لە زۆنگاوەکانی عێراق راوچییەکان بەشێوازێکی نایاسایی ماسی راودەکەن

06-08-2023
نەهرۆ محەممەد
ماسی خواردنێکی دڵخوازی عێراقییەکانە؛ بەگوێرەى ئامارى کۆمەڵەى نیشتمانى بۆ بەرهەمهێنەرانى ماسی لە عێراق، نزیکەى دوو ملیۆن کەس بژێویى ژیانیان لەسەر بەخێوکردنى ماسییە.
ماسی خواردنێکی دڵخوازی عێراقییەکانە؛ بەگوێرەى ئامارى کۆمەڵەى نیشتمانى بۆ بەرهەمهێنەرانى ماسی لە عێراق، نزیکەى دوو ملیۆن کەس بژێویى ژیانیان لەسەر بەخێوکردنى ماسییە.
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە زۆنگاوەکانی جبایش لە باشووری عێراق بەخێوکردنی گامێش و ماسی بە شادەماری بژێویی دانیشتووانەکەی دادەنرێت؛ ئێستا وێڕای گرفتاربوون بە دەست گۆڕانکاریی کەشوهەوا و کەمئاوییەوە، ماسیی زۆنگاوەکان بەشێوەیەکی نەشیاو راودەکرێن.
 
مەهدی ساڵح، ماسیگرە و دەڵێت، "رێگەکانی خراپ راوکردنی ماسی بریتین لە بەکارهێنانی کارەبا و راوکردن بە رێگەی تۆڕی ورد، بەمانە ماسی راودەکرێن و ئەوەش زۆرترین ماسی دەکوژێت و سامانی ئاژەڵ لەنێو دەبات. پێویستە پارێزگاری لێ بکەین و ماسی لە زۆنگاوەکان زۆر بێت."
 
ماسی خواردنێکی دڵخوازی عێراقییەکانە؛ بەگوێرەى ئامارى کۆمەڵەى نیشتمانى بۆ بەرهەمهێنەرانى ماسی لە عێراق، نزیکەى دوو ملیۆن کەس بژێویى ژیانیان لەسەر بەخێوکردنى ماسییە. پێشتر ساڵانە تەنیا لە حەوزە دەستکردەکاندا زیاتر لە یەک ملیۆن تۆن ماسی بەرهەم دەهێندرا، بەڵام ئێستا بۆ 400 هەزار تۆن دابەزیوە.
 
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بەپێی پلانی ساڵانە پەنجە ماسی و گەرای ماسی دەخاتە نێو زۆنگاوەکان، ئەوەش بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو ماسییانەی کە راوچییەکان بە نایاسایی راویان دەکەن.
 
ریسان موحسین، بەڕێوەبەری هۆبەی کشتوکاڵی جبایش دەڵێت، "هۆبەی کشتوکاڵیمان رێکاری پێویست دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی سامانی ماسی لە رێگەی کۆڕ و کۆبوونەوە بۆ پێدانی رێنمایی و هەروەها سزادانی ئەوانەی بەشێوەیەکی خراپ راو دەکەن و دەستگیریان دەکەین، بەتایبەتی ئەوانەی کارەبا بەکاردەهێنن کە زیان بە سامانی ماسی دەگەیێنێت."
 
وێڕای خراپیی رێگەکانی راوەسی، لە زۆنگاوەکاندا ماسی زۆر مردوون، ئەحمەد ئەسەدی چالاکوانی ژینگە و زۆنگاوەکان، هۆکارەکەی بۆ وشکەساڵی و زیادبوونی رێژەی خوێ و پیسبوون دەگەڕێنێتەوە. کەمبوونەوەی ئۆکسجین وایکردووە ژمارەیەکی زۆری ماسی بمرن؛ هەروەها زیانیشی بە هەموو زیندەوەرەکانی دیکەی نێو زۆنگاوەکان گەیاندووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە