رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى ناوخۆى عێراق دەڵێت، لە مانگی شوباتدا پێنج هەزار داواکراو دەستگیرکراون کە 371 کەسیان "تیرۆریست" بوون.
7ى ئادارى 2024، عەمید میقداد میرى، گوتەبێژى وەزارەتى ناوخۆى عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئاژانسى هەواڵگرى و لێکۆڵینەوە فیدراڵییەکانى سەر بەو وەزارەتە زیاتر لە پێنج هەزار فەرمانى دەستگیرکردنى داواکراوانى جێبەجێکردووە.
میقداد میرى کە هاوکات گوتەبێژى شانەى راگەیاندنى ئەمنیی عێراقە، رایگەیاند، لەو پێنج هەزار کەسە 371یان بە تۆمەتى تیرۆر دەستگیرکراون کە هەموویان بەگوێرەى مادەى 4ی یاساى بنبڕکردنى تیرۆر داواکراو بوون.
مادەى 4ی یاسای بنبڕکردنى تیرۆر تایبەتە بە تاوانى بەشدارى راستەخۆ یان هاوبەش لە کارى تیرۆریستى کە سزاکەى لەنێوان بەندکردنى تاهەتایی بۆ لەسێدارەدانە.
گوتەبێژى وەزارەتى ناوخۆى عێراق دەشڵێت، هەر لە مانگى رابردوودا دوو پێگەى چەکدارانى رێکخراوى داعش لە عێراق خاپوور کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ