رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بەشی دادپزیشکی لە تەندروستیی نەینەوا رایگەیاند، لەدوای رزگارکردنی موسڵەوە تاوەکو ئێستا دۆزینەوەی تەرم لەژێر داروپەردووی خانوو و باڵەخانە رووخاوەکان بەردەوامە، هەفتانەش بەرگریی شارستانیی شارەکە 7 - 8 تەرم دەدۆزنەوە و رادەستیان دەکەن.
دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە شەش ساڵ بەسەر کۆنترۆڵکردنەوەی شاری موسڵ، ناوەندی پارێزگای نەینەوا، لەدەست چەکدارانی داعش لە 10ی تەممووزی 2017دا، بەڵام تائێستا دۆسیەی رووفاتەکانی ئەو شارە کۆتایی نەهاتووە.
شەهد عارف حامد، بەڕێوەبەری بەشی دادپزیشکی لە تەندروستیی نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە ساڵی 2017وە فەرمانگەی دادپزیشکی لە بەری راستەوە چووەتە بەری چەپی شاری موسڵ، تیمەکانی بەرگریی شارستانی رووفات و تەرمەکانیانیان بۆ دەنێرن، بەڵام بەراورد بە رابردوو ژمارەکە کەمی کردووە.
بەڕێوەبەری بەشی دادپزیشکی لە تەندروستیی نەینەوا ئاشکرای کرد، لە سەرەتای رزگارکردنی موسڵ لە ناوچەی موسڵی کۆن، هەزار و 495 تەرم دۆزراونەتەوە. ژمارەی ئەو تەرم و رووفاتانەشی ناسراون و دۆزراونەتەوە لە 2017وە تائێستا 3749 تەرم و رووفاتن.
شەهد عارف حامد راشیگەیاند، لە ماوەی کەمتر لە مانگێک، نزیکەی 20 رووفات رادەستی دادپزیشکی کراون، هەفتانەش نزیکەی 7 - 8 رووفاتی نەناسراو لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە رادەستی دادپزیشکی دەکرێن.
بەڕێوەبەری بەشی دادپزیشکی لە تەندروستیی نەینەوا باس لەوە دەکات، پێویستیان بە هەڵمەتێکی نیشتمانییە بۆ وەرگرتنی سەمپلی خوێن لەو کەسانەی لەو رووداوانە کەسوکارەکانیان نادیارە، تاوەکو لەگەڵ رووفاتەکان پشکنین و هاوتا بکرێن بۆ ناسینەوەی رووفاتەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ