رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە سبەی یەکەم دانیشتنی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی سکاڵای مامۆستایەکی زانکۆ دژی محەممەد شیاع سوودانی بەڕێوەبچێت. سکاڵاکار داوای کردووە، مووچەی فەرمانبەرانی عێراق زیاد بکرێت.
عەلی جەبار ئەزریجاوی، مامۆستای زانکۆی بەغدا سکاڵاکەی کردووە و داوا دەکات، سەرۆکوەزیران بە هەموارکردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق پابەند بکرێت.
بەگوێرەی خشتەی دانیشتنەکانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، بڕیارە سبەی چوارشەممە، 08-11-2023، دادگەکە بۆ تاوتوێکردنی سکاڵاکە کۆببێتەوە.
رۆژی سێشەممە، 07-11-2023، عەلی جەبار ئەزریجاوی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە لیستی فەرمانبەرانی عێراق جیاوازییەکی زۆر لە دوو رووەوە هەیە، یەکەمیان ئەوەیە جیاوازی لە لیستی مووچەخۆرانی یەک وەزارەت و دەستە هەیە، کە فەرمانبەر هەیە مووچەکەی زۆر کەمە و هەیە مووچەکەی زۆرە، هەروەها رووی دووەمی ئەوەیە جیاوازیی زۆر لەنێوان مووچەی فەرمانبەران لە وەزارەت و دەستەکان هەیە، فەرمانبەر هەیە لە وەزارەتێک جۆرێک لە مووچە وەردەگرێت لەڕووی بڕەوە زۆر جیاوازە لە مووچەی فەرمانبەرێکی دیکە لە وەزارەتێکی دیکە".
ئەو مامۆستایەی زانکۆ گوتیشی، "داوامان کردووە دادگەی فیدراڵی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە دەستکاریکردن و هەموارکردنەوەی لیستی مووچەی فەرمانبەران پابەند بکات و مووچەکان زیاد بکات، بەتایبەت ئەوانەی کە مووچەیان کەمە".
لە سکاڵاکەیدا، ئەو مامۆستایەی زانکۆ داوای ئەوەشی کردووە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پابەند بکرێت بە جێبەجێکردنی مادەکانی 14، 16 و 58ی یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2023، کە بە گوتەی سکاڵاکار ئاماژەی بۆ ئامادەکردنی خشتەی مووچە و دەرماڵەکانی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی و تایبەتی کردووە، جگە لەوەی داوای کردووە پابەند بکرێت بە جێبەجێکردنی راسپاردەکانی لیژنەی فەرمانی دیوانی ژمارە 24 و پێشنیازە یاسایەک بۆ هەموارکردنی خشتەی مووچەخۆران ئامادە بکرێت.
ژمارەی فەرمانبەرانى عێراق، بە هەرێمى کوردستانیشەوە، بەگوێرەی خشتەکە، چوار ملیۆن و 74 هەزار و 697 کەسە، کە لە 10 پلە و دوو پلە باڵای (ئـ) و (ب) پێکدێن.
زۆرترینیان لە وەزارەتى پەروەردەی عێراقن کە 963 هەزار و 949 فەرمانبەرن؛ دواتر وەزارەتى ناوخۆ دێت کە 704 هەزار و 446 فەرمانبەرى هەیە؛ وەزارەتى بەرگرى لە پلەى سێیەمدایە بە 453 هەزار و 951 فەرمانبەر؛ وەزارەتى تەندروستى لە پلەى چوارەمدایە بە 488 هەزار و 550 فەرمانبەر؛ دەستەى حەشدی شەعبیش کە 238 هەزار و 75 کارمەندى هەیە، لە پلەی پێنجەم دێت.
ژمارەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لەو خشتەیەدا بە 658 هەزار و 189 کەس دیاریکراوە؛ ئەو ئامارە لە ساڵی 2013 لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانەوە رادەستی بەغدا کراوە و نوێ نەکراوەتەوە، بەڵام ئاماری راستەقینەی فەرمانبەران زۆر جیاوازە.
مووچەی فەرمانبەرانی عێراق جیاوازیی زۆری هەیە، کەمترین مووچە 518 هەزار دەبێت و بەرزترین مووچە دەگاتە نۆ ملیۆن و 150 هەزار دینار، تێکڕای مووچەش یەک ملیۆن و 810 هەزار دینارە. 65%ـی فەرمانبەرانی عێراق لەنێوان یەک ملیۆن بۆ سێ ملیۆن و 80 هەزار دینار وەردەگرن. 20%یان لە ملیۆنێک و 200 هەزار دینار و کەمتر وەردەگرن، 10%یان لەنێوان سێ ملیۆن و 80 هەزارەوە بۆ سێ ملیۆن و 930 هەزار دینار وەردەگرن، 5%یشیان سێ ملیۆن و 930 هەزار دینار و زیاتر وەردەگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ