وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق: زەمینەی گەڕانەوەی 13000 خێزانی ئاوارەی سەعدیە لەبار نییە

07-09-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقی لەبارەی گەڕانەوەی 13000 خێزانی ئاوارەی ناوچەی سەعدیە وەڵامی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەداتەوە و دەڵێت، زەمینەکە لەبار نییە بۆ گەڕانەوەیان و پێویستیان بە دابینکردنی خزمەتگوزارییە.
 
عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رۆژی 7ی ئەیلوولی 2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "گەڕانەوەی ئاوارەکانی ناوچەی سەعدیە، گرێدراوە بە لەباریی هەلومەرجی ناوچەکە و دابینکردنی خزمەتگوزاریی وەک ئاو، کارەبا و خزمەتگوزاریی دیکە، تاوەکو خزمەتگوزارییەکان دابین نەکرێت، گەڕانەوەیان کارێکی دژوارە."
 
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێت، لیژنەیەک پێکهێندراوە لە پارێزگار و دەزگا خزمەتگوزارییەکانی دیالە بۆ دابینکردنی ئاو، کارەبا و پێویستییەکانی دیکە، هێزە ئەمنییەکانیش لەو بوارەدا هاوکارن.
 
نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆژی 9ی ئابی 2023 نووسراوی فەرمیی بۆ وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق کردووە لەبارەی ئاوارەکانی ناوچەی سەعدیە؛ لە نووسراوەکەدا، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق پابەند دەکات بە پێشکێشکردنی لێکۆڵینەوەیەک لەبارەی گەڕاندنەوەی 13000 خێزانی ناوچەی سەعدیەی سەر بە قەزای خانەقین لە پارێزگای دیالە، بەو پێیەی ئەوانە وردبینیی ئەمنییان بۆ کراوە و دەیانەوێت بگەڕێنەوە زێدی خۆیان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پارێزگای دیالە و داوا دەکات 20 رۆژ تێپەڕنەکات وەڵامیان بدرێتەوە.
 
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێت، ئەوەی پەیوەستە بە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانەوە ئاسانکاری و هاوئاهەنگیی گەڕانەوەی ئاوارەکان دەکەن، لیژنەکەیان کاری خۆیان کردووە و وەڵامی نووسراوەکەی سەرۆکوەزیرانیان داوەتەوە و راسپاردەی خۆی بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق بەرزکردووەتەوە. بەشێکیان لە دەرەوەی دەسەڵاتی وەزارەتەکەیانە، گرێدراوە بە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان.
 
عەلی عەباس، کە هاوکات بەرپرسی لقەکانە لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، جەخت لەوە دەکاتەوە، بیرۆکەکە هەر تەنیا گەڕانەوەی ئاوارەکان نییە، بەڵکو دەبێت ژینگەیەکی ئارام و سەقامگیر بڕەخسێت، سادەترین بنەماکانی ژیان فەراهەم بکرێن، وەکو ئاو، کارەبا و رێگەوبان کە ئەمانە پێویستیی ژیانن.
 
لەبارەی ناسنامەی ئاوارەکان، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، "ئاوارەکانی سەعدیە زۆربەیان لە هەرێمی کوردستانن بەتایبەتی لە کەلار و سلێمانی. هەروەها لە سنووری خانەقین و سنووری پارێزگای دیالە بڵاوبوونەتەوە و زۆربەیان عەرەبن."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە