رووداو دیجیتاڵ
دەستەی گشتیی گومرگی عێراق رایگەیاند، داهاتیان بۆ ئەم ساڵ گەیشتووەتە 2.4 تریلیۆن دینار کە بە گوتەی خۆیان پێشتر ئەو بڕە داهاتە بەدەست نەهاتووە.
یەکشەممە 7ی کانوونی یەکەمی 2025، دەستەی گشتیی گومرگی عێراق لە راگەیێنراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، داهاتی بەدەستهاتوویان لە ئەم ساڵدا گەیشتووەتە دوو تریلیۆن و 400 ملیار دینار و بە گوتەی دەستەکە ئەو بڕە داهاتە پێشتر بەدەست نەهاتووە.
بەگوێرەی ئاماری دەستەی گشتیی گومرگی عێراق بۆ ساڵی 2024، بڕی داهاتی بەدەستهاتوویان دوو تریلیۆن و 131 ملیار دینار بووە. بەوپێیە داهاتى گومرگ ئەم ساڵ 269 ملیار دینار زیادی کردوو.
سامر قاسم داوود، بەڕێوەبەری دەستەکە رایگەیاند، زیادبوونی داهاتەکانیان پەیوەستە بە چەند رێکار و سیستمێکی نوێوە، لەوانە سیستمی (ئەسیکۆدا) بۆ یەکخستنی رێکارەکان و فراوانبوونی جێبەجێکردنی سیستمی بازرگانیی نێودەوڵەتی تیر (TER) کە وایکردووە جووڵەی بازرگانیی نێودەوڵەتی لە رێگەی عێراقەوە خێرا بێت.
سیستمی ئەسیکۆدا تایبەتە بە بەستنەوەی دەروازە سنوورییەکان بە لایەنە پەیوەندیدارەکان لەوەی پەیوەستە بە بازرگانی و سرووشتی کاڵاکان، و سیستمی تیر (TIR) تایبەتە بە تێپەڕینی باری بازرگانی بەبێ گلدانەوە لەناو سنووری عێراق.
بەگوێرەی ئاماری داهاتی 9 مانگی سەرەتای ئەم ساڵ، 91.1 تریلیۆن داهاتیان هەبووە کە 9.4 تریلیۆن دیناری نانەوتی بووە کە داهاتی گومرگ بەشێکە لێی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ