رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گەیاندنی عێراق بڕیاری دا بە قەدەخەکردنی ئەپلیکەیشنی تەلەگرام و دەڵێت، ئەو بڕیارە لەپێناو پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و بۆ پاراستنی داتا کەسییەکانی هاووڵاتییانە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 06-08-2023، وەزارەتی گەیاندنی عێراق رایگەیاند، لەسەر داوا و پێشنیازی دەسەڵاتە باڵاکان و پەیوەندیدار بە ئاسایشی نیشتمانییەوە، بڕیاریان دا بە قەدەخەکردنی تەلەگرام، چونکە پێیوایە لەو رێگەیەوە زانیاری و داتا کەسییەکانی هاووڵاتییان دزەی پێکراوە و پێچەوانەی یاسا مامەڵە لەگەڵ ئەپلیکەیشنەکەدا کراوە.
وەزارەتی گەیاندنی عێراق دەڵێت، "دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەت چەندین جار داوایان لە ئیدارەی تەلەگرام کردووە کە هاوکاربن لە داخستنی ئەو شوێنانەی هۆکارن بۆ دزەپێکردنی داتا و زانیارییەکانی دامودەزگا فەرمییەکان و زانیاریی کەسیی هاووڵاتییان، بەشێوەیەک مەترسی بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و ئاشتیی کۆمەڵگە دروستکردووە، بەڵام کۆمپانیاکە وەڵامی نەداوەتەوە و هیچ یەکێک لەو داواکارییانەی جێبەجێ نەکردووە".
وەزارەتی گەیاندنی عێراق ئاماژەی بەوە داوە کە رێز لە مافی هاووڵاتییان دەگرن لە ئازادیی رادەبڕین و گەیاندن، بەبێ ئەوەی دەست ببرێت بۆ ئاسایشی دەوڵەت و دامودەزگاکانی، متمانەشیان بەوەیە کە هاووڵاتییان لەو رێکارە تێدەگەن.
ئەمە لەکاتێکدا لە دوێنێوە بەشێک لە گرووپە چەکدارە شیعەکان داوایان دەکرد تەلەگرام لە عێراق دابخرێت، پاساویان بۆ ئەو کارە ئەوەیە کۆمپانیاکە هاوکاریی عێراق ناکات لە سڕینەوەی ئەو کەناڵانەی کە سەر بە رێکخراوە تیرۆریستییەکانن، یان کەناڵی هەواڵی دزەپێکراون.
ئیبراهیم میرانی، جێگری سەرۆکی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، "پڕۆژەیاسای گەیاندن لە پەرلەمانە، یەکێک لە پێشنیازەکانیان ئەوەیە کە بە فەرمی نووسینگەی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانە لە عێراق بکرێتەوە، لەو رێگەیەوە دەتوانرێت کۆنتڕۆڵی کەناڵ و پەیجەکان بکرێت، هەمیش دەبێتە سەرچاوەیەکی داهات بۆ گەنجینەی عێراق."
هەروەها کاروان یاروەیس، ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق رۆژی یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، لیژنەکەیان لەگەڵ ئەوەیە هەندێک ئەپلیکەیشن و سایت دابخرێن و فیلتەر بکرێن کە مەترسین بۆسەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ئاسایشی عێراق، "بەڵام نابێت ئەمە بکرێتە پاساوێک بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادیی تاک و رادەبڕین."
رۆژی 22-07-2023 سەنتەری میدیای دیجیتاڵیی عێراق DMC هۆشداریی دا لە مەترسییەکانی تەلەگرام لە عێراق و رایگەیاند، بەمدواییانە دەیان کەناڵی تایبەت بە پەرەپێدانی تەکنیکی فێڵکردن و دنەدانی ئەلیکترۆنی کراونەتەوە، داتا و زانیاریی بەکاربەرانی عێراق و دەزگا ئەمنی و حکومییەکانیان بردووە. گوتیشی، کەناڵ هەیە بۆ هەراسانکردنی کچان و ژنانی عێراق، دوای دەستگرتن بەسەر هەژمارەکانیان، هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەکانیان لێدەکرێت لە رێگەی کەناڵی دیکەوە، بەهۆیەوە هەندێک کچ کوژراون و ئابڕووی دەیان خێزانی عێراق براون.
سەنتەری میدیای دیجیتاڵیی عێراق باس لەوە دەکات چەندین جار داوایان لە کۆمپانیاکە کردووە ئەو کەناڵانە دابخات، بەڵام گوێی پێ نەداوە، هاوکاریکردنیان لاواز بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ