عێراق
دیمەنێک لە گرتە ڤیدیۆییەکە؛ تێیدا کچە خوێندکارێکی کۆلێژى رافیدەین لە بەغدا وێنەى سەدامى بە کڵاوەکەیەوە لکاندووە.
رووداو دیجیتاڵ
کۆلێژى رافیدەین لە بەغدا بڕیاریدا، ئەم ساڵ کچە خوێندکارێکى بە کەوتوو دابنێت، دواى ئەوەى وێنەى سەدام حوسێنى بە کڵاوى تایبەت بە ئاهەنگی دەرچوونییەوە لکاندبوو.
7ى ئادارى 2024، کۆلێژى رافیدەین لە بەغدا لە راگەیێندراوێکدا بڕیارى سزادانى ئەو کچە خوێندکارەى بڵاوکردەوە، ئەوەش بە هۆى ئەوەى لە ئاهەنگى دەرچوونیدا وێنەى سەدام حوسێنی بە کڵاوەکەیەوە لکاندبوو.
ئاهەنگەکە رۆژى چوارشەممە 6ى ئادار لەنێو کۆلێژەکە کرا. ئەو کچە خوێندکارە لە گرتەیەکى ڤیدیۆییدا دەردەکەوێت کە وێنەیەکى سەدام حوسێنى بە بەشى سەرەوەى کڵاوەکەیەوە لکاندووە.
دیمەنەکە هەر زوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە و هەمان رۆژ کۆلێژى رافیدەین رایگەیاند، کەیسی کچە خوێندکارەکەى داوەتە لیژنەى لێکۆڵینەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە کۆلێژى رافیدەین بڕیاریدا ئەو کچە خوێندکارە بۆ ئەم ساڵى خوێندن بە کەوتوو دابنێت.
ئەو کچە خوێندکارى بەشی تەکنیکى تاقیگە پزیشکییەکانە لە کۆلێژى رافیدەین و سزاکەى بەگوێرەى بڕگەى 2ی مادەى 5ی رێنمایی ژمارە 160ى ساڵى 2007ى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى عێراق بووە.
ئەو بڕگەیە باس لەوە دەکات کە هەر خوێندکارێک مامەڵەیەک بۆ هاندانى تائیفی، نەتەوەیی و حیزبى لەنێو زانکۆدا بکات سزاکەى راگرتنە لە خوێندن، بەو مەرجەى راگرتنەکە لە ساڵێک زیاتر نەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ