حکومەتى عێراق سێ ملیار دینار بۆ رووبەڕووبوونەوەی تاى خوێنبەربوون تەرخاندەکات

07-07-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاری دا لیژنەیەک بۆ دیاریکردنى پڕۆژەیاسا لەپێشینەکان پێکبهێنرێت؛ بڕى سێ ملیار دیناریشی تەرخانکرد بۆ رووبەڕووبوونەوەى تاى خوێنبەربوون.
 
رۆژی 6ى تەممووزى 2023، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق کۆبووەوە؛ بەگوێرەى راگەیێندراوێکى نووسینگەى رۆژنامەڤانیی محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەو کۆبوونەوەیەدا چەند بڕیارێک دراون.
 
لەو کۆبوونەوەیەدا سوودانى بڕیاریداوە لیژنەیەک پێکبهێندرێت بۆ دیاریکردنى ئەو پڕۆژەیاسایانەى لە پێشینەن بۆ ئەوەى رەوانەى  پەرلەمان بکرێت بەمەبەستى پەسندکردنى، هاوکات هەردوو پڕۆژەیاسای بنبڕکردنى بێسەرشوێنکردنى زۆرەملێ، پەیماننامەى خزمەتگوزارى گواستنەوەى ئاسمانى نێوان عێراق و رووسیا پەسند کران.
 
رۆژی 12ى تەممووز پشووى وەرزى یاسادانانى یەکەمى پەرلەمانى عێراق کۆتایی دێت و بڕیارە لەدواى ئەو وادەیە دەست بە کۆبوونەوەکانى بکاتەوە.
 
هەروەها ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاریدا بە تەرخانکردنى سێ ملیار دینار لە یەدەگى بارى لەناکاوى بودجەى 2023 بۆ لیژنەى باڵاى نیشتیمانى تاى خوێنبەربوون، بەمەبەستى رووبەڕووبوونەوەى ئەو پەتایە. 
 
بەگوێرەى دوایین ئامارى وەزارەتى تەندروستیى عێراق، لە سەرەتاى ئەمساڵەوە زیاتر لە 225 تووشبووى تاى خوێنبەربوون لە عێراق تۆمارکراون، کە 35یان گیانیان لەدەستداوە.
 
لەم هەفتەیەدا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دوو جار کۆبووەوە، ئەویش رۆژانی 4 و 6ی مانگ بوو.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە