وەزارەتی پەروەردەی عێراق پەرلەمانتارێک دەداتە دادگە

06-11-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
لۆگۆی وەزارەتی پەروەردەی عێراق
لۆگۆی وەزارەتی پەروەردەی عێراق
نیشانەکردن عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەرى پەروەردەى نەینەوا رەوانەى نەخۆشخانە دەکرێت لەدواى ئەوەى لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ پەرلەمانتارێکی پارێزگاکە تووشى دەمەقاڵێ دەبێت، وەزارەتى پەروەردەى عێراقیش دەڵێت، "دەستدرێژی کراوەتە سەر بەڕێوەبەرى پەروەردە و رێوشوێنى یاسایی لەدژى ئەو پرسە دەگرینەبەر."
 
بەگوێرەى گرتەیەکى ڤیدیۆیی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، خالید جبوورى، بەڕێوەبەرى گشتیى پەروەردەى نەینەوا لەگەڵ یەکێک لە پەرلەمانتارانى پشکى پارێزگاکە لە هۆڵێکدا لە شارى مووسڵ دەبێتە دەماقاڵێیان.
 
رۆژی 5ـی تشرینى دووەمى 2023، وەزارەتى پەروەردەى عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "دەستدرێژى کراوەتە سەر بەڕێوەبەرى پەروەردەى نەینەوا و بەپەلە رەوانەى نەخۆشانە کراوە."
 
وەزارەتى پەروەردەى عێراق ئاماژەى بەوەشداوە، ئەو پەرلەمانتارە بەبێ ئەوەى ناوى بهێنێت بەبێ ئاگادارکردنەوە چووەتە هۆڵى کۆبوونەوەیەکى وەزارەت لەنێو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیى پەروەردەى نەینەوا و بەهۆیەوە ئەو دەمەقاڵێیە روویداوە، دەشڵێت، "رێز لە رۆڵى چاودێرى و پەرلەمانتاری دەگرین، بەڵام پەیوەستین بە مافى یاسایی بۆ بەرگریکردن لە فەرمانبەرانى وەزارەت، وەزیرى پەروەردە فەرمانیداوە کە پرسەکە ببرێتە بەردەم دادگە." 
 
رۆژی 6ـی تشرینى دووەمى 2023، سەید کەریم، گوتەبێژى وەزارەتى پەروەردەى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "رێوشوێنی یاسایی دەگرینەبەر لەسەر ئەو رووداوە."
 
لەبارەى ئاگادارکردنەوەى سەرۆکایەتیی پەرلەمان لەو رووداوە سەید کەریم گوتى، "بەدڵنیاییەوە لایەنە پەیوەندیدارەکان لەبارەى رووداوەکە ئاگادار دەکرێنەوە."
 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە