رووداو دیجیتاڵ
دادگەى فیدراڵیی عێراق بۆ تاوتوێکردنى سکاڵایەک کۆدەبێتەوە کە لە دژى بڕیارێکى حکومەتى فیدراڵى تۆمارکراوە لەبارەی ناردنى دوو ترلیۆن و 100 ملیار دینار بە قەرز بۆ هەرێمى کوردستان. بەگوتەى یاساناسێک، "ئەگەر زۆرە سکاڵاکە رەتبکرێتەوە."
ئەمڕۆ دووشەممە، 8ـی کانوونى دووەمى 2024، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق، بۆ تاوتوێکردنى سکاڵایەک لە دژى ناردنى سێ گوژمەى قەرز بۆ هەرێمى کوردستان کۆدەبێتەوە. سکاڵاکە لەلایەن مستەفا سەنەد، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە لە دژى سەرۆکوەزیرانى عێراق تۆمارکراوە و تێیدا داوای کردووە، دادگەکە بڕیارێکی حکومەتی عێراق بە نادروست بزانێت.
17ـی ئەیلوولی 2023، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاریدا دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار بە قەرز بداتە هەرێمى کوردستان بۆ مووچەی فەرمانبەران و بە سێ گوژمەى 700 ملیار دینارى ئەو پارەیەى نارد کە بڕیارە لە پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى 2024 ببڕدرێت.
یاساناس ئازاد دۆسکى، بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "ئەگەر زۆرە ئەو سکاڵایە رەتبکرێتەوە لەبەرئەوەى پێشتر دادگە داوایەکى سکاڵاکەرەى رەتکردووەتەوە بۆ ئەوەى بڕیارێکى کاتیی دەربکات بۆ راگرتنى ناردنى ئەو قەرزانە بۆ هەرێمى کوردستان."
21ـی ئەیلوولى 2023، دادگەى باڵاى فیدڕاڵى داوایەکى مستەفا سەنەدى رەتکردەوە کە تێیدا داوای کردبوو ئەو بڕە پارەیە بە قەرز نەدرێتە هەرێمى کوردستان.
ئازاد دۆسکى دەڵێت، "یەکێکى دیکە لە هۆکارەکانى ئەگەرى رەتکردنەوەى ئەو سکاڵایە ئەوەیە ئەو قەرزە کە دەدرێتە هەرێمى کوردستان سوودى دەچێتە سەر و لە بەرژەوەندیی حکومەتى عێراقە نەک لە زیانى بێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ