لە دژى نەناردنى پشکى بودجەى هەرێمى کوردستان، لە دادگەى فیدراڵى سکاڵا تۆمار دەکرێت

08-01-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

پارێزەرێک لە دادگەى باڵاى فیدراڵى سکاڵایەک لە دژى جێبەجێنەکردنى مادەیەکى یاسای بودجەى گشتیى عێراق تۆمار دەکات کە تایبەتە پشکى بودجەى هەرێمى کوردستان. ئەو پارێزەرە دەڵێت: "نەناردنى پشکى هەرێمى کوردستان پێچەوانەى بڕگەیەکى مادەى 121ى دەستوورە کە دەبێت هەرێم و پارێزگاکان پشکێکى دادپەروەرانەیان لە داهاتى فیدراڵى هەبێت." 
 
رۆژی دووشەممە، 8ـی کانوونی دووەمی 2024، پارێزەر ئازاد دۆسکى، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "لە دادگەى باڵاى فیدراڵى سکاڵایەک لەبارەى مادەى 12ى یاساى بودجەى گشتى تۆمار دەکات کە تایبەتە بە پشکى هەرێمى کوردستان. 
 
بەگوێرەى بڕگەى دوو لە یاساى بودجەى گشتى، دەبێت وەزارەتى دارایی فیدراڵى شایستەى دارایی هەرێمى کوردستان بنێرێت و لە هەژمارێکى بانکى حکومەتى هەرێمى کوردستان دابنرێت.
 
ئازاد دۆسکى گوتى: "سکاڵاکە لەسەر ئەو بنەمایەیە کە نەناردنى پشکى هەرێمى کوردستان لە دژى بڕگە دووى مادەى 121ى دەستوورى عێراقە، کە دەڵێت پێویستە داهاتى عێراق بەشێوەیەکى دادپەروەرانە دابەش بکرێت بەسەر هەرێم و پارێزگاکاندا".
 
لە بڕگە سێى مادەى 121ى دەستووردا هاتووە، دەبێت پشکێکى دادپەروەرانە لە داهاتەکاتە فیدراڵییەکان تەرخان بکرێت بۆ هەرێم و پارێزگاکان لەپاى بارگرانى سەرشان و بەرپرسیاریێتییەکانى هەرێم و پارێزگاکان، بە لە بەرچاوگرتنى داهات و پێداوستییەکان و ژمارەى دانیشتووانیان.
 
ئەو پارێزەرە ئاماژەى بەوەدا، کۆتایی ئەم هەفتەیە یان سەرەتاى هەفتەى داهاتوو لە دادگەى باڵاى فیدراڵى بە فەرمى سکاڵاکە تۆمار دەکات. 
 
پشکى هەرێمى کوردستان لە یاساى بودجەى گشتى عێراق نزیکەى 16 تریلیۆن دینارە بۆ ساڵێک، لەبەرامبەر رادەستکردنى 400 هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانە.
 
لە ساڵى 2023 بە چەند گوژمەیەک بەغدا چوار تریلیۆن و 698 ملیار دیناری بۆ هەرێمى کوردستان ناردووە، کە دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینارى بە قەرزە و لەگەڵ پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى 2024 پاکتاو دەکرێت.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە