رووداو دیجیتاڵ
بۆ بەدەستهێنانی کورسیی کۆتای کریستیان، شەبەک، ئێزدی، فەیلی و سابیئەی مەندائی لە پەرلەمانی عێراق، 53 بەربژێر لە هەرێمی کوردستان و عێراق لە کێبڕكێدان، زۆرترین بەربژێریش لە پارێزگای بەغدان، کە دوو کورسی کۆتای هەیە. حیزبی شیوعی کوردستانیش کە بۆ ئەم هەڵبژاردنە لیستی نییە، دەیەوێت لە رێگەی پشتگیریکردن لە بەربژێرێکی کۆتا بگاتە پەرلەمانی عێراق.
لە کۆی 329 کورسیی پەرلەمانی عێراق، 9 کورسی بۆ کۆتای پێکهاتەکانە؛ 2 نوێنەری پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستانن، 7 نوێنەرەکەی دیکەش لە کەرکووک و پارێزگاکانی عێراقن.
لە کورسیی کۆتاکان زۆرترینیان بۆ کۆتای کریستیانە، کە 5 کورسییە، ئەوانی دیکەش وەکو کوردانی شەبەک، ئێزدی و فەیلی و سابیئەی مەندائی، هەر یەکێکیان کورسییەکیان لە پەرلەمان هەیە.
نەینەوا سێ کۆتا و 13 بەربژێر
پارێزگای نەینەوا کە 34 نوێنەری لە پەرلەمانی عێراقدا هەیە، سێی بۆ کۆتاکانە، ئەوانیش: کوردی ئێزدی، کوردی شەبەک و کۆتای کریستیانن.
کورسیی کۆتای ئێزدی لە موسڵ زۆرترین بەربژێر کێبڕکێی لەسەر دەکات، کە 7 بەربژێرن. هەروەها چوار شەبەک کێبڕکێ لەسەر کورسی کۆتای شەبەک دەکەن، هەرچی کورسیی کۆتای کریستیانە، دوو بەربژێر کێبڕکێی لەسەر دەکەن.
9 بەربژێری فەیلی بۆ یەک کورسی
لە پارێزگای واست، یەک کورسیی کۆتا بۆ کوردی فەیلی دانراوە، بۆ ئەم هەڵبژاردنە 9 بەربژێری کوردی فەیلی کێبڕکێ لەسەر ئەو تاکە کورسییە دەکەن.
شیوعی چاوی لە کۆتای هەولێرە
حیزبی شیوعی کوردستان، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لیستی نییە، بەڵام پشتگیری بەربژێرێکی کریستیان بە ناوی سائیرە یوسف عوسمان دەکات، کە بە کۆتا لە سنووری پارێزگای هەولێر خۆی بەربژێر کردووە.
هیوا عومەر، جێگری سکرتێری حیزبی شیوعی کوردستان، بە رووداوی گوت، "ئێمە لەگەڵ لیستێکی کوردستانی بووین، بەڵام لایەنەکان نەگەیشتنە رێککەوتن، بۆیە بڕیارمان دا لیستمان نەبێت، بەڵکو پشتگریی بەربژێرێکی کۆتای کریستیان دەکەین لە بازنەی هەولێر."
جێگری سکرتێری حیزبی شیوعی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا ئەوان ئەزموونیان لە پاڵپشتی کۆتایی کریستیان هەیە و گوتی: "لە هەڵبژاردنی خولی رابردووی پەرلەمانی عێراق پشتگیری کۆتای کریستیانمان کرد و دەرچوو."
لە بازنەی هەولێر جگە لە سائیرە، سێ بەربژێری دیکەش کێبڕکێ لەسەر تاکە کورسیی کۆتای کریستیان دەکەن.
کۆتای کریستیان لە دهۆک
ژماری کورسیی گشتیی بازنەی دهۆک 11 کورسییە، لەگەڵ کورسییەک بۆ کۆتای کریستیان، بۆ ئەم هەڵبژاردنە چوار بەربژێری کریستیان کێبڕکێ لەسەر ئەو تاکە کورسییە دەکەن.
کۆتای کریستیان لە کەرکووک
کەرکووک 13 نوێنەری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەیە، کە یەک نوێنەریان بۆ کۆتای کریستیانە. لەم هەڵبژاردنەدا حەوت بەربژێر کێبڕکێ لەسەر کورسیی کۆتای کریستیان دەکەن.
16 بەربژێر بۆ دوو کۆتاکەی بەغدا
پارێزگای بەغدا کە 71 نوێنەری لە پەرلەمانی عێراقدا هەیە، نوێنەرێکیان بۆ کۆتای سابیئەی مەندائی و یەکێکیشیان بۆ کۆتای کریستیان تەرخانکراوە.
بۆ ئەو دوو کورسییە کۆتایە، 16 بەربژێر کێبڕکێ دەکەن، 13یان بەربژێرى کۆتاى سابیئەى مەندائین، سێ بەربژێرەکەی دیکەش کێبڕکێ لەسەر کورسیی کۆتای کریستیان دەکەن، کە یەکێکیان ئیڤان فایەق جەبرۆ، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراقە.
کۆتاکان یەک بازنەی هەڵبژاردنیان دەبێت
بەگوێرەی مادەی 15ی یاسای هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و یاسای ئەنجوومەنی پارێزگای قەزا و ناحیەکان، پێکهاتەکان یەک بازنەی هەڵبژاردنیان دەبێت. بۆ نموونە دەنگدەرێک لە بەسرە دەتوانێت دەنگ بە بەربژێرێکی کۆتا لە بەغدا بدات. یان دەنگدەرێک لە هەولێر دەتوانێت دەنگ بە کۆتای فەیلی لە پارێزگای واست بدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ