رووداو دیجیتاڵ
لە رێگەی کورتەنامەیەکی مۆبایل، راپرسییەک لەبارەی مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق دەکرێت، بەڵام بەرپرسێکی ئەو سەنتەرەی کە گوایە راپرسییەکە دەکات دەڵێت، "ئێمە نین و سکاڵا تۆمار دەکەین".
"هاووڵاتی بەڕێز.. ئایا لەگەڵ بەردەوامبوونی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق؟"، ئەمە ئەو نامەیە کە بەناوی سەنتەری عێراق بۆ پێوانەکردنی رای گشتی لە رێگەی مۆبایلەوە بۆ بەشێک لە خەڵکی رەوانە کراوە، بەتایبەتی دانیشتووانی نێوەڕاست و باشووری عێراق. نامەکە لینکێکی لە خۆگرتووە تاوەکو لەوێوە رای خۆیان بدەن.
حەسەن شەممەری، ئەندامی سەنتەری عێراق بۆ پێوانەی رای گشتی، رۆژی دووشەممە 08-01-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "چەندین کەس لەبارەی ئەم نامە پەیوەندیان پێوەکردووین، بەڵام ئێمە هیچ پەیوەندییەکمان بەم نامە و راپرسییە نییە و نازانین کێ ئەو کارەی کردووە".
حەسەن شەممەری گوتیشی، "کاری ئێمە زیاتر راپرسییە بۆ خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان، نەک کاری لەم شێوەیە، تەنیا کارمان ئۆنلایەنە و پەیجێکمان لە سۆشیال میدیا هەیە نەک باڵەخانە، بۆیە لەسەر ئەو کارە لە دادگە سکاڵای یاسایی تۆمار دەکەین".
رۆژی یەکشەممە 07-01-2024 حەیدەر محیاوی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "70 واژۆ بۆ بڕیاری پابەندکردنی حکومەتی عێراق بە دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کۆکراوەتەوە. چونکە پێویستمان بە هێزەکانی هاوپەیمانان نییە."
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی عێراق کە پەرلەمانتاری فراکسیۆنی "عەقدی نیشتمانی"یە بە سەرۆکایەتی فالح فەییاز، روونیدەکاتەوە، "لە ساڵی 2008 ئەزموونێکمان هەبوو بۆ دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا لە خاکی عێراق و بەکردەیی رێککەوتن کرا و لە ساڵی 2011 هەموو هێزەکانی ئەمریکا دەرچوون، لە ساڵی 2014 دوای دەرکەوتنی داعش، هێزەکانی عێراق پشتیان بە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەست کە لەژێر ناونیشانی هێزەکانی دژە تیرۆردان، دوای تەواوبوونی ئەو پڕۆسانە، پێویستی بەو هێزانە نەماوە، ئەمڕۆ ئێمە لەگەڵ حکومەتی عێراق رژدین لەسەر دەرچوونی سەرجەم هێزەکانی ئەمریکا و بیانییەکان، عێراق توانای بەرگریکردنی لە خۆی و پاراستنی سەروەری و خاکەکەی هەیە."
لەبارەی بۆچوونی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراق لەسەر بڕیارەکە و کۆکردنەوەی واژۆ بۆ دەرکردنی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا، حەیدەر محیاوی، باسی لەوەشکرد، "سەرجەم فراکسیۆنەکانی شیعە بە هەموو پێکهاتەکانیەوە و شەقامی شیعەش یەکدەنگە لەسەر دەرکردنی ئەو هێزانە."
رۆژی 5-01-2020 دوو رۆژ دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران و ئەبوو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا، پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری دا، کۆتایی بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بهێنێت، بەڵام حکومەتی عێراق هێشتا بڕیارەکەی پەرلەمانی جێبەجێ نەکردووە.
دوای کوشتنی ئەبوو تەقوا، بەرپرسی سەربازیی بزووتنەوەی نوجەبای سەر بە حەشدی شەعبی و جێگرەکەی لەلایەن ئەمریکا لە رۆژی 4ی ئەم مانگە، جارێکی دیکە دەرکردنی هێزەکانی بیانی لە عێراق بووەتە رۆژەڤی شەقامی شیعە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ