رووداو دیجیتاڵ
فوئاد حوسێن دەڵێ، دانوستاندن لەنێوان بەغدا و هەولێر لەبارەی داهاتی نانەوتی چووەتە پێش و گوتی: "هیوادارین ئەو لیژنانەى نێوانیان کارەکانیان تاوەکو دووشەممە تەواو بکەن بۆ ئەوەی تاوەکو سێشەممە ئەو راپۆرتانەی پێشکێشی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێن ئەرێنی بن و لەژێر رۆشنایی ئەوەش بڕیاربدرێ."
ئەمڕۆ شەممە 6ی ئەیلوولی 2025، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی دانوستاندنەکانی نێوان بەغدا و هەولێر گوتی: "ئەوەی پەیوەندی بە داهاتی نانەوتییەوە هەیە زۆر چووەتە پێشەوە. بە تێڕوانینی من لەم رۆژانەدا دەگەنە لێکتێگەیشتن؛ هەر لایەک شرۆڤەی خۆی لەبارەی شرۆڤەی یاساکان پێشکێش کردووە."
رادەستکردنی داهاتی نانەوتی یەکێک لە مەرجەکانی ناردنی مووچەی هەرێمی کوردستانە کە تاوەکو ئێستا بەغدا و هەولێر لەسەر بڕی داهاتە رادەستکراوەکە نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی و تیمی هاوبەشی نێوانیان کاری لەسەر دەکەن.
فوئاد حوسێن لە پەراوێزی کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی بەغدا بۆ وزە بە رۆژنامەڤانانی گوت: "هیوادارین ئەو لیژنانە کارەکانیان تاوەکو دووشەممە تەواو بکەن بۆ ئەوەی تاوەکو سێشەممە ئەو راپۆرتانەی پێشکێشی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێن ئەرێنی بن و لەژێر رۆشنایی ئەوەش بڕیاربدرێ."
جگە لە داهاتی نانەوتی، رادەستکردنی نەوت و هەناردەکردنەوەی لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە مەرجێکی دیکەی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانە.
وەزیری دەرەوەی عێراق لەبارەی کێشەی نێوان کۆمپانیاکانی نەوت و بەغدا گوتی: "کێشەکە لەنێوان کۆمپانیاکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان نەبوو، لە نێوان کۆمپانیاکان و وەزارەتی نەوتیش نەبوو، کێشەکە سێ قۆڵی بوو و پێشبینی دەکەم لەم رۆژانەدا بگەنە ئەنجام کە لێکتێگەیشتنێکی سێ قۆڵی هەبێت."
بە گوێرەی لێکتێگەیشتنی نێوان بەغدا و هەولێر، دەبێت رۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوت بۆ هەناردە رادەست بکرێ تاوەکو لە بەرانبەردا 16 دۆلار بدرێتە کۆمپانیاکانی نەوت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ