روونکردنەوە لەبارەی هێرشکردنە سەر مامۆستایەک لە قەزای هیت دەدرێت

06-07-2019
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن مامۆستا
A+ A-

رووداو-هەولێر 

وەزارەتی پەروەردەی عێراق روونکردنەوە لەبارەی راستی رووداوی هێرشکردنە سەر مامۆستایەکی قەزای هیت دەدات و دەڵێت، رووداوەکە کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بووە و پەیوەندی بە پەروەردەوە نەبووە. 

وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، دیمەنێکی ڤیدیۆیی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە لەبارەی هێرشکردنە سەر مامۆستا عیماد خەلیل ئیبراهیم مەولا کە مامۆستای زمانی ئینگلیزییە لە قوتابخانەی دار سەلام لە قەزای هیت، گوایە رێگری لە قوتابییەک کردووە گزی بکات بۆیە هێرش کراوەتە سەری، بەڵام رووداوەکە بەو شێوەیە نییە. 

وەزارەتی پەوەردەی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە، رووداوەکە پەیوەندی بە کێشەی کۆمەڵایەتییەوە هەبووە و هیچ پەیوەندییەکی بە پەروەردەوە نەبووە.

هاوکات عەبدولمونعیم مزبان محەممەدی، بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزای هیت ئاماژەی بەوەکردووە، رووداوەکە لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بووە، دوور و نزیک هیچ پەیوەندییەکی بە پەروەردەوە نییە، هێزە ئەمنییەکان دەستوەردانیان کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.

ئەو بەڕێوەبەرە باسی لەوەشکرد، ئەمساڵ مامۆستا عیماد مەولا رانەسپێردراوە بۆ چاودێریکردنی ناوەندەکانی خوێندنی قۆناخی ئامادەیی.  

وەزارەتی پەروەردەی عێراق جەختدەکاتەوە، تاقیکردنەوە گشتییەکان لە قەزای هیت بەپێی یاسا، بە شێوەیەکی باش و بەبێ هیچ سەرپێچییەک بەڕێودەچێت کە شیاوی باسکردن بێت.

بەپێی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بەشێوەیەکی خێرا بڵاوبووەوە، دەردەکەوێت هێرش دەکرێتە سەر مامۆستا عیماد خەلیل ئیبراهیم مەولا و خێزانەکەی و ئەوەش کاردانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا. هاوکات بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان باسیان لەوە کردبوو، بەهۆی رێگری لە گزیکردنی قوتابییەک، هێرش کراوەتە سەر ئەو مامۆستایە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە