عێراق
ژمارەیەک سەربازی ئەمریکی لە 13-01-2020، لە سەربازگەی عەین ئەسەد و پاش هێرشێک بۆ سەریان خەوشوخاڵ کۆدەکەنەوە. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ جارێکی دیکە گرووپە چەکدارە شیعەکان کە خۆیان وەک مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دەناسێنن هێرشیان کردە سەر بنکەی سەربازیی هێزەکانی ئەمریکا لە عەین ئەسەد.
ئەو گرووپە چەکدارانە بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 6-12-2023، لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەیان بەوەکرد، هێرشەکەیان بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان ئەنجامداوە.
سەربازگەی عەین ئەسەد دەکەوێتە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق و هێزەکانی ئەمریکا لەو بنکەیە جێگیرکراون.
گرووپەکە لەبارەی هۆکاری هێرشەکە دەڵێت، "لە تۆڵەی هێرشەکانی سەر کەرتی غەززە و کردنە ئامانجی "موجاهید و مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" هێرشەکەیان ئەنجامداوە.
رۆژی یەکشەممە، 03-12-2023، کاروانێکی حەشدی شەعبی لە سنووری قەزای دووبزی سەر بە کەرکووک بۆردوومان کرا. گرووپێکی چەکداریی شیعەکان کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامی" ناساندووە رایگەیاند، پێنج چەکداریان کوژراون و ئەمریکاشی بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار کرد.
هەروەها رۆژی سێشەممە 5ـی کانوونی یەکەمی 2023، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا - سێنتکۆم رایگەیاند، "لە عێراقەوە بە مووشەک هێرش کراوەتە سەر بنکەی سەربازیی روومێلان لە سووریا، بەڵام هێرشەکە هیچ زیانێکی نەبووە".
دوای هێرشەکەش، سێنتکۆم دەستبەجێ هێزە عێراقییەکانی ئاگادار کردوونەتەوە و گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە، لە شوێنی رووداوەکە دەستیان بەسەر بارهەڵگرێکدا گرتووە کە سەکۆی مووشەکی لەنێودا جێگیر کرابوو.
لە 17ـی ئۆکتۆبەری ئەم ساڵەوە و دوای چڕبوونەوەی شەڕی ئیسرائیل و حەماس، گرووپە چەکدارەکان لە عێراق و سووریا دەیان هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و لە بەرامبەریشدا هێزەکانی ئەمریکا بنکە و چەکدارانی ئەو گرووپانەیان لە چەند شوێنێک کردووەتە ئامانج.
رۆژی سێشەممە، 5-12-2023، ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، لەبارەی هێرشەکانی هێزەکانی ئەمریکا بۆ سەر ژمارەیەک هێز لە میلیشیاکانی عێراق لە بڵاوکراوەیەکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "زانیارییە وردەکان بابەتێکی گرنگن، ئەم راگەیێندراوە دووبارە دەنێرینەوە کە لەبارەی گرتنەبەری رێکارە سەربازییەکانە بۆ بەرگریکردن لە خۆمان لە دژی میلیشیا بەرپرسیارەکان لەو هێرشانەی دەکرێنە سەر بنکە عێراقییەکان کە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییان تێدایە".
لە 18-10-2023ـوە تاوەکو 23-11-2023 بەشێک لە گرووپە چەکدارە شيعەکانى نزیک لە ئێران کە ناوى خۆيان ناوە "مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق"، بەرپرسیاریێتى خۆیان لە 67 هێرش راگەیاندووە، کە گوایە کردوویانەتە سەر بنکەکانى ئەمریکا لە عێراق و سووریا و هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ