کەشناسیی عێراق: بەمنزیکانە باران نابارێت

06-08-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دەستەی کەشناسیی عێراق رەتیکردەوە، هیچ ئاماژە و ئەگەرێک هەبێت، کە ئەمساڵ بارانی پێشوەختە ببارێت.
 
عامر جابری، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی کەشناسیی عێراق، رۆژی یەکشەممە، 06-08-2023 بە تۆڕی میدیای رووداوی راگەیاند، "تا ئێستا هیچ ئاماژەیەک، یان راپۆرتی بەشی پێشبنییەکان نییە کە باس لەوەبکات لەو ماوەیەدا باران دەبارێت، یان ئەمساڵ باران لە وادەی خۆی زووتر دەبارێت، بەڵکو لەو ماوەیەدا پلەی گەرما بەرزە".
 
ئەمە لەکاتێکدایە، هەندێک کەشناس، پێشبینییان کردووە، ئەمساڵ بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو باران لە وادەی خۆی زووتر دەبارێت. 
 
عامر جابری گوتی: "لە سەرەتای مانگی ئایارەوە کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی گەرمیی وەرزی دەستیپێکرد کاریگەرییەکانیشی بە روونی دیارن، ئەو نزمە پاڵەپەستۆیەش لە هەفتەی یەکەمی مانگی تەممووز بە روونی دەستیپێکرد، پلەی گەرما لە هەندێک ناوچەی عێراق بەتایبەتی لە نێوەڕاست و باشوور گەیشتە 52 پلە".
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی کەشناسیی عێراق، لە دوو رۆژی رابردوودا کەمێک پلەی گەرما دابەزیوە. دوو ساڵ لەمەوبەریش لە ناوچەی عەلی غەرەبی لە پارێزگای میسان پلەی گەرما گەیشتە 53 پلە، ئەو دیاردەش بۆ ناوچەکە نامۆ نییە". 
 
بەپێی راپۆرتێکی بانکی جیهانی لەبارەی ئابووریی عێراق، تاوەکو ساڵی 2050 بەرزبوونەوەی پلەی گەرما بە یەک پلەی سیلیزی و کەمبوونەوەی بارانبارین بە رێژەی 10٪، دەبنە هۆی کەمبوونەوەی ئاوی سازگار بە رێژەی 20٪، بەو هۆیەشەوە نزیکەی یەک لەسەر سێی زەویی بەراو لە عێراق ئاوی پێناگات.
 
 
 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە