رووداو دیجیتاڵ
ئەم زستانەی عێراق و باشووری کوردستان، کورتترین زستان دەبێت بەراورد لەگەڵ دەیان ساڵی رابردوو، ئەمەش بەگوێرەی روانگەی "عێراقی سەوز" کە وەکو دەزگایەکی چاودێر کار دەکات.
روانگەکە ئاماژەی بەوە کردووە، هەرچەندە عێراق ماوەی چەند مانگێکە چووەتە وەرزی بارانبارینەوە، بەڵام کەشوهەواکەی وا نیشان نادات و ئەم زستانە کورتترین زستان دەبێت، چونکە هێشتا پلەکانی گەرما لە کاتەکانی نیوەڕۆدا بەرزن، لە کاتێکدا سەرماکە تووند نییە و تەنها لە کاژێرەکانی شەو و سەرەتای رۆژدا هەستی پێدەکرێت.
لە باشووری کوردستان و عێراق، بەگوێرەی ناوچەکان، زستان لە 21 یان 22ی کانوونی یەکەم، واتە ئەم مانگە، دەستپێدەکات و لە 20 یان 21ی ئادار، کۆتایی دێت.
روانگەی عێراقی سەوز رایگەیاندووە، کورتبوونەوەی وەرزی زستان یەکێکە لە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و جەختی لە پێویستیی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەم دیاردەیە کردەوە، بۆئەوەی وەرزەکانی ساڵ وەک جاران ئاسایی ببنەوە، کە پێشتر وەرزی سەرما لە تشرینی یەکەمەوە دەستیپێدەکرد و لە نیساندا کۆتایی دەهات. بەڵام ئێستا هاووڵاتییان تاوەکو ئەم ساتە هەستیان بە سەرماى تووندی زستان نەکردووە و پێشبینی دەکرێت زستان لە کۆتایی شوبات یان سەرەتای ئاداری داهاتوودا کۆتایی بێت.
روانگەکە دەشڵێت، نیگەرانییەک لەلای هاووڵاتییان هەیە کە لەوانەیە لە ساڵانی داهاتوودا وەرزی زستان نەمێنێت، یان کەشوهەواکەی گەرم بێت، لەبەرامبەردا وەرزی هاوین درێژتر ببێتەوە و هەموو ساڵێک لە مانگی نیسانەوە دەستپێبکات و تاوەکو تشرینی یەکەم بەردەوام بێت.
هاری ئیستیڤانیان، بەڕێوەبەری ناوەندی گۆڕانی کەشوهەوا لە عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، گۆڕانی کەشوهەوا هۆکاری سەرەکیی تێکچوونی سیستمی وەرزەکانە.
ئیستیڤانیان رۆژی شەممە لەکاتی بەشداربوونی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال)دا گوتی، "ئێمە وشکەساڵیمان بینی لە کاتێکدا دەبوو وەرزەکە باراناوی بێت بۆ عێراق، بەڵام بەداخەوە رووی نەدا."
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا لە بارەی رەوشی ژینگە و کاریگەرییەکانی لەسەر هاووڵاتییانی عێراق باسی لەوە کردووە ساڵی 2050، رێژەی رۆژە زۆر گەرمەکانی ساڵ دەگاتە 44٪، واتە نزیکەی نیوەی ساڵ، کەشوهەوا گەرم دەبێت، ئەگەر دەردانی گازە گەرمکەر و زیانبەخشەکان بەم رەوتە بەردەوام بێ.
هەروەها تاوەکو ساڵی 2050، مردن بەهۆی گەرماوە هێندە زۆر دەبێت کە دەگاتە 40 هێندەی ئەو کەسانەی لە ماوەی نێوان ساڵانی 1961 تاوەکو 1990، ساڵانە بەهۆی گەرماوە مردوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ