رووداو دیجیتاڵ
کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە گۆڕانکارییان بەسەردێت، کوردێک دەبێتە بەربژێری دەرچوو، بەمەش دەبێتە تاکە ئەندامی کورد لە ئەنجوومەکە؛ بەڵام بەربژێری شیعەکانە.
بەپێی نووسراوێک کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن، رۆژی 07-01-2024 بڕیاری لەبارەی تانەی بەربژێر سالم عەباس عەبدوڵڵا، بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە داوە سەبارەت چۆنییەتی دابەشکردنی کورسییەکانی کۆتای ژنان لەنێو لیستە براوەکانی ئەنجوومەکەدا لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق.
وەک دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن ئاماژەی بۆ کردووە کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە 15 کورسییە 11یان بۆ پیاو و 4یان بۆ ژنە، دابەشکردنی کورسییەکانی کۆتای ژن دەبێت لە ژێر رۆشنایی زۆرترین دەنگی بەدەستهاتووی نێو لیستەکاندا بێت، بەم شێوەیە دەریا خەیروڵڵارەشید ئەسەد ئەرکوازی لە هاوپەیمانیی ئەساسی عێراق، زۆرترین دەنگی نێو بەربژێرەکانی ژنی بەدەستهێناوە کە 3291 دەنگە، بەم شێوەیە دوایین کورسی کۆتای ژنان لە نێو بەربژێرەکانی لیستە براوەکان بۆ ئەو بێت. هەروەها هاوپەیمانیی ئیستیحقاق دیالە دوو بەربژێرە براوەکەی پیاو دەبن.
بەپێی راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن هاوپەیمانیی ئەساسی عێراق بە سەرۆکایەتی موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە یەک کورسی هێناوە، کە سەباح مەهدی سەلمان زینی تەمیمی بوو بە 10618 دەنگ، بەپێی بڕیاری دەستەی دادوەری هەڵبژاردن کورسییەکەی هاوپەیمانی ئەساسی عێراقی بۆ کۆتای ژن دەبێت، بەوەش سەباح تەمیمی لە لیستەکەدا دابەزێت و لە شوێنی دەریا خەیروڵڵارەشید ئەسەد ئەرکوازی هەر لەنێو هاوپەیمانی ئەساس شوێنی دەگرێتەوە.
سەبارەت بە هاوپەیمانیی ئیستحقاقی دیالە، لەکاتی راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن، هەریەک لە رەشاد خالید جیهاد کازم تەمیمی بە 9925 دەنگ و مائیسە عەبدرەزا داودی بە 718 دەنگ وەک کۆتای ژن لە هاوپەیمانیی ئیستیحاقی دیالە وەک سەرکەوتوو راگەیێندران، بەڵام بەپێی بڕیاری دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن بێت، مائیسە داودی وەک کۆتای ژن نامێنێت و لە شوێنەکەی سالم عەباس عەبدوڵڵا خەلەف تەمیمی بە 7381 دەنگ دەبێتە بەربژێری براوە لە شوێنی مائیسە هەر لەنێو هاوپەیمانیی ئیستیحقاقی دیالە، بەمەش تاکە کورسییەکەی هاوپەیمانی ئەساس، کورسی کۆتای ژن دەبێت بۆ دەریا خەیروڵڵا رەشید ئەسەد ئەرکوازی.
لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە سێ لیستی کوردستانی بەشداربوون؛ یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، تەنیا یەکێتی بە 28,648 دەنگ توانی بەربژێرێک سەربخات بۆ ئەنجوومەنەکە، ئەویش عەرەبە بە ناوی ئەوس ئیبراهیم مەهداوی کە 4181 دەنگی لەنێو لیستەکەی یەکێتی هێنا بوو.
سۆزان مەنسوور، تاکە نوێنەری کورد لە خانەقین لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی دووشەممە 08-01-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دەریا خەیروڵڵا کوردە و خەڵکی خانەقینە، بەڵام هیچ پەیوەندییەکی بەلایەنە کوردستانییەکانەوە نییە و لەسەر لیستی لایەنێکی شیعە خۆی بەربژێر کردبوو.
سۆزان مەنسوور، کە هاوکات گوتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە لە پەرلەمانی عێراق جەختی لەوەکردەوە، ئەو گۆڕانکارییە هیچ کاریگەرییەک لەسەر کورسیەکەی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دروست ناکات لە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە.
ژمارەی کورسی و دەنگی لایەنەکان لە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە
- دیالەتونا وەتەنى: 107,554 دەنگ؛ چوار کورسی
- تەقەدووم: 79,934 دەنگ؛ سێ کورسی
- سیادە: 73,890 دەنگ؛ سێ کورسی
- عەزم: 44,061 دەنگ؛ یەک کورسی
- ئیستحقاقى دیالە: 44,195 دەنگ؛ دوو کورسی
- هاوپەیمانى ئەساس: 29,961 دەنگ؛ یەک کورسی
- یەکێتی: 28,648 دەنگ؛ یەک کورسی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ