رووداو دیجیتاڵ
درەنگانی شەوی رابردوو دەیان لایەنگری رەوتی سەدر هەڵیانکوتایە سەر بارەگەکانی رەوتی حیکمەی نیشتمانی لە بەغدا. بەرپرسێکی رەوتی حیکمەش دەڵێت، "ئامانج لەو هێرشانە بەڕێوەنەچوونی هەڵبژاردنە و ئەگەری فراوانبوونی هەڵمەتەکەش هەیە".
شەوی رابردوو لایەنگرانی سەدر لە ناوچەکانی جەمیلە، تالبییە و شەعب لە شاری بەغدا چوونە سەر بارەگەکانی رەوتی حیکمە، وێنەی موقتەدا سەدریان بەرزکردەوە و دروشمیان دژی رەوتی حیکمە گوتەوە.
خۆپێشاندەران وێنەی بەربژێرەکانی رەوتی حیکمەیان دڕاند و سووتاند و بارەگەکانی حیکمەیان داخست. لە پارێزگای دیالەش بەهەمان شێوە هێرشکرایە سەر بارەگەکانی رەوتی حیکمە.
لەو بارەیەوە عەلی بدرێری، ئەندامی دەستەی گشتیی رەوتی حیکمە رۆژی چوارشەممە، 06-12-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ژمارەیەک بارەگەی رەوتی حیکمە لە شاری بەغدا رووبەڕووی هێرش و پەلامار بوونەوە. زیانەکان مادین و زیانی گیانی نەبووە. چاوەڕوان دەکرێت بازنەکە فراوانتر بێت و بەشێک لە پارێزگاکانی دیکە بگرێتەوە."
ئەندامەکەی دەستەی گشتیی رەوتی حیکمە گوتی، "ئامانجی سەرەکی لەو هێرشانەی سەر بارەگەکانی رەوتی حیکمەی نیشتمانی، بەڕێوەنەچوونی هەڵبژاردن و ئاڵۆزکردنی دۆخی عێراقە. پەیامەکە ئەوەیە هەڵبژاردن نەکرێت."
ئەو هێرش و پەلامارانە دوای ئەوە هاتن، پۆستێکی بەلیغ ئەبو گەلەل، ئەندامی دەستەی گشتیی رەوتی حیکمەی نیشتمانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە کە تێیدا رەخنە لە موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر دەگرێت لەسەر ئەوەی بایکۆتی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی کردووە. بەلیغ ئەبو گەلەل، سەدر بەوە تۆمەتبار دەکات کە لە" شیعە هەڵگەڕاوەتەوە و هەوڵدەدات شیعە بکاتە کەمینە."
بەڵام ئەبو گەلەل ئەو قسانەی رەتکردەوە و رایگەیاند، ئەو پۆستەی بەناوی ئەو بڵاوکراوەتەوە "ساختەیە".
رۆژی 13ـی تشرینی دووەم، موقتەدا سەدر داوای لە لایەنگرانی کرد بایکۆتی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ