رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای فیدراڵی لە یەکەم کۆبوونەوەیدا بە سەرۆکایەتى سەرۆکى نوێى دادگەکە، شەش بڕیارى دەکرد و رایگەیاند، دەست لە ململانێ سیاسییەکانی تایبەت بە هەڵبژاردن وەرنادەن.
ئەمڕۆ دووشەممە، 7ى تەممووزى 2025، دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق، یەکەم کۆبوونەوەى راوێژکاریی بە سەرۆکایەتیى مونزر ئیبراهیم حوسێن، سەرۆکى نوێى دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق کرد.
لەو کۆبوونەوەیەدا شەش بڕیار دەرکراون، لەوانە؛ پابەندبوون بە پسپۆڕییە دەستوورییەکانی و فراواننەکردنى و جەختکردنەوە لەسەر سەربەخۆیی دادگە لە دەرکردنی بڕیارەکانیدا و رێگەنەدان بە دەستوەردانی سیاسی لە کارەکانیدا و پابەندبوون بە بێلایەنی.
هەروەها دادگە بڕیاری دا دەستوەرنەدەن لە کاروباری هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و رێزگرتن لەو بڕیارانەی لێیانەوە دەردەچێت، مەگەر ئەوانەیان کە پێشێلکاریی دەقەکانی دەستوور بن.
دادگەی باڵای فیدراڵی رایگەیاندووە دەست لە ململانێ سیاسییەکانی تایبەت بە هەڵبژاردن وەرنەدات. هەروەها رایگەیاندووە دادگەکە یەکێکە لە پێکهاتەکانی دەسەڵاتی دادوەری و بە هەوڵی زۆرەوە لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و پێکهاتەکانی دیکەی دەسەڵاتی دادوەری کاردەکات بۆ بەهێزکردنی چەمکی دادپەروەری.
3ى تەممووز دادوەر مونزر ئیبراهیم حوسێن، وەک سەرۆکی نوێی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، لە بەردەم لەتیف جەمال رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە کۆشکی بەغدا سوێندی دەستووری خوارد، ئەمەش دوای ئەوەی جاسم عمێرى سەرۆکى پێشووى دادگەکە خانەنشین کرا.
دەقی بڕیارەکانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق:
دادگەی باڵای فیدراڵی لە شەش خاڵدا جەخت لەسەر بنەماکانی کارکردنی دەکاتەوە
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، لە راگەیێندراوێکدا پابەندبوونی خۆی بە چەند بنەمایەکی سەرەکی دووپاتکردەوە، کە گرنگترینیان سەربەخۆیی دادگە، بێلایەنی و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانە.
خاڵەکان بەم شێوەیەن:
یەکەم: جەختکردنەوە لە پابەندبوونی دادگەی باڵای فیدراڵی بە دەسەڵاتە دەستوورییەکانی، بەپێی ئەوەی لە مادەکانی (52 و 93)ـی دەستوور و مادەی (4)ـی یاسای ژمارە (30)ـی ساڵی 2005ـی هەموارکراو بە یاسای ژمارە (25)ـی ساڵی 2021دا بۆی دیاریکراوە، فراواننەکردنی ئەم دەسەڵاتانە. هەروەها جەختکردنەوە لەسەر سەربەخۆیی دادگە لە دەرکردنی بڕیارەکانیدا و رێگەنەدان بە دەستوەردانی سیاسی لە کاروباری دادگەدا.
دووەم: جەختکردنەوە لەسەر پابەندبوونی دادگەی باڵای فیدراڵی بە بێلایەنی و ئەوەی کە لە دوورییەکی یەکسانەوە لە هەموو لایەنە سیاسییەکان دەڕوانێت. هەروەها ئامانجی سەرەکی، پارێزگاریکردنە لە سیستمی سیاسیی عێراق و رێزگرتنە لە مافە دەستوورییەکانی سەرجەم پێکهاتەکانی گەلی عێراق.
سێیەم: دەستوەرنەدان لە کاروباری هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و رێزگرتن لەو بڕیارانەی لێیانەوە دەردەچن، کە لە چوارچێوەی کارەکانیاندایە و دەستوور پێی بەخشیون، مەگەر ئەوانەیان کە پێشێلکاریی دەقە دەستوورییەکانی تێدا بێت، کە لەو بارەدا دەکرێت لە رێگەی سکاڵای دەستوورییەوە رووبەڕوویان ببینەوە، لەگەڵ چەسپاندنی پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان.
چوارەم: جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی رۆڵی دادگەی باڵای فیدراڵی سەبارەت بە هەڵبژاردنە گشتییەکانی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەران، بەپێی ئەوەیە کە لە بڕگەی (حەوتەم)ـی مادەی (93)ـی دەستووردا دیاریکراوە و دادگە دەست لە ململانێ سیاسییەکانی تایبەت بەم بابەتە وەرنادات.
پێنجەم: جەختکردنەوە لەوەی دادگەی باڵای فیدراڵی یەکێکە لە پێکهاتەکانی دەسەڵاتی دادوەری، بە پشتبەستن بە بڕگەکانی مادەی (89)ـی دەستوور. هەروەها لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و پێکهاتەکانی دیکەی دەسەڵاتی دادوەریدا بەردەوام کاردەکات بۆ پتەوکردنی چەمکی دادپەروەری و رێزگرتن لە حوکمەکانی دەستوور و یاساکان.
شەشەم: جەختکردنەوە لەسەر هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە رێگەی کردنی سیمیناری راوێژکاری و گفتوگۆ لەگەڵ شارەزایان و مامۆستایانی یاسای دەستووری، بەمەبەستی پەرەپێدان بە کارە دەستوورییەکانی دادگە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ