رووداو دیجیتاڵ
چەند تۆڕێکى بەقاچاخبردن و سپیکردنەوەى پارە لە رێگەى دراوى دیجیتاڵى لە چەند پارێزگایەکى عێراق ئاشکرا بوون و هێزە ئەمنییەکان دەستیانگرتووە بەسەر 300 ئامێرى دروستکردنى دراوى بیتکۆین دا.
یەکشەممە 7ى ئەیلوولى 2025، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا وردەکاریى هەڵوەشاندنەوەى ئەو تۆڕانەى بڵاوکردووەتەوە کە لە پێنج پارێزگاى جیاواز بوون.
ئەو دەزگایە ئاماژەى بەوەداوە، لە نەینەوا تۆڕێکیان هەڵوەشاندووەتەوە کە کاریان سپیکردنەوەی پارە و بەقاچاخبردنى دراو بووە لە رێگەی مامەڵەی دراوى دیجیتاڵى، لە پارێزگاى واستیش تۆڕێکى دیکەیان هەڵوەشاندووەتەوە کە تایبەت بوون بە ساختەکاری و فێڵکردنی دارایی بە ناوى مامەڵەکردن بە دراوە دیجیتاڵییەکان و پارەیان بۆ دەرەوەی عێراق گواستووەتەوە.
دەزگاى ئاسایشى نیشتمانیى عێراق راگەیاند، لە پێنج پارێزگا دەسیان گرتووە بەسەر 300 ئامێر کە بۆ دروستکردنى دراوى دیجیتاڵى بیتکۆین بەکار هاتوون و بەستراونەتەوە بە سیستمێکى ئینتەرنێتیى پێشکەوتوو.
پرۆسەى دروستکردن یان بەرهەمهێنانى بیتکۆین کە بە (ماینین) ناسراوە، بە ئامێرى کۆمپیوتەر دەکرێت.
بە گوێرەى دەزگاى ئاسایشى نیشتمانیى عێراق، تۆمەتبارێک لە پارێزگاى موسەننا دەستگیر کراوە کە مامەڵەى بە دراوى دیجیتاڵى کردووە و دانى بەوەدا ناوە کە زیاتر لە 500 ئامێرى دروستکردنى بیتکۆینى گواستووتەوە بۆ ناو عێراق و سەرپەشتیى کارکردنى ئەو ئامێرانەى کردووە لە شوێنى نهێنیدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ