی: بەشداریی کۆبوونەوەکە دەکەین 
 
رۆژی سێشەممە، 6-6-2023، مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە تێبینمان لە بەشێک لەو گۆڕانکارییانەی لیژنەی دارایی کردوویەتی، هەیە، بەشێکیان چارەسەرکراون، بەڵام بەشێکی دیکەی ئەو گۆڕانکارییانە ماون، گفتوگۆ لەبارەیانەوە بەردەوامە."
 
مەریوان قەرەنی ئاشکراشیکرد کە بەپێی ئەوەی لەسەرووی خۆیانەوە پێیانڕاگەیێندراوە؛ فراکسیۆنی پارتی بەشداریی کۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەممەی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر رەشنووسی بودجەی ساڵی 2023 دەکات.
 
فراکسیۆنی پارتی کە 33 کورسی لە پەرلەمانی عێراق هەیە، سێ تێبینیی سەرەکی لەسەر گۆڕانکارییەکانی لیژنەی دارایی هەیە، کە بە قسەی جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی بریتین لە "وەزیری دارایی دەسەڵات بە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەدات پارە لەو هەژمارە بانکییەی بۆ داهاتەکانی نەوتی دروستدەکرێت، لەبری سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەگەڵ گێڕانەوەی پاشەکەوتی مووچەی مووچەخۆران بەبێ تەرخانکردنی پارە بۆی کە حکومەتی عێراق خۆی هۆکار بووە بۆ ئەو لێبڕین و پاشەکەوتی مووچەیە، سێیەمیشیان بریتییە لە راگرتنی دەرهێنانی نەوت لەو کێڵگە نەوتییانەی دەکەونە سنووری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەوا."
 
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی بە گەشبینییەوە باسی گەیشتن بە رێککەوتن تاوەکو رۆژی پێنجشەممە دەکات و دەڵێت: "ئەمڕۆ و بەیانی تاوەکو رۆژی پێنجشەممەش کۆبوونەوە و دانوستاندن دەبێت، تەنانەت تا چوونە ژوورەوەش بۆ نیو هۆڵی پەرلەمان زۆر جار لەو کاتانەدا دەستکەوتمان هەبووە، ئێمە ئەگەر بزانین رەشنووسەکە دژی هەرێمی کوردستانە، دەنگی پێنادەین."
 
رەشنووسی بودجەی عێراق لە 13ـی مانگی ئادارەوە بۆ پەرلەمان نێردراوە، دوایینجار لیژنەی دارایی پەرلەمان لە 25ـی ئایاری ئەمساڵ لەبارەیەوە کۆبووەوە، ئەو کۆبوونەوەیە ناکۆکیی خستە نێو ئەندامانی لیژنەکە، بەتایبەت دوای گۆڕانکارییەکانی پەیوەست بە مادەکانی 13 و 14. هەرێمی کوردستان تێبینی لەسەر گۆڕانکارییەکانی لیژنەکە هەیە.
 
فراکسیۆنی یەکێتی: هێشتا بڕیارمان نەداوە
 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یەکێکە لە لایەنە کوردستانییەکان کە زۆرترین پێداگری لەسەر تێپەڕاندنی رەشنووسەکە بەشێوەی ئێستای دەکات، هەرچەندە فراکسیۆنی یەکێتی چەند تێبینییەکی کەمی لەبارەی رەشنووسەکەوە هەیە، بەڵام بەهۆی ناکۆکییەکانی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان ئەو تێبینییانەی دواخستووە.
 
رۆژی سێشەممە 6-6-2023 کاروان یاروەیس، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند "هێشتا رەشنووسی کۆتاییمان نەبینیوە، دەبێت پێش کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی نوێنەری ئێمە لە لیژنەی دارایی کۆببینەوە و دوایین گۆڕانکارییەکان ببینین، دواتر بڕیار لەبارەی رەشنووسەکەوە دەدەین."
 
ئەو قسانەی ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی لەکاتێکدایە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە خاوەنی 18 کورسیی پەرلەمانی عێراقە، چەند جارێک ئەوەی راگەیاندووە کە گێڕانەوەی 10٪ پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران و پێدانی پشک و بەشی پارێزگایەک لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان راستەوخۆ لەلایەن بەغداوە، ئەگەر کێشەی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا لەوبارەیەوە هەبێت، داواکاریی ئەوانە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو؛ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێیوایە بەشی زۆری تێبینییەکانی لە رەشنووسی بودجە جێ کراوەتەوە، بۆیە بەتەواوەتی لەگەڵ ئەوەدایە تێپەڕێنرێت.
 
بەپێی رەشنووسی بودجەی ساڵی 2023ـی عێراق، خەرجییەکان زیاتر لە 199 تریلیۆن دینار دەبن و داهاتەکانیش 134 تریلیۆن دینار، پشکى هەرێمى کوردستان لە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى عێراق زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە؛ گۆڕانکارییەکانى لیژنەى دارایی پەرلەمانی عێراق بە ئاراستەى زیادکردنى دەسەڵاتى کۆمپانیاى سۆمۆیە لە کەرتى نەوت و ناچارکردنى حکومەتى هەرێمى کوردستانە بە چەند رێوشوێنێکى تایبەت بە پشکەکەى و خەرجکردنى.
 
فراکسیۆنی نەوەی نوێ: گێڕانەوەی پاشەکەوتی مووچە جێگیرنەکرێت، دەنگی پێنادەین
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو؛ جووڵانەوەی نەوەی نوێ کە 9 کورسی لە پەرلەمانی عێراق هەیە، لەنێوان ئەگەری بەشداریکردن و نەکردن ماوەتەوە، جووڵانەوەکە لە جێگیرکردنی بڕگەی 12ـی مادەی 14ـی تایبەت بە هەرێمی کوردستان، کە تایبەتە بە گێڕانەوەی رێژەی 10٪ـی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بەشداریی دانیشتنەکە دەکەن و ئەگەری دەنگدانیان بە رەشنووسەکە زیاتر دەکات.
 
سەرچاوەیەکی باڵای نەوەی نەوێ کە بۆ رووداو قسەی کردووە دەڵێت، تێبینییان لەسەر دەستکارییەکانی لیژنەی دارایی هەیە و گوتی: "ئێمە لەگەڵ جێگیرکردنی ئەو بڕگەیە نەبووین کە دەڵێت لەکاتی بوونی کێشە لەگەڵ حکومەت هەر پارێزگایەکی هەرێمی کوردستان دەتوانێت راستەوخۆ داوای بەشە بودجەی لە حکومەتی عێراق بکات بۆ ئەوەی بۆی بنێرێت. ئەوە کارێکی خراپ بووە و مەترسییە بۆ سەر هەڵوەشانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان."
 
دەشڵێت، "سەرباری ئەوانە لەگەڵ ئەوەبووین پرسی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک و نەینەوا بەڕێککەوتن چارەسەر بکرێت، چونکە ئەوە بەشێکە لە مادەی 140ـی دەستوور و بەو شێوەیە چارە ناکرێت."
 
فراکسیۆنی نەوەی نوێ لەگەڵ ئەوەشدا تێبینی لەسەر دەسەڵاتپێدان لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هەیە بۆ راکێشانی پارە و دەڵێت، ئەمە پەیوەندیی بەوەوە نییە کێ ئێستا سەرۆکوەزیرانی کوردستانە، ئەو بڕگەیەش بە مەترسییەکی دیکە لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان دەزانێت.
 
فراکسیۆنەکە هێشتا کۆبوونەوەی کۆتایی لەسەر رەشنووسی بودجە نەکردووە و بۆ بڕیاری یەکلاییکەرەوە چاوەڕوانی دوایین رەشنووسی بودجە و بڕیاری سەرووی خۆی لە ئەنجوومەنی باڵای جووڵانەوەکە دەکات.
 
رۆژی سێشەممە، 6-6-2023، یوسف کیلابی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی رەشنووسی بودجەی عێراقەوە لە تویتێکدا لە هەژماری خۆی رایگەیاند: "وەکو ئەوەی پێشتر بەڵێنماندابوو، واژۆی پەرلەمانتاران کۆدەکەینەوە بۆ ئەوەی دانیشتنی پەسندکردنی بودجە بکرێت، ئێستا زیاتر لە 100 پەرلەمانتار واژۆیان کردووە بۆ ئەوەی دانیشتنی پەرلەمان رۆژی چوارشەممە، 7ـی حوزەیرانی 2023 بکرێت."
 
فراکسیۆنی یەکگرتوو: نابێت گۆڕانکارییەکان تەگەرە بخاتە بەردەم بودجەی کوردستان
 
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان کە چوار کورسی لە پەرلەمانی عیراق هەیە، هێشتا بڕیاری کۆتایی لەبارەی کۆبوونەوەکەی رۆژی پێنجشەممەی ئەم هەفتەیەی پەرلەمانی عێراق نەداوە، لەگەڵ ئەوەی تێبینییان لەسەر بەشێکی رەشنووسی بودجە، بەتایبەت مادەکانی پەیوەست بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، بەڵام پێش نیشاندانی هەڵوێستیان، کۆبوونەوەی کۆتایی خۆیان دەکەن.
 
رۆژی سێشەممە، 6-6-2023، د. موسەنا ئەمین، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "ئێمە هێشتا داڕشتنی کۆتایی رەشنووسەکەمان نەبینیوە و بەردەستمان نەکەوتووە، بۆیە ناشزانین دوایین گۆڕانکارییەکان کە کراون بەکوێ گەیشتوون، دەنگدان یان نەدان یان بەشداریکردن و نەکردن پەیوەندیی بە ناوەڕۆکی رەشنووسەکەوە هەیە."
 
د. موسەنا ئەمین گوتی: "گرنگ ئەوەیە ئەو رەشنووسە بەشێوەیەک نەبێت، کە تەگەرە بخاتە بەردەم بودجەی هەرێمی کوردستان کوردستان و نابێت بەشێوەیەک بێت مینی تێدابێت." گوتیشی "جێگیکردنی گێڕانەوەی رێژەی 10٪ـی پاشەکەوتی مووچە بۆ ئێمە گرنگە."
 
هاوکات جەمال کۆچەر، ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکگرتوو لەبارەی گۆڕانکارییەکانی لیژنەکە،  کە شەوی پێنجشەممە، 25ـی ئایار لەسەر رەشنووسی بودجەدا کردبووی، تەنیا دەنگی لەسەر گێڕانەوەی پاشەکەوتی مووچە دا، کە دەبێت مانگانە 10٪ی بگەڕێندرێتەوە.
 
فراکسیۆنی کۆمەڵ: دژی گۆڕانکارییەکانین 
 
فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەی لە پەرلەمانی عێراق تێبینی لەسەر ژمارەیەک لە بڕگەکانی ئەو دوو مادەیە هەیە کە پەیوەستن بە هەرێمی کوردستانەوە لە رەشنووسی بودجەی 2023ـی عێراق. سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنەکە دەڵێت: "بەشداریی لە کۆبوونەوەکە دەکەین"، بەڵام ئەوە مانای ئەوە ناگەیێنێت تێبینییان لەسەر گۆڕانکارییەکانی لێژنەی دارایی نەبێت.
 
سەرۆکی فراکسیۆنەکە کە یەک کورسی لە پەرلەمانی عێراق هەیە، بە رووداوی گوت: "ئێمە لەگەڵ ئەوەین رەشنووسەکە بەشێوەیەک نەبێت دژی هەرێمی کوردستان بێت و ئەگەر بەو شێوەیە بێت دەنگی پێنادەین."
 
سەبارەت بە تێبینییەکانیشیان روونیدەکاتەوە: "پێمانوایە دەبێت گێڕانەوەی پاشەکەوتی مووچە بە رێژەی 10٪ بۆ فەرمانبەران وەکو خۆی بمێنێتەوە و جێگیربکرێت، بەڵام لەگەڵ ئەو بڕگەیە نین کە دەڵێت لەکاتی ناکۆکی لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا دوای 15 رۆژ شایستە داراییەکانی کوردستان ببڕدرێت و کار بە بڕیاری دادگەی فیدڕاڵی دەکرێت."
 
هەروەها تێبینی دیکەشیان لەسەر رەشنووسەکە هەیە و دەڵێت: "ئێمە پێمان باش نییە و نەبووە کە یەکێتی و پارتی ناکۆکییەکانی نێوان خۆیان بهێننە نێو رەشنووسی بودجەوە"، وەکو ئاماژەیەک بۆ جێگیرکردنی بڕگەی تایبەت بە مامەڵەکردنی حکومەتی عێراق بەراستەوخۆ لەگەڵ پارێزگایەکی هەرێمی کوردستان لەکاتی سەرهەڵدانی کێشە لەنێوان ئەو پارێزگایە و حکومەتی کوردستان.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە