عەممار حەکیم: شەرمەزارییە بازاڕی کڕین و فرۆشتنی بەربژێر و دەنگدەران هەبێت

07-06-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی داوایکرد "پەیمانێکی شەرەفی نیشتمانی" لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق هەبێت و رایگەیاند: "شەرمەزارییە بازاڕ و بۆرسەی کڕین و فرۆشتنی بەربژێر و دەنگدەران هەبێت."
 
رۆژی شەممە، عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی لە گوتاری نوێژی جەژنی قورباندا، باسی لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق کرد و گوتی: "پێویستمان بە پەیمانێکی شەرەفی نیشتمانییە کە تێیدا سەرجەم هێزە سیاسییەکان بەڵێن بدەن پارەی سیاسی وەک چەکێک لە هەڵبژاردندا بەکارنەهێنن و بەرژەوەندیی باڵای وڵات بخەنە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکی دیکەوە."
 
چاوەڕوان دەکرێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە کۆتایی ئەم ساڵدا بەڕێوەبچێت و هەر لە ئێستاوە باس لە کڕین و فرۆشتنی بەربژێر و دەنگدەران دەکرێت. لەمبارەیەوە عەممار حەکیم گوتی: "شەرمەزارییە بازاڕ و بۆرسە بۆ کڕینی بەربژێر و دەنگدەران هەبێت. ئەمە کارێکی قێزەونە، پارەی حەرامە و خیانەتە لە گەل و نیشتمان."
 
سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی راشیگەیاند: "لە کۆتاییهاتنی خولی ئێستای پەرلەمان نزیک دەبینەوە و ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی نوێ دەستیپێکردووە. ئەمەش نیشانەیەکی دیکەی بووژانەوە و سەقامگیریی سیستمی سیاسییە لە چوارچێوەی ئەزموونی دیموکراسیی عێراقدا کە زیاتر لە دوو دەیەیە بەردەوامە."
 
عەممار حەکیم جەختیشی کردەوە، ئێستا پێکهێنانی حکومەتەکان لە عێراق لە رێگەی دەنگدانەوەیە و گوتی: "عێراق پێویستیی بە حکومەتێکی دامەزراوەیی هەیە کە خەمی خزمەتگوزاری و گەشەپێدانی ستراتیژی بێت، دوور لە ململانێ و کێبڕکێی تووندی هەڵبژاردن. دەبێت کێبڕکێی هەڵبژاردنەکان لەسەر بنەمای پڕۆگرامی گەشەپێدانی گشتگیر بێت، کە بناخەیەک بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی هاوچەرخ و دادپەروەر دابنێت."
 
سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانیی رایگەیاند، "پێویستە سیستمی هەڵبژاردنمان لەمبارەیەوە یەکلاکەرەوە و تووند بێت، هەرچەندە ئاڵنگارییەکانیش زۆر بن، چونکە ئەمە تاکە رێگەیە بۆ پاراستنی متمانەی دەنگدەر و پابەندبوونی بە سندووقەکانی دەنگدان وەک تاکە رێگەی گۆڕانکاری."
 
سەرۆکی رەوتی حیکمە پەیامێکی ئاراستەی گەنجان کرد و داوای لێکردن گۆڕەپانەکە بۆ "شکستخواردووان" چۆڵ نەکەن و گوێ لە "دەنگی بێهیوایی" نەگرن. عەممار گوتی: "گرەو لەسەر هۆشیاریی ئێوە دەکرێت، رێگە مەدەن کەس دەست بەسەر دەنگتاندا بگرێت یان ویستە نیشتمانییەکانتان بەلاڕێدا ببات... ئەی گەنجان، بەشداربن، چاودێربن، خۆتان هەڵبژێرن و ببنە خاوەن بڕیار."
 
عەممار حەکیم ئاماژەی بە رۆڵی نوێی عێراق لە ناوچەکەدا کرد و میوانداریکردنی کۆبوونەوە هەرێمییەکانی بە "لاپەڕەیەکی نوێی بووژانەوە و کرانەوەی هەرێمی و نێودەوڵەتی" ناوبرد، کە "رەنگدانەوەی توانای عێراق بوو لە گێڕانی رۆڵێکی سەرەکی لە نزیککردنەوەی بۆچوونەکان و چەسپاندنی لۆژیکی دیالۆگ لەبری جەنگ."
 
هەروەها گوتی: "ئەو دەرفەت و خاڵە هاوبەشانەی کە هەن، دەمانخەنە ریزی وڵاتانی پێشکەوتووەوە، بەتایبەت لە بواری ئابووری و گەشەپێداندا. تەنیا پێویستمان بەوەیە سەرنجمان لەسەر وەبەرهێنانی ئەو دەرفەتانە و پشتیوانیکردنی یەکتر بێت بۆ بنیاتنانی گەلەکانمان و ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکانمان."
 
لە کۆتایی وتارەکەیدا، عەمماری حەکیم ئاماژەی بە قەیرانی کارەبا کرد و گوتی: "ئەمڕۆ بانگەوازەکەم بۆ هەموو لایەنەکان دووبارە دەکەمەوە کە پشتیوانیی حکومەت بکەن بۆ راگەیاندنی دۆخی ئامادەباشیی ستراتیژی، بەمەبەستی چارەسەرکردنی قەیرانی کارەبا بە شێوەیەکی ریشەیی و یەکجارەکی. نابێت ئەم هەوڵە تەنیا لەسەر شانی حکومەتی ئێستا بێت، بەڵکو دەبێت بەردەوام بێت تاوەکو لەم قەیرانە سەخت و درێژخایەنە رزگارمان دەبێت و پێویستە هەموومان لەم پرسەدا هاوکار بین."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گواستنەوەی چەکدارانی داعش بە یاوەری سەربازانی ئەمریکا. وێنەکە AFP

رووداو لیستی ئەو چەکدارانەی داعش بڵاودەکاتەوە کە لە سووریاوە بۆ عێراق گوێزراونەتەوە

تۆڕی میدیایی رووداو لە رێگەی بەرپرسێکی باڵای ئەمنیی عێراقەوە ژمارەی ئەو چەکدارانەی پێشووی داعشی دەستکەوتووە کە لە سووریاوە بۆ عێراق گوێزراونەتەوە و ئێستا لە زیندانی کەرخ لە بەغدا دەستبەسەرن. چەکدارەکان هەڵگری وڵاتینامەی چەندین وڵاتن.