رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ تاوتوێکردنی شەش سکاڵا کۆببێتەوە کە سێ لە سکاڵاکان تایبەتن بە هەرێمی کوردستان، دوو لەو سکاڵایانە لە دژی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون و سکاڵایەکیشیان لە دژی بەسەرچوونی وادەی یاسایی ئەنجوومەنی پارێزگاکانە.
بەگوێرەى خشتەى دانیشتنەکانى دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق، بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، 6ـی ئابی 2023، دادگەکە بۆ تاوتوێکردنی شەش سکاڵا کۆببێتەوە. سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کە یەکێک لە سکاڵاکانی کردووە دەڵێت، "پێشبینی دەکەین دادگەکە لە بەرژەوەندیی ئێمە و زۆرینەی خەڵکی کوردستان بڕیار بدات و کەیسەکە ببەینەوە."
سکاڵایەکی یەکێتی لە دژی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە دژی پێنج مادەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان سکاڵای تۆمار کردووە، تێیدا سکاڵاکار داوای نادەستووریبوونی مادەکانی (1، 9، 15، 22 و 36)ـی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانی کردووە.
زیاد جەبار سکاڵاکەی لەسەر هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کردووە.
رۆژی 11-06-2023 دادگەکە لەسەر هەمان سکاڵا کۆبووەوە، بەڵام ئەوکاتە دانیشتنەکەی بۆ رۆژی 18-7-2023 دواخست و دواتریش بۆ ئەمڕۆ.
نێوەڕۆکی ئەو مادانەی یاسای هەڵبژاردن کە زیاد جەبار سکاڵای لەسەر تۆمار کردوون بەمشێوەیە:
- مادەی 1: پەرلەمانی کوردستان - عێراق لە 111 ئەندام پێکدێت.
- مادەی 9: هەرێمی کوردستانی عێراق بە یەک ناوچەی دەنگدان دادەنرێت.
- مادەی 15: بۆ هەرێمی کوردستان، تۆمار بە ناوی دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەپێی سەنتەرەکانی هەڵبژاردن ئامادە دەکرێن، بەپێی ریزبەندیی ئەبجەدیی ئەلفوبێ.
- مادەی 22: هەر کیانێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بۆی هەیە لیستێکی تایبەت بە بەربژێرەکانی خۆی لەسەر ئاستی کوردستانی عێراق پێشکێش بکات، کە رێژەیەکی ژنانی تێدابێت، لە 30% کەمتر نەبێت.
مادەی 36:
یەکەم: پێنج کورسی بۆ کلدان سریان ئاشووری تەرخان دەکرێت، بەربژێرەکانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن.
دووەم: پێنج کورسی بۆ تورکمان تەرخان دەکرێت، بەربژێرانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن.
سێیەم: یەک کورسی بۆ ئەرمەن تەرخان دەکرێت، بەربژێرانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن.
زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی رۆژی یەکشەممە، 6-8-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو سکاڵایە دوای ئەوە هات کە یەکێتی و پارتی و گۆڕان و لایەنەکان لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و هەموارکردنەوەی، ناکۆکییان هەبوو و نەگەیشتنە چارەسەر، ئیدی دوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و کۆمیسیۆن، سکاڵاکەمان لە دادگە تۆمارکرد بۆ ئەوەی مافەکان بگەڕێتەوە بۆ خاوەنەکانیان و ئەو کەموکورتییانەی هەن چارەسەر بکرێن."
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان پێیوایە دادگەکە لە بەرژەوەندیی ئەوان بڕیار دەدات.
سکاڵای سەرۆکی فراکسیۆنی رافیدەین لە دژی کورسیی کۆتا
سکاڵای دووەمیان لەلایەن ئامانج نەجیب شەمعوون، ئەندامى کۆتاى کریستان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى پێشکێش کراوە. ئامانج نەجیب شەمعوون لە سکاڵاکەیدا داوا دەکات دادگەکە، مادەی 36ی یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بە نادەستوورى لە قەڵەم بدات، کە تایبەتە بە کۆتای پێکهاتەکان لە پەرلەمانى کوردستان و مادەى نۆى هەمان یاسا کە هەرێمى کوردستانى وەکو یەک بازنەى هەڵبژاردن دیاریکردووە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان.
بەگوێرەى مادەى 36ی یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، پێنج کورسیی کۆتا لە پەرلەمانى کوردستان بۆ کلدان، سریان و ئاشووری تەرخان دەکرێن، لەگەڵ یەک کورسی بۆ پێکهاتەى ئەرمەن، ئەوەش جگە لە تەرخانکردنى پێنج کورسی بۆ تورکمانەکان.
لە مادەى نۆى هەمان یاسادا هاتووە، کە دەبێت هەرێمى کوردستان یەک بازنەى هەڵبژاردن بێت.
سکاڵایەک لە دژی درێژکردنەوەی وادەی یاسایی ئەنجوومەنی پارێزگاکا
سکاڵای سێیەم، کە ئەمڕۆ لە خشتەی کاری دادگەی فیدراڵییە، لەلایەن شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ و سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لەدژی درێژکردنەوەی وادەی یاسایی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکەن.
سکاڵاکە ژمارەی 124/فیدراڵی/2023 هەیە، لە دژی د. رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە.
لە سکاڵاکەدا، سکاڵاکاران داوایان لە دادگەکە کردووە مادەی دووی یاسای یاسای ژمارە سێی ساڵی 2009ـی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی هەموارکراو بە نادەستووری بزانێت و ئەنجوومەنی پارێزگاکان بە هەڵوەشاوە لە رۆژی کۆتاییهاتنی خولی هەڵبژاردنییەوە لە دوای تەواوکردنی چوار ساڵی خۆیان لە رۆژی یەکەم دانیشتنیان، بزانێت.
رۆژی پێنجشەممە، 22-6-2023، ئازاد محەممەد، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لەبارەی سکاڵاکەوە رایگەیاند، "ئەو درێژکردنەوەیەی کراوە پەرلەمانی کوردستان کردوویەتی و بەپێی مادە یاساییەکە درێژکردنەوەکە تاوەکو هەڵبژاردنێکی دیکە دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە چەند جارێک داوامانکردووە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکرێت، دوایینجاریش لە مانگی شوباتی ئەمساڵ بوو."
لە هەرێمی کوردستان دوو جار هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کراوە، دوایینیان لە 30 نیسانى 2014 بوو. لە رۆژی 23-6-2018ـەوە وادەی یاسایی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کۆتاییهاتووە، پەرلەمانی کوردستانیش سەرەتای مانگی تەمممووزی 2019 تەمەنی یاسایی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی تاوەکو هەڵبژاردنێکی دیکە درێژکردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ