بافڵ تاڵەبانی بۆ سوودانی: ژیان و گوزەرانی خەڵک دەبێت کاری لەپێشینەی حکومەت بێت

06-12-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە و بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەکەی، بافڵ تاڵەبانی بە محەممەد شیاع سوودانی گوتووە "ژیان و گوزەرانی خەڵک دەبێت کاری لەپێشینەی حکومەت بێت."
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 6-12-2023، نووسینگەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکە رایگەیاند، "دۆخی گشتیی وڵات و هەوڵەکانی حکومەت بۆ پێشکێشکردنی خزمەتگوزاریی زیاتر گفتوگۆی لەبارەوە کرا و جەخت لە هەماهەنگی و هاریکاریی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان کرایەوە لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکان و پاراستنی سەقامگیریی لە ناوچەکەدا."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکی یەکێتی، "بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بە هەوڵەکانی شاندی هەرێم کرد بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی نیشتمانی لەگەڵ بەغدا و روونیکردەوە گەڕانەوە بۆ دەستوور و هاوبەشیی راستەقینە، فاکتەری سەرەکیی چارەسەرکردنی کێشەکانە."
 
بافڵ تاڵەبانی گوتوویەتی، "ژیان و گوزەرانی خەڵک دەبێت کاری لەپێشینەی حکومەت بێت و هەموولایەکیش هاوکار و هەماهەنگبن لەو پێناوەدا."
 
سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە، وەکو لە راگەیێندراوەکەی نووسینگەی سەرۆکی یەکێتیدا هاتووە: "بافڵ تاڵەبانی، سیاسەتی یەکێتی خستەڕوو و رایگەیاند ناوچەکە بە قۆناخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت، ئەرکی هەموو لایەکە بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و وڵات لە هەموو ئەگەرێکی نەخوازراو بپارێزن."
 
نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی کۆبوونەوەکەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، "هەردوولا باسیان لە ژمارەیەک دۆسیە و پرس لەسەر ئاستی نیشتمانی و جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت بەپێی لەپێشترێتییەکانی خزمەتگوزاری و گەشەپێدان و ئابووری کردووە، لەگەڵ رێگەکانی پشتیوانیی هێزە سیاسییەکان بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجانە." 
 
بەپێی راگەیێندراوەکە "محەممەد شیاع سوودانی لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لەسەر رژدبوونی حکومەت لەسەر دۆخی ژیانی سەرجەم عێراقییەکان لە هەموو پارێزگاکانی عێراق کردووەتەوە، جگە لە بایەخدان بە باشترکردنی دۆخی خزمەتگوزاری، ئەوەش لەپێناو بەدیهێنانی وەرچەرخانێکی چەندیێتی لە دۆخی کۆمەڵایەتی و بەجێگەیاندنی چاوەڕوانییەکانی خەڵک."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی بووک و زاوایەک.

هاوژینی و جیابوونەوە لە عێراق کەمیکردووە

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەڵێ، لە تشرینی دووەمی 2025دا هاوژینی و جیابوونەوە بەراورد بە مانگی پێشتر کەمیکردووە. مانگی رابردوو زیاتر لە 26 هەزار گرێبەستی هاوژینی و 5 هەزار جیابوونەوە تۆمارکراون.